دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (عەبدوڵا) بووە - بەشی سێیەم

عەبدوڵاى كوڕی حەنظهلە(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی حەنظهلەى كوڕی ئەبی عامیرە، لە پشتیوانانە لەو ئەوسیەكان، خۆی و باوكیشی هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون، حەنظهلەى باوكى ناسراوە بە غەسیلولمەلائیكەو پێشتر لە پیتی(ح) دا ژیانەكەیمان باسكردووە.

شەوێك پێش غەزاى ئوحود بوو كە حەنظهلە ژنى گواستەوە، حەنظهلە پێشتر داواى مۆڵەتى كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا شەو لاى ژنەكەى بێت چونكە دەیگوازێتەوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتى پێدا،[1] ئەوەبوو پاش نوێژی بەیانى هەمدى چوویەوە لاى جەمیلەى ژنی و جیماعیان كرد، دواتر كە گوێی لە بانگەوازى جیهاد بوو چوو خۆی گەیاند بە سوپاكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)،[2] پێش ئەوەى بكەوێتەڕێ جەمیلەى ژنی چوار كەس لە هۆزەكەى خۆی بانگ كرد و كردنى بە شاهید كە حەنظهلە چووەتە لاى، ئەوانیش لێیان پرسی بۆچی شاهیدت لێگرت؟ جەمیلە وتى خەوم بینی ئاسمانى بۆ كراوەو حەنظهلە چوویە ئاسمان و دواتر ئاسمان داخرایەوە، منیش وتم ئەمە شەهیدبوونى حەنظهلەیە، بۆیە شاهیدم لەسەر گرت كە هاتوەتە لام، ئەوەبوو دواتر سكی كرد،[3] لەو سكەى عەبدوڵاى بوو.[4]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد تەمەنى عەبدوڵا هێشتا حەوت ساڵان بوو،[5] واتە عەبدوڵا تەنها تەمەنى منداڵی لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بردووەتە سەر.

عەبدوڵا لە ساڵی شەست و سێی كۆچیدا كوژرا.[6]

 

عەبدوڵاى كوڕی حەوالە(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی حەوالەیەو كونیەكەى ئەبووحەوالە یان ئەبوو موحەممەدە، هەندێك بە ئەزدی و هەندێك بە ئەردەنى ناوزەدى دەكەن.[7]

عەبدوڵا دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(ئێوە دواتر دەبنە چەند دەستەیەكی سوپا، سوپایەك لە شام و سوپایەك لە عێراق و سوپایەك لە یەمەن)، منیش وتم ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بژاردەم بۆ بكە لە كام لا بم، فەرمووى (عليك بالشام، فمن أبى فليلحق بيمنه وليسق من غدره، فإن الله تكفل لي بالشام وأهله[8] (بڕۆ بۆ شام، هەركەس ئەوەى نەكرد با خۆی بگەیەنێت بە یەمەن و لە حەوزى ئاوى ئەوێ بخواتەوە، چونكە خواى گەورە زامنى شام و خەڵكەكەى بۆ كردوم).

عەبدوڵا چەندین فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوەو لە كتێبەكانى فەرموودەدا تۆمار كراون.

عەبدوڵا لە ساڵی پەنجاو هەشتی كۆچیدا وەفاتى كرد، رایەكیش دەڵێت لە ساڵی هەشتاى كۆچی لە شام كۆچی دوایی كرد.[9]

 

عەبدوڵاى كوڕی حوبشی(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی حوبشیە، عەبدوڵا دەڵێت جارێك پرسیار كرا لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چ كارێك چاكترینە؟ فەرمووى(إيمان لا شك فيه، وجهاد لا غلول فيه، وحجة مبرورة)، ئیمانێك كە هیچ گومانى تێدا نەبێت، وە جیهادێك كە هیچ فێڵ و ناپاكیەكى تێدا نەبێت، وە حەجێكی بێ تاوان و پاك، وترا ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەی چ نوێژێك باشترینە؟ فەرمووى وەستانى درێژ بێت...[10]

عەبدوڵاى كوڕی حورەيث(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی حورەيثى بەكریە، كچێكی هەبوو بە ناوى بەهیە كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[11]

عەبدوڵاى كوڕی حومەییر (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی حومەییری ئەشجەعیە، براكەى ناوى خاریجەیە و ئەویش هاوەڵی پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم)، عەبدوڵا لە غەزاى بەدر و ئوحوددا بەشدارى كرد.[12]

عەبدوڵاى كوڕی خالید(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی خالیدی كوڕی وەلیدە، باوكى یەكێكە لە هاوەڵانى ناسراوى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بە شمشێری خوا ناسراوە، پێشتر لە پیتی(خ) دا ژیانەكەیمان بە وردى هێناوە، بەڵگەى هاوەڵبوونى عەبدوڵا ئەوەیە كە لەگەڵ باوكیدا بەشدارى جەنگى یەرمووكى كرد و تیایدا شەهید بوو.[13]

 

عەبدوڵاى كوڕی خەبباب(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی خەببابی كوڕی ئەرەتە، باوكی یەكێكە لە هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پێشتر لە پیتی (خ) دا ژیانەكەیمان باسكردووە.

عەبدوڵا لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) لەدایك بوو، دواتر بە دەستى خەواریجەكان شەهید كرا.[14]

عەبدوڵاى كوڕی خوبەیب(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی خوبەیبی جوهەنیە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى موعاذ كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[15]

عەبدوڵا دەڵێت شەوێك باران دەبارى و زۆر تاریك بوو، چووین بەدواى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) دەگەڕاین تا نوێژمان بۆ بكات، بینیمان، فەرمووى نوێژتان كردووە؟ منیش هیچم نەوت، جارى دووەم فەرمووى بڵێ،  منیش بێدەنگ بووم، بۆ جاری سێیەم فەرمووی بڵێ، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چی بڵێم؟ فەرمووى (قل قل هو الله أحد والمعوذتين حين تمسي، وحين تصبح، ثلاث مرات تكفيك من كل شيء[16] (كە ئێوارە دێت و كە بەیانى دەكەیتەوە سێ جار سورەتى ئیخلاص و فەلەق و ناس بخوێنە، بەستە بۆ هەموو شتێك-لە هەموو شتێك بتپارێزێت-).

عەبدوڵاى كوڕی راشید(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی راشیدی كیندیە، وەك وەفد هاتووەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[17]

عەبدوڵاى كوڕی رافیع(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی رافیعی كوڕی سوەیدە، لە پشتیوانانە، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود.[18]

عەبدوڵاى كوڕی رەبیع(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی رەبیعی كوڕی قەیسە، لە پشتیوانانە، یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبە، لە غەزاكانى بەدر و ئوحودیشدا بەشدارى كرد.[19]

عەبدوڵاى كوڕی رەبیعەى هاشمی(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی رەبیعەى كوڕی حارثى كوڕی عەبدولموتەلیبى هاشمیە، دایكی ناوى ئومموحەكیمی كچی زوبەیرە، باوكیشی هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و پێشتر لە پیتی (ر) دا باسمان كردووە.

عەبدوڵاى كوڕی زەمعە(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی زەمعەى كوڕی ئەسوەدى قوڕەیشی ئەسەدیە، دایكی ناوى قریبەى كچی ئەبی ئومەییەیە، خوشكەزاى ئومموسەلەمەى دایكی باوەڕدارانە.[20]

عەبدوڵا ژنێكی هەبوو بە ناوى زەینەبی كچی ئەبی سەلەمە كە ئەم مندالآنەى لێی هەبوو (عەبدوڕەحمان، یەزید، وەهب، ئەبووسەلەمە، كەبیر، ئەبووعوبەیدە، قەریبە، ئومموكلثوم، ئومموسەلەمە).[21]

عەبدوڵاى كوڕی زەمعە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(لا يجلد أحدكم امرأته جلد العبد، ثم يجامعها في آخر اليوم[22] (كەس لە ئێوە وێنەى لێدانى كۆیلە نەدات لە ژنەكەى و دواتریش لە كۆتایی رۆژدا لەگەڵیدا جووت بێت).

عەبدوڵاى كوڕی زەمعە دەڵێت كاتێك نەخۆشیەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆری بۆ هێنا، منیش هاودەم بە ژمارەیەك لە موسڵمانان لەلاى بووم، بیلال بانگى دا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى كەسێك بنێرن نوێژ بكات بۆ خەڵكەكە، منیش چووم بینیم عومەر لەناو خەڵكەكەدایەو ئەبووبەكر لەوێ نیە، وتم ئەی عومەر نوێژ بكە بۆ خەڵكەكە، عومەریش هەستا، الله اكبری كرد، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەنگى بیست هەواڵى ئەبووبەكری پرسی، ئەوەبوو دواى ئەوە ئەبووبەكر نوێژی كرد بۆ موسڵمانان،[23] دواتر عومەر پێی وتم ماڵوێران بیت ئیبن زەمعە چیت پێكردم، بەخوا كە وتت بەرنوێژی بكە، وامزانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى ئەوەى پێكردویت، ئەگەر وا تێنەگەیشتمایە بەرنوێژیم نەدەكرد بۆ خەڵكەكە، منیش وتم بەخوا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێنەكردم، بەڵام كە ئەبووبەكرم نەبینى، ئیتر تۆم بە شیاوتر زانى.[24]

عەبدوڵا لە سەردەمى عەبدولمەلیكی كوڕی مەڕواندا لە رووداوى الحرة دا بە دەستى سەربازانى حەججاجى كوڕی یوسف كوژرا.[25]



[1] - دلائل النبوة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 406.

[2] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4869، قال الذهبي إسناده مظلم.

[3] - دلائل النبوة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 406.

[4] - أسد الغابة، ج3، ص 221.

[5] - أسد الغابة، ج3، ص 220.

[6] - أسد الغابة، ج3، ص 221.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 67.

[8] - صحيح ابن حبان، الرقم 7414، سنن أبي داود، الرقم 2137، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 19859، المستدرك على الصحيحين، الرم 8634، صححه الذهبي في التلخيص، كما صححه شعيب الأرناؤوط، كماصححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 2483.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 68.

[10] - سنن الدارمي، الرقم 1442، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 2277، مسند احمد بن حنبل، الرقم 15104، قال شعيب الارناؤوط إسناده قوي، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن النسائي، الرقم 2526.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 60.

[12] - أسد الغابة، ج3، ص 219.

[13] -الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 72.

[14] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 311.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 73.

[16] - سنن أبي داود، الرقم 4440واالفظ له، سنن الترمذي، الرقم 3586، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7597، مسند احمد بن حنبل، الرقم 22053، حسنه شعيب الأرناؤوط، كما حسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 5082.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 77.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 77.

[19] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 539.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 95.

[21] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 461.

[22] - صحيح البخاري، الرقم 4911.

[23] - سنن أبي داود، الرقم 4062، المستدرك على الصحيحين، الرقم 6741، مسند احمد بن حنبل، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 18521، الرقم 13858، قال الألباني في صحيح و ضعيف سن أبي داود حسن صحيح.

[24] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6741، مسند احمد بن حنبل، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 18521، الرقم 13858.

[25] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 95.

 1225
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.