دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان بە پیتی (ذ) دەستپێدەكات

ذابیلى كوڕى طوفەیل(رضي الله عنه)

ناوى ذابیلى كوڕی طوفەیلى كوڕى عەمرى دەوسیە، ئەم هاوەڵە دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە مزگەوتەكەیدا دانیشتبوو كە خوفافى كوڕی نەضله هات بۆ لاى و شیعرێكی هۆنیەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شیعرەكەى بەدڵ بوو.[1]

 

ذبابى كوڕى فاتیك(رضي الله عنه)

ناوى ذبابى كوڕی فاتیكە، یەكێكە لە شاعیرە ناسراوەكان و سەركردەى هۆزەكەى خۆیشی بوو، جار جارە هێرشی دەكردە سەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، دواتر پەناى هێنا بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هاتە خزمەتى و موسڵمان بوو، دواى سەردەمى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) چوو لە بەصرە نیشتەجێ بوو.[2]

 

ذەرى كوڕی ئەبی ذەر (رضي الله عنه)

ناوى ذەرى كوڕی ئەبی ذەرەی غیفاریە، باوكى یەكێكە لە گەورە هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ذەر شوانى وشترەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، جارێك عویەینەى كوڕی حیصن هێرشی برد بۆ وشترەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و شوانەكەى كوشت و ژنەكەشی فڕاند، بەم هۆیەوە غەزاى غابە روویدا.[3]

ذەكوانى سولەمی (رضي الله عنه)

ناوى ذەكوانى سولەمیەو یەكێكە لە بەشداربوانى فەتحى مەككە.[4]

ذەكوانى كوڕى عەبدقەیس(رضي الله عنه)

ناوى ذەكوانى كوڕی عەبدقەیسى كوڕی خەلدەیە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان.[5]

كاتێ لەگەڵ ئەسعەدى كوڕی زورارەى هاوڕێیدا دەچوون بۆ مەككە بۆ لاى عوتبەى كوڕی رەبیعە، لەوێ هەواڵی پێغەمبەریان (صلى الله عليه وسلم) بیست و چوون بۆ لاى، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بانگى كردن بۆ ئیسلام و قورئانى بۆ خوێندنەوە، ئەوانیش موسڵمان بوون،[6] ئیتر نەچوون بۆ لاى عوتبە.[7]

لە بەیعەتى عەقەبە و غەزاى بەدر[8] و ئوحوددا بەشدارى كرد و لە ئوحوددا شەهید بوو.[9]

پێش روودانى جەنگى ئوحود، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە هاوەڵانى فەرموو كێ ئەمشەو سەنگەرنشینی ئەو سەنگەرەمان بۆ دەگرێت؟ ذەكوان هەستا و وتى من، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى تۆ كێیت؟ وتى من كوڕی عەبدقەیسم، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى دابنیشە، ئینجا هەمان شتی فەرموو كەچی تەنها ذەكوان هەستا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (لە فلآنەو فلآنە شوێن بن)، ذەكوان هەستا و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا ئەوە ئیشی منە، هاوەڵان ترسان بووبێتە هاودەستى بێباوەڕان، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (كێ حەز دەكات پیاوێك ببینێت كە سبەى پێ دەخاتە ناو سەوزایی بەهەشتەوە با بڕوانێت بۆ ئەو)، ذەكوان چوو ماڵئاوایی لە ژن و منداڵەكانى كرد، ژنەكانى جلەكەى ذەكوانیان دەگرت و دەیانوت ئەی ذەكوان دەڕۆیت و ئێمە جێدەهێڵیت؟ لە وەڵامدا ذەكوان بەوانى وت (وادەى دیدارم لەگەڵتان رۆژی دواییە)، دواتر ذەكوان چوو و ئەوەبوو كوژرا.[10]

 

ذەكوانى كوڕی عوبەید(رضي الله عنه)

ناوى ذەكوانى كوڕی عوبەیدى كوڕی رەبیعەیە، لە پشتیوانانەو بەشدارى غەزاى بەدر بوو.[11]

ذەهبەن (رضي الله عنه)

ناوى ذەهبەنى كوڕی قرضمى مهریە، دەهاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرى خواش (صلى الله عليه وسلم) زۆر رێزی لێدەنا چونكە ماڵی زۆر دوور بوو، هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نامەیەكى بۆ نووسی و ئەو نامە بەردەوام لاى ئەم هاوەڵە پارێزراو بوو.[12]

 

ذورڕە(رضي الله عنها)

ناوى ذوڕرەیە، فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە كە فەرموویەتى: (أنا و كافل اليتيم له و لغيره كهاتين في الجنة)، (من و ئە كەسەی سەرپەرشتی هەتیوێكى خۆی یان هەتیوی كەسی تر دەكات لە بەهەشتدا ئاواین) ئینجا بە پەنجەكانى ئاماژەى كرد و پەنجەكانى لەپاڵ یەكەوە بوون..[13]

ذوئەیبى كوڕی حارثه(رضي الله عنه)

ناوى ذوئەیبى كوڕی حارثهیە، حەوت براى ترى هەبوو، هەموویان پێكەوە موسڵمان بوون و هاودەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون و لە بەیعەتى ريضوانیشدا بەشدار بوون.[14]

ذوئەیبى كوڕی حەلحەلە(رضي الله عنه)

ناوى ذوئەیبی كوڕی حەلحەلەیە، لە خوزاعیەكانە، رایەك دەڵێت لە سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مردووە، رایەكیش دەڵێت تا سەردەمى موعاویەى كوڕی ئەبوو سوفیان ژیاوە.[15]

ذوئەیبى كوڕی شوعثهم (رضي الله عنه)

ناوى ذوئەیبى كوڕی شوعثهمى تەمیمیە، شوعثهم دەڵێت لە سێ غەزادا هاودەم بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشداریم كردووە.[16]



[1] - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 548، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2347.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 403.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 404.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 408.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 405.

[6] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص302.

[7] - أسد الغابة، ج1، ص111.

[8] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4099.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 405.

[10] - الجهاد لابن المبارك، الرقم 150.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 406.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 424.

[13] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 6992.

[14] - أسد الغابة، ج2، ص 156.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 422.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 423.

 1301
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.