دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (عوەیمیر) بووە

عوەیمیرەى كچی عوەیم (رضي الله عنها)

ناوى عوەیمیرەى كچی عوەیمە، لە پشتیوانانەو چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[1]

عوەیمیرى كوڕی عامیر (رضي الله عنه)

ناوى عوەیمیری كوڕی عامیر یان كوڕی مالیك یان كوڕی ثهلەبەیە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، كونیەكەى ئەبوودەردائە، پێش موسڵمانبوونى سەرقاڵی كارى بازرگانى بوو، دواتر وازى لێهێنا، لە رۆژی غەزاى بەدردا موسڵمان بوو، دواتریش لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد و رۆڵی كاراى تێدا بینی، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (عوەیمیر سوارێكی زۆر چاكە).[2]

عوەیمیر لە پێش موسڵمانبوونى لە ماڵەوە بتێكی هەبوو كە پەڕۆیەكى بەسەردا دەدا، عەبدوڵاى كوڕی رەواحەش بانگهێشتى عوەیمیری دەكرد بۆ ئیسلام، بەڵام ئەو موسڵمان نەدەبوو، جارێك عەبدوڵا چوو بۆ ماڵەوە دەبینێت عوەیمیر لە ماڵەوە نیە، لە ژنەكەى هەواڵی پرسی، ئەویش وتى چوویە دەرەوە، عەبدوڵا چوویە ژوورى بتەكەی و بتەكەى پارچەپارچە كرد، ژنەكەشی گوێی لێ بوو كە عەبدوڵا بتەكەى دەشكاند، وتى كوڕی رەواحە ماڵوێرانت كردین، ئینجا عەبدوڵا چوویە دەرەوە، عوەیمیر هاتەوە ماڵەوەو بینی ژنەكەى دانیشتووە دەگری، وتى چی بووە؟ ئەویش وتى عەبدوڵاى برات هات و بتەكەى شكاند، عوەیمیر زۆر تووڕە بوو و دواتر بیری كردەوەو وتى جا ئەو بتە سوودی هەبوایە بەرگری لە خۆی دەكرد، ئەوەبوو هاودەم بە عەبدوڵاى براى چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوو.[3]

عوەیمیر دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە خیلافەتى عومەردا موعاویەی والى شام ئەوی كرد بە دادوەری دیمەشق، لە خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا كۆچی دوایی كرد.[4]

عوەیمیری عەجلانى (رضي الله عنه)

ناوى عوەیمیری كوڕی ئەبیەضى عەجلانیە، جارێك عوەیمیر چوو بۆ لاى عاصیمی كوڕی عەددى و وتى راتان چیە لەگەڵ پیاوێك بڕواتەوە ماڵ و ببینێت پیاوێ لەگەڵ ژنەكەیەتى؟ ئایا بیكوژێت و ئێوەش بیكوژنەوە، یان چی بكات؟ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەو بارەوە پرسیارم بۆ بكە، عاصیمیش چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پرسیاری لێكرد، ئەویش مەسەلەكەى پێ خۆش نەبوو، عوەیمیر وتى عاصم چیت كرد؟ ئەویش وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەزى بە مەسەلەكە نەكرد، دواتر عوەیمیر وتى بەخوا خۆم پرسیار لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەكەم، بۆیە چوو و پرسیارى كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)،پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (خواى گەورە سەبارەت بە تۆ و هاوەڵەكەت ئایەتى دابەزاند)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد مولاعەنە پەیڕەو بكات، دواتر عوەیمیر وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەگەر ئەو ئافرەتە بهێڵمەوە ستەمى لێدەكەم، بۆیە ژنەكەى تەلآق دا، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بزانن ئەگەر ئافرەتەكە منداڵێكی رەشەلآنەى چاو گەورەو چاورەشی سمت گەورەى ران و بازوو پڕی بوو ئەوە عوەیمیر راستی وتووە، ئەگەریش منداڵێكى سووركەلآنەى بوو ئەوە واى دەبینم عوەیمیر درۆی كردووە بەرامبەری)، ئەوەبوو كە منداڵەكەى بوو وا دەرچوو كە عوەیمیر راستی وتبێت.[5]



[1] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج8، ص 43.

[2] -الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 747.

[3] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5422، حذفه الذهبي من التلخيص.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 747.

[5] - صحيح البخاري، الرقم 4475.

 1149
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.