دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  روقییەى كچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

دایكی ناوى خەدیجەى كچی خوەیلیدە، دایكى باوەڕداران و ژنی پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم)، یەكەم كەس بوو باوەڕی هێنا بە پێغەمبەرایەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئافرەتێكی دەوڵەمەند بوو كە سامانەكەى بۆ خزمەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەكارهێنا، دایكى هەموو منداڵەكانى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو جگە لە ئیبراهیم كە لە ماریە لەدایك بوو،[1] چاكترینی ئافرەتانى بەهەشتە،[2] سێ ساڵ پێش كۆچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ مەدینە كۆچی دوایی كرد.[3]

براكانى روقییە بریتی بوون لە قاسم كە برا گەورەى بوو، طهیب، طاهیر، عەبدوڵا،[4] برایكى تری هەبوو بە ناوى ئیبراهیم كە لە سەرى باوكیەوە بوو و دایكیان جیا بوو، ئیبراهیمیش لە ساڵی هەشتەمى كۆچیدا لەدایك بوو و پاش هەژدە مانگ هەر بە منداڵی كۆچی دوایی كرد،[5] جا هەموو كوڕەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە خەدیجەوە پێش دابەزینی سروش وەفاتیان كرد، بەڵام كچەكانى مانەوە تا ئیسلام هات و باوەڕیان هێنا بە ئیسلام و لەگەڵ باوكیان كۆچیان كرد بۆ مەدینە.[6]

سەبارەت بە خوشكەكانى

زەینەب خوشكی گەورەى روقییە و كچە گەورەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، بەڵام لە ساڵی هەشتەمى كۆچیدا وەفاتى كرد.[7]

ئومموكلثوم كە لە روقییە بچووكتر بوو و دواى مردنى روقییەى خوشكى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوى لە عوثمانى كوڕی عەففان مارە كرد، بەڵام ئەمیش لە ساڵی نۆى كۆچیدا وەفاتى كرد و باوكى (پێغەمبەرى ئازیز(صلى الله عليه وسلم)) نوێژی لەسەر كرد.[8]

خوشكێكی ترى هەبوو ناوى فاطيمهى كچی موحەممەدى كوڕی عەبدوڵا بوو، كچی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و[9] گەورەى ژنانى بەهەشت[10] و دایكی دوو رەیحانە و خۆشەویستەكەى پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم)،[11] یەكەم كەسی ناو بنەماڵەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو كە دواى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد.[12]

سەبارەت بەوەى ئایا كچەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كامیان گەورەتر بوون، یەكدەنگى هەیە كە زەینەب كچە گەورە بووە، دواتر راجیایی هەیە، رایەك دەڵێت فاطيمه كچە بچووك بووە، رایەك دەڵێت: روقییە كچە بچووك بووە، رایەكیش دەڵێت بەڵكو ئومموكلثوم كچە بچووك بووە.[13]

روقییە هاوسەری كوڕێكی ئەبوو لەهەب بوو كە ناوى عوتبە بوو، ئەمەش پێش ماوەى پێغەمبەرایەتى بوو، بەڵام كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سروشی بۆ هات و ئەبوولەهەب دژایەتى كرد، فەرمانى كرد بە كوڕەكەى تا روقییە تەلآق بدات، ئەوكات هێشتا روقییە نەگوازرابوویەوە، ئەوەبوو تەلآقی دا، دواتر عوثمانى كوڕی عەففان روقییەى بەهاوسەر گرت و لەگەڵیدا خۆشی و ناخۆشیەكانى بەشكرد، پێكەوە كۆچیان كرد بۆ حەبەشەو پێكەوە گەڕانەوەو كۆچیان كرد بۆ مەدینەو لە مەدینەش تا وەفاتى روقییە عوثمان هەر لە لاى روقییە بوو.[14]

كاتێك عوثمان و روقییە كۆچیان كرد بۆ حەبەشە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ماوەیەك هەواڵی ئەوانى نەزانى، هەوڵی دەدا هەواڵیان بزانێت، ئەوەبوو ئافرەتێك هات بۆ لاى و هەواڵی عوثمان و روقییەى پێ بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (إن عثمان أول من هاجر إلى الله بأهله بعد لوط[15] ( عوثمان یەكەم كەسە دواى پێغەمبەر لووط لەپێناو خوادا بە خۆی و ژنیەوە كۆچی كردبێت).

روقییە لە عوثمانى كوڕی عەففان كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا، بەڵام ئەو كوڕەی مرد و ئیتر دواى ئەوە روقییە منداڵی تری نەبوو،[16] عەبدوڵاى كوڕی تەمەنى گەیشتبوویە شەش ساڵان كە كەڵەشێرێك دەنووكى دا لە دەموچاوى و مرد.[17]

 

كۆچی دوایی روقییە:

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەرچوو بۆ غەزاى بەدر روقییە نەخۆش بوو، بۆیە عوثمانى كوڕی عەففان لاى روقییەى خێزانى مایەوە، ئەو رۆژەى زەیدی نێردراوى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە موژدەوە هاتەوە بەرەو مەدینە تا هەواڵی سەركەوتنى بەدر بدات، روقییە كۆچی دوایی كرد.[18]

مانەوەى عوثمان لاى روقییەو نەچوونى بۆ غەزاى بەدر بە فەرمانى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو.[19]

كاتێك عوثمان و هاوەڵان سەرقاڵی ئەسپەردەكردنى تەرمى روقییە بوون، عوثمان دەنگێكی الله أكبرى بیست، وتى ئەی ئوسامە ئەوە چیە، كە تەماشایان كرد زەیدى كوڕی حارثهیە لەسەر وشترەكەى پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم) و هەواڵی شكستى بێباوەڕانى پێیە.[20]

كاتێك روقییە وەفاتى كرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (الحقي بسلفنا عثمان بن مظعون)، (پەیوەست بە بە پێشینمان عوثمانى كوڕی مەظعوون)، پێشتر كە عوثمانى كوڕی مەظعوون وەفاتى كردبوو، ژنەكەى وتى بەهەشتت لێ پیرۆز بێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە توورەییەوە تەماشای كرد و فەرمووى:  تۆ چووزانیت؟ ئەویش وتى ئەو سوارچاك و هاوەڵی تۆ بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  (سوێند بەخوا نازانم چی پێ دەكرێت)، ئیتر هاوەڵان ئەوەیان زۆر لەسەر سەخت بوو كە چۆن پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ عوثمان واى فەرموو، بەڵام كاتێك روقییە مرد و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوەى فەرموو ئیتر هاوەڵان تێگەیشتن.[21]

ژنان بۆ مەرگى روقییە دەگریان و عومەرى كوڕی خەتتابیش رێگرى دەكرد لێیان، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  وازبێنە ئەى عومەر، پاشان فەرمووى:  (إياكن ونعيق الشيطان، فإنه مهما يكون من العين والقلب فمن الرحمة، وما يكون من اللسان واليد فمن الشيطان)، (خۆدوور بگرن لە قیژەى شەیتان، چونكە تا لە چاو و دڵەوە بێت ئەوە لە رەحم و سۆزەوەیە، ئەوەش لە زمان و دەستەوە بێت ئەوە لە شەیتانەوەیە)، فاطيمهى خوشكی لە كەنارى گۆڕى روقییەوە بۆ روقییەى خوشكی دەگریا، پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) بە لایەكى جلەكەى فرمێسكی چاوانى فاطيمهى دەسڕی.[22]

لەبەرئەوەى كاتێك روقییە وەفاتى كرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە بەدر بوو، دیارە ئەو رووداوانە دواى هاتنەوەى بووە لە بەدر.



[1] - أسد الغابة، ج7، ص 88-92.

[2] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 2571، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 2659، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 18826، صحيح ابن حبان، الرقم 7120، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8080، المستدرك على الصحيحين، الرقم 3771، صححه الذهبي في التلخيص، كما صححه شعيب الأرناؤوط، كما صححه الألباني في سلسلة الأحاديث الصحيحة، الرقم 1508.

[3] - أسد الغابة، ج7، ص 95.

[4] - البداية والنهاية لابن كثير، ج2، ص 294.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 172.

[6] - أسد الغابة، ج7، ص 91.

[7] - أسد الغابة، ج7، ص 144.

[8] - أسد الغابة، ج7، ص 421.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 19.

[10] - صحيح البخاري، الرقم 3446.

[11] - صحيح البخاري، الرقم 3564، صحيح ابن حبان، الرقم 7079، سنن الترمذي، الرقم 3788، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8258،  مسند أحمد بن حنبل، الرقم 5753، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 5606، مسند الطيالسي، الرقم 2025، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2815.

[12] - صحيح البخاري، الرقم 4179،  صحيح مسلم، الرقم 4590.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 648.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 648-649.

[15] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 141.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 648-649.

[17] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 251.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 649.

[19] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 347.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 649.

[21] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 8193، مسند الطيالسي، الرقم 2807.

[22] - مسند الطيالسي، الرقم 2807، قال الذهبي هذا منكر.

 1338
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.