دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەبانى موحاریبی(رضي الله عنه):

تێكەڵ بوونێك هەیە لەنێوان ئەبانى عەبدی و ئەبانى موحاریبی و لە كتێبی (أسد الغابة)دا ئیبنولئەثير بە جیا باسكراون، هەرچەندە هەمان ئەو بۆچوونەشی هێناوە كە دەڵێت هەردووكیان یەك كەسن، سەبارەت بە ئەبانى عەبدی تەنها ئیبن مندە هێناویەتى و دەڵێت یەكێك بووە لەو كەسانەى وەك وەفد هاتون بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، هەمان ئەم چوونە بە وەفد لە ژیانى ئەبانى موحاریبیشدا هەیە، هەروەها لە (أسد الغابة)شدا هاتووە كە عەبدى هەر موحاربیە، موحاربیش لقێكە سەر بە خێڵی عەبدولقەیس، ئەمەش رەچەڵەكى ئەو لقەیە (موحاریبی كوڕی عەمرى كوڕی وەدیعەى كورى لوكەیزی كوڕی ئەفصاى كوڕی عەبدولقەیس).[1]

هەروەها لە (الإصابة) شدا هاتووە ئەبانى موحاریبی پێیشی دەوترێ ئەبانى عەبدى.[2]

ئەم هاوەڵە سەر بە هۆزى عەبدولقەیسە و ناوى لەناو هاوەڵانى دانیشتووى بەصرەدا هاتووە،[3]  ئەم هۆزە بە ئاشتى موسڵمان بوون و بە وەفد هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا موسڵمانبوونى خۆیان رابگەیەنن،[4] ئەبانیش لەو وەفدەدا بوون،[5] كاتێ ئەو وەفدە هاتن بەرەو مەدینە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەو وەفدە كێن؟ یان ئەو قەومە كێن؟ وتیان رەبیعە، فەرمووى (مرحبا بالقوم-أو بالوفد- غیر خزایا ولا ندامى) واتە (مەرحەبا لەو قەومە -یان فەرمووى لەو وەفدە- دووربن لە سەرشۆڕی و پەشیمانى)،[6] مەبەستى ئەوەبوو بە ناچارى موسڵمان نەبوون.

لە گێڕانەوەكەى ئیمامى ئەحمەددا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (خوایە لە –هۆزى-عەبدولقەیس خۆش بە كە بە ویستى خۆیان بێ زۆر لێكردن موسڵمان بوون...) پاشان بە رووى گەشەوە رووى كردە قیبلە و فەرمووى (چاكترینی خەڵكى رۆژهەلآت عەبدولقەیسن).[7]

دواتر وەفدەكە هاتنە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و حاڵی خۆیان باسكردو وتیان ناتوانن جگە لە مانگە حەرامەكان (ئەو مانگانەى جەنگ تیایاندا قەدەغەیە) بێن بۆ خزمەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، چونكە بێباوەرانى موضهرى لەسەر رێگەكەیانن و رێیان پێ دەگرن، بۆیە داوایان كرد چی گرنگە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێیان بڵێت تا بیگەیەنن بە هۆزەكەیان و بەو شتانەش بچنە بەهەشت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێكردن بە چوار شت و رێگرى لێكردن لە چوار شت، فەرمانى پێكردن (بە بڕوابوون تەنها بە خوا) فەرمووى ئەزانن بڕوابوون تەنها بە خوا چیە؟ وتیان خوا و پێغەمبەرەكەى (صلى الله عليه وسلم) زاناترن، فەرمووی (شایەتى بدەن هیچ پەرستراوێ نیە جگە لە الله و موحەممەدیش نێردراوى خوایە)، هەروەها فەرمانى پێكردن نوێژ بكەن و زەكات بدەن و رۆژووى مانگى رەمەزان بگرن، لە دەستكەوتیش پێنج یەك بدەن،....)[8]دەقی فەرموودەكە لە صەحیحی بوخاریدا هاتووە.

ئەبان لەو ماوە كورتەدا كە لە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، زۆر لە كردارو گوفتارى ئەو پێشەوایە ورد دەبوویەوە تا زۆرترین سوودى لێ وەربگرێت، ئەوەتا باس لەوە دەكات لەو ماوەدا پێغەمبەرى (صلى الله عليه وسلم) دیوە كە نزاى كردووە و سپیایی بن باڵی دەركەوتووە، واتە هێندە دەستەكانى بەرز راگرتووە.[9]

هەروەها لەو ماوە كورتەدا فەرموودەیەكى پێغەمبەرى (صلى الله عليه وسلم)لەسەر زیكری بەیانییان وەرگرت و گێڕاویەتیەوە، [10]بەم پێیە ئەبانى موحاریبی دوو فەرموودەى گێڕاوەتەوە، یەكەمیان سەبارەت بە بینینی نزاكردنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، دووەمیشیان سەبارەت بە ویردى بەیانییان.



[1] - أسد الغابة ج1ص61.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة ج1ص18.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة ج1ص18.

[4] - صحيح البخاري، الرقم 53 و 87 و 4132 و 5847 و 6876، صحيح مسلم، الرقم 50 و مسند أحمد بن حنبل، الرقم 1972 و 15262 و مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 29716 و 31881.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة ج1ص18.

[6] - صحيح البخاري، الرقم 53 و 87 و 4132 و 5847 و 6876، صحيح مسلم، الرقم 50 و مسند أحمد بن حنبل، الرقم 1972 و 15262 و مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 29716 و 31881.

[7] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17572، صححه الألبانى.

[8] - صحيح البخاري، الرقم 53 و 87 و 4132 و 5847 و 6876، صحيح مسلم، الرقم 50 و مسند أحمد بن حنبل، الرقم 1972 و 15262 و مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 29716 و 31881.

[9] - معرفة الصحابة لأبي نعيم، الرقم 964.

[10] - الطبقات لابن سعد، الرقم 8307، المعجم الكبير للطبرانى، الرقم 634.

 2518
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.