دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (حەكەم) بووە

حەكەمى سولەمى (رضي الله عنه)

ناوى حەكەمە، سەبارەت بە ناوى باوكى دوو را هەیە، رایەك دەڵێت كوڕی حارثه، رایەكى تر دەڵێت كوڕی ئەییووبە،[1] حەكەم دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) منى ناردە پێشەوە، كەچی دوایی داى بەڵامدا و وشترەكەم نەدەرۆیشت و مۆڵی دابوو، منیش سەرقاڵ بووم دەمدا لە وشترەكەم، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لا تضربها، حل)، لێى مەدە، ئینجا خوڕیە وشترەكە، ئەوەبو وشترەكەم هەستا و كەوتەڕێ.[2]

حەكەم لە سێ غەزادا لەگەڵ پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى كردووە،[3] بەڵام لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە حەكەم دەڵێت لە حەوت غەزادا لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بەشدار بووم و كۆتا غەزایشیان غەزاى حونەین بوو، ئەو بەسەرهاتەى وشترەشم لەو غەزایەدا بوو.[4]

حەكەم دەڵێت لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیست كە دەیفەرموو (إذا دفنتموني و رششتم على قبري الماء فقوموا على قبري و استقبلوا القبلة و ادعوا لي[5] (كاتێك ئەسپەردەتان كردم و ئاوپرژێنی گۆڕەكەمتان كرد، لەسەر گۆڕەكەم بوەستن و روو بكەنە قیبلەو نزام بۆ بكەن).

حەكەمى كوڕی حەزن (رضي الله عنه)

ناوى حەكیمی كوڕی حەزنى كولفیە، فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[6]

شوعەیبی كوڕی زورەیق دەڵێت لەپاڵ پیاوێكدا دانیشتم كە لە هاوەڵانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو و پێی دەوترا حەكەمى كوڕی حەزنى كولەفی، حەكەم فەرموودەى بۆ دەگێڕاینەوەو وتى من لەگەڵ شەش یان هەشت كەسی تردا بووم چووین بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، چووینە خزمەتى و وتمان ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هاتوین سەردانت بكەین، دەى نزاى خێرمان بۆ بكە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد رێزمان بگرن و بڕێ خورمامان پێبدەن، ئەوكاتیش ژیان وەك ئێستا نەبوو ئاوا شت زۆر بێت، لەوێ چەند رۆژێك ماینەوەو كەوتینە رۆژی هەینی، لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بەشدارى نوێژی هەینیمان كرد، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هەستابووە سەر پێ و خۆی دابوو بەسەر گۆچان یان كەوانێكدا-واتە بۆ رێك راوەستانى وەك گۆچان بەكارى دەهێنا-، ئینجا بە چەند وشەیەكى سادەى جوانى پیرۆز سوپاس و ستایشی خواى كرد، پاشان فەرمووى (أيها الناس إنكم لن تطيقوا أو لن تفعلوا كل ما أمرتم به، ولكن سددوا و أبشروا[7] (ئەی خەڵكینە ئێوە هەرگیز تواناتان نیە هەموو ئەوە بكەن كە فەرمانتان پێ كراوە، یان هەموو ئەوە ناكەن كە فەرمانتان پێ كراوە، بەڵام پابەندى رێی راست و دروست بن و موژدە بەخش و دلخۆش بن بەوە).

 

 

 

حەكەمى ئەنصاری (رضي الله عنه)

ناوى حەكەمى كوڕی ئەبولحەكەمە، لە پشتیوانانە[8]و جیایە لە حەكەمى كوڕی ئەبولحەكەمى ئومەوى.

حەكەم لە غەزاى تەبووكدا بەشدارى كرد، كەعبی كوڕی خەزرەج كە یەكێكە لە هاوەڵە پشتیوانیەكان دەڵێت لە غەزاى تەبووكدا حەكەمى كوڕی ئەبولحەكەم هاودەمم بوو، بەراستی هاودەمێكی چاك و ناوازە بوو.[9]

 

حەكەمى كوڕی حەییان (رضي الله عنه)

ناوى حەكەمى كوڕی حەییانى عەبدیە، لە بەنى نەججارە، برایەكیشی هەبوو بە ناوى عەبدوڕەحمان كە ئەویش هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو، حەكەم یەكێك بووە لە ئەندامانى وەفدى عەبدولقەیس كە هاتن بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[10]

حەكەم دەڵێت لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیست دەیفەرموو (هەر بەندەیەك كە بەیانى كردەوە سێ جار بڵێت: الحمد لله ربي الله الذي لا أشرك به شيئا و أشهد أن لا إله إلا الله، ئەوە هەموو تاوانەكانى یەك بە یەكیان بەر لێخۆشبوون دەكەون، ئەگەریش ئێوارەى كردەوە هەمان شت بڵێت تاوانەكانى بەر لێخۆشبوون دەكەون تا بەیانى دەكاتەوە).[11] بەڵام ئەم فەرموودەیە لە كتێبەكانى تری فەرموودەدا وا هاتووە كە حەكەم لە ئەبانى موحاریبیەوە گێڕاویەتیەوە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) واى فەرمووە.[12]

 

حەكەمى كوڕی رەبیع(رضي الله عنه)

ناوى حەكەمى كوڕی رەبیعی كوڕی عامرە، لە پشتیوانانە لە زورقیەكان،[13] ژنەكەى ناوى حەبیبەى كچی شەریقە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى مەسعوود كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[14]

مەسعوود دەڵێت باوكم بۆی گێڕامەوە كە لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە مینا بون، لەو كاتەدا گوێیان لە سوارێك بوو هاوارى دەكرد(كەس رۆژوو نەگرێت، چونكە ئەم رۆژانە رۆژانى خواردن و خواردنەوەن).[15]

مەسعوود دەڵێت بیستم لە باوكم دەیگێڕایەوە دەیوت ئامادەى ئەسپەردەى تەرمێك بووم لە عێراق، بینیم خەڵكێك بە پێوە وەستابوون و چاوەڕێ بوون تەرمەكە دابنرێت، بینیم عەلى كوڕی ئەبوو تالیب بە قامچیەكەى دەستى ئاماژەی كرد بۆ خەڵكەكە دابنیشن و دەیوت چونكە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێكردوین پاش هەستانەوە دابنیشین.[16]

ئەمەش لە حەجى ماڵئاواییدا بوو و پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) چەند كەسێكی راسپارد تا بەناو خەڵكدا ئەو هاوارە بكەن، وەك لە باسی ژیانى بیشری كوڕی سوحەیم و بودەیلی كوڕی وەرقائیشدا باسمان كردووە.

حەكەمى كوڕی رافیع(رضي الله عنه)

ناوى حەكەمى كوڕی رافیعی كوڕی سینانە، لە پشتیوانانە، جەعفەرى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی حەكەم دەڵێت، من منداڵ بووم و لێرەو لەوێوە نانم دەخوارد، حەكەم منی بینی و وتى منداڵ گیان شەیتان ئاوا نان دەخوات، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كاتێ شتی دەخوارد پەنجەكانى نێوانیان نەدەما. بەڵام ئیبن حەجەر دەڵێت ئەم فەرموودەیە لاوازە.[17]

حەكەمى كوڕی سەعید(رضي الله عنه)

ناوى حەكەمى كوڕی سەعیدی طائیفیە،  ئیبن حەجەر دەڵێت ئەمە جیایە لە حەكەمى كوڕی سەعیدی كوڕی عاص، حەكەم دەڵێت چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا بەیعەتى پێبدەم، فەرمووى ناوت چیە؟ وتم ناوم حەكەمە، فەرمووى بەڵكو ناوت عەبدوڵایە.[18]

حەكەمى كوڕی سەعیدى ئومەوى (رضي الله عنه)

ناوى حەكەمى كوڕی سەعیدی كوڕی عاصی كوڕی ئومەییەی ئومەویە،[19] دایكی ناوى هیندى كچی موغیرەی مەخزوومیە.[20]

حەكەم لە مەككەوە كۆچی كرد بۆ مەدینەو چوویە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)،[21] حەكەم دەڵێت چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا بەیعەتى پێبدەم، فەرمووى ناوت چیە؟ وتم ناوم حەكەمە، فەرمووى بەڵكو ناوت عەبدوڵایە.[22]

ئەم رووداوە بۆ حەكەمى كوڕی سەعیدی ئەنصاریش روویداوە.

حەكەمى ئومەوى كەسێكى خوێنەوار بوو و نووسینی دەزانى.

رایەك دەڵێت لە غەزاى بەدردا بەشدارى كردووەو شەهید بووە، رایەكى تر دەڵێت لە غەزاى موئتەدا شەهید بووە، رایەكى تر دەڵێت لە جەنگى یەمامەدا شەهید بووە، رایەكیش دەڵێت بەڵكو دواتر چووەتە شام و لەوێ نیشتەجێ بووەو زۆر ژیاوەو دواتر مردووە.[23]

حەكەمى كوڕی عەبدوڵا (رضي الله عنه)

ناوى حەكەمى كوڕی عەبدوڵاى ثهقەفیە، فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[24]

حەكەم دەڵێت لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بۆ چوونەدەرێكی چووین و لە رێدا ئافرەتێكمان پێگەیشت كە منداڵێكی پێبوو، وتى ئەی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەم منداڵەم رۆژی سێ جار شەیتان شێتی ئەكات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) منداڵەكەى گرت و شەیتانى دەركرد، ئینجا چووین بۆ سەفەرەكەو هاتینەوە ئافرەتەكەمان تووش بوویەوەو دوو بەرانى پێ بوو و لەگەڵ منداڵەكەى بوو، وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئیتر لەو كاتەوە شەیتان نزیكی نەبوەتەوە، ئینجا داواى كرد پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەو دوو بەرخەى بە دیارى لێوەربگرێت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بەرانێكیان وەربگرن و ئەوی تر بۆ ژنەكە خۆی بێت.[25]

ئەم فەرموودەیە هەمووى لە (معرفة الصحابة) دا نەهاتوە، بەڵكو تا ئەوە دێنێت كە ژنەكە بە منداڵەكەوە دێت و ئینجا دەڵێت (الحديث) واتە تەواوكەرى ئەو فەرموودەى ئەو بەسەرهاتەى هێناوە، ئەو بەسەرهاتەش لە كتێبەكانى فەرموودەدا لە جابیرەوە هاتووە،[26] چونكە چەندین هاوەڵ لەو سەفەرەدا بەشدار بون و ئەو بەسەرهاتەیان گێڕاوەتەوە، حەكەمیش یەكێكە لەو هاوەڵانە.

 

حەكەمى كوڕی عەمر(رضي الله عنه)

ناوى حەكەمى كوڕی عەمرى كوڕی شریدە، ئەم هاوەڵە دەڵێت لە دواى پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) نوێژم دەكرد، كەسێك پژمى، منیش وتم یرحمك الله، ئیتر هەندێ لە خەڵكەكە پێكەنین.[27]

حەكەمى كوڕی عەمرى غیفارى (رضي الله عنه)

ناوى حەكەمى كوڕی عەمرى كوڕی موجەددەعى غیفاریەو كونیەكەى ئەبوو عەمرە،[28] دایكی ناوى ئومامەى كچی مالیكە،[29] برایەكى هەبوو بە ناوى رافیع، هەروەها بە حەكەمى كوڕی ئەقرەعیش ناوى هاتووە، ئەم هاوەڵە لە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژیا تا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد.[30]

عومەرى كوڕی خەططاب كاتێك حەكەمى دەبینی كە ریشی زەردباو كردبوو، دەیوت ئەمە لە ئیمانەوەیە.[31]

دواتر چوو لە بەصرە نیشتەجێ بوو و ماوەیەكى زۆر ژیا، دواجار زیاد حەكەمى كرد بە والى خوراسان و هەر لەوێ مایەوە تا لەوێ مرد.[32]

حەكەم لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا بڕیاری دا كەنار بگرێت لەو فیتنەى پەیدا بووە، ئەوەبوو كاتێك عەلى كوڕی ئەبوو تالیب نێردراوێكی نارد بۆ لاى، نێردراوەكە وتى ئەمیری باوەڕداران پێت دەڵێت تۆ شیاوترینی بە هەموان تا لەسەر ئەم مەسەلە هاوكارمان بیت، حەكەمیش لە وەڵامى خەلیفەدا وتى دەى من لە خۆشەویستم بیستووە كە ئامۆزاى تۆیە ئەی ئەمیری باوەڕداران دەیفەرموو (ئەگەر بارى وا هات شمشێرێكی تەختە دروست بكە).[33]

كاتێك حەكەم لە خوراسان بوو نامەى نارد بۆ موعاویە و نووسیبووى بێباوەڕان زۆریان بۆ هێناوەو ناشكێن، ئەویش وەڵامى بۆ نووسیەوە بەكرى كوڕی وائیلیان بدە بە گژدا چونكە من بیستوومە لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (دوژمن بەسەر بەكرى كوڕی وائیلدا سەرناكەوێت).[34]

هۆكارى ئەوەى كە حەكەم لەسەر دەسەلآتى خوراسان لابرا ئەوەبوو كاتێك حەكەم دەستكەوتێكی زۆری دەستكەوت، زیاد نامەى نووسی بۆی و وتى:

ئەمیری باوەڕداران نامەى ناردووە تا هەموو دەستكەوتەكانى بۆ جیا بكەیتەوەو زێڕو و زیو لەنێوان موسڵماناندا دابەش نەكەیت، حەكەمیش نامەى نووسی بۆی و وتى:

 نامەیەكت نووسیوە باسی پەیامەكەى ئەمیری باوەڕدارانت كردووە، جا من پێش نامەكەى ئەمیری باوەڕداران كتێبەكەى خوام خوێندووەتەوە، سوێندیش دەخۆم بە خوا ئەگەر زەوى و ئاسمانەكان بنووسێن بەسەر سەری بەندەیەكەوەو ئەو بەندەیە لەخواترس بێت خواى گەورە لەو نێوەندەدا رێی دەربازى بۆ دەكاتەوە،

بۆیە حەكەم كەسێكی بانگ كرد و وتى بڕۆن دەستكەوتەكان لەنێوان موسڵماناندا دابەش بكەن، بۆیە كاتێك موعاویە بیستى حەكەم لە قسەی دەرچووە و چی كردووە بڕیاری دا لاببرێت و بەند بكرێت.[35]

كاتێك هێشتا فەرمانى لابردنەكەى نەهاتبوو، عیمرانى كوڕی حوصەین چوو بۆ لاى حەكەم و وتى دەزانیت بۆچی هاتوم بۆ لات؟ بیرت دێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كاتێك هەواڵی ئەو كەسەی پێگەیشت كە ئەمیرەكەى پێی وتبوو هەستە خۆت بخەرە ناو ئاگرەوە، ئەویش هەستابوو تا وابكات، ئەمیرەكە خێرا وەستاندبووى، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كە ئەمەی بیست فەرمووى (لو وقع فيها لدخل النار لا طاعة في معصية الله)، (ئەگەر خۆی بخستایەتە ناو ئاگرەكە بە دڵنیاییەوە دەچوویە دۆزەخەوە، لە سەركەشی خوادا هیچ گوێڕایەڵیەك نیە)، حەكەمیش وتى بەڵێ ئەو فەرموودەم بیر ماوە، عیمرانیش وتى دەی ویستم ئەو فەرموودەیەت بیر بخەمەوە.[36]

حەكەمى كوِی عەمر یەكەم كەس بوو لە ناوچەی ئەودیو رووبار نوێژی كرد،[37] ئەمەش پاش ئەو فتووحاتە گەورەى لەوێ كرا.

سەبارەت بە مردنەكەى دەوترێت موعاویە تووڕە بووە لێی و ئەوى لەسەر دەسەلآت لابردووەو كەسێكی تری ناردووەو لەوێ حەكەم بەند كراوە تا لە ساڵی چل و پێنجى كۆچیدا مردوووە،[38] رایەكی تریش دەڵێت بەڵكو لە ساڵی پەنجاى كۆچیدا وەفاتى كردووە، رایەكیش دەڵێت بەڵكو لە ساڵی پەنجاو یەكى كۆچیدا وەفاتى كردووە،[39] ئیبن حەجەر دەڵێت راستتر ئەوەیە كاتێك زیاد نامەى سەركۆنەى نارد بۆ حەكەم، حەكەم داواى لە خوا كرد بیباتەوە بۆ لاى خۆى.[40]

حەسەنى كوڕی ئەبیلحەسەنى بەصری دەڵێت حەكەم كە نزاى مەرگى كرد وتى ئەی تاعوون وەرە بمبە بۆ لاى خۆت، كەسێك پێی وت باشە تۆ چۆن وا دەڵێیت لەكاتێكدا بیستووتە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە دەیفەرموو (كەستان لەبەر خراپەو زیانێك كە تووشی دەبێت ئاوات بە مەرگ نەخوازێت)، حەكەم وتى بەڵێ من ئەو فەرموودەم بیستووە، بەڵام دەمەوێت پێش شەش شت بكەوم و نەگەم بەوانەو پێش ئەوانە بمرم: فرۆشتنى دادوەری، مەرج زۆری، دەسەلآتدارى مێردمندالآن، خوێن رشتن، پچڕاندنى خزمایەتى، بارێكى ئاوازخوێنی كە قورئان بە ئاواز دەگرن.[41]

هەرچەندە ذەهەبی لە حوكمى صەحیحی ئەم فەرموودەیە بێدەنگ بووە، بەڵام لەو دەقەى ئیبن حەجەرەوە دەزانین صەحیحە كە دەڵێت راى راستتر ئەوەیە حەكەم نزاى مەرگى بۆ خۆی كردووە.

مەبەست بەوەى قورئان بە ئاواز دەگرن ئەوەیە كە خەڵكی بۆ بەرنوێژی كەسێ دەخەنە پێشەوە نەك لەبەر زیرەكى و شارەزاییەكەى، بەڵكو تەنها لەبەر دەنگ خۆشیەكەى.[42]

سەبارەت بە حوكمى داواكردنى مەرگ لە شەرحى ئەو فەرموودەدا كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (كەستان لەبەر خراپەو زیانێك كە تووشی دەبێت ئاوات بە مەرگ نەخوازێت) ئیبن حەجەر دەڵێت: ئەم گوتارە بۆ هاوەڵان و موسڵمانانى دواتریشە، سەبارەت بەوەى فەرموویەتى لەبەر زیانێك داواى مەرگ نەكرێت دەستەیەك لە زانایانى پێشین پێیان وایە مەبەستی زیان و نارەحەتى دنیاییە، ئەگەرنا ئەگەر بینی زیانەكە بۆ ئاخیرەتى بوو و ترسا دینەكەى تووشی فیتنە بێت ئەوە رێگری نەكراوە لە داواى مەرگ، دەستەیەك لە هاوەڵانیش ئەوەیان كردووەو –لە ترسی زیانى ئاخیرەت- داواى مەرگیان كردووە، وەك لە مەوطائدا هاتووە عومەر داواى مەرگى كردووەو وتوویەتى خوایە تەمەنم زۆر بووەو توانام كەمی كردووەو هاوڵاتیانیشم بلآوبوونەتەوە، دەى بمبەرەوە بۆ لاى خۆت،...سەبارەت بەوەش كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى (ئەگەر هەركامتان هەر ناچار بوو –ئاوات بە مەرگ بخوازێت- با بڵێت خوایە بممرێنە ئەگەر مەرگ خێرە بۆم).[43]

حەكەم چەند فەرموودەى لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە، لەوانەش:

حەكەم دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دوورەپەرێزى دەكرد لەوەى پیاو بە ئاوى زیادەى دەستنوێژى ئافرەت دەستنوێژ بگرێت.[44]

سەبارەت بە حوكمى ئەم فەرموودەیە مرادى دەڵێت: ئەم حوكمە تەعەببودیەو بە روانینی عەقڵی حیكمەتەكەى نەزانراوە، تەنها ئەوەیە دەقی لەسەر هاتووە، بۆ ئافرەتى تر رەوایە زیادەى ئاوى دەستنوێژی ئافرەتێكی تر بەكاربهێنێت.[45]

شەوكانى ئەو رایەی هێناوە كە هیچ كێشەیەك نیە ئەگەر ژن و پیاو پێكەوە خۆیان بشۆن و دەستنوێژ بگرن، كێشە نیە هەردووكیان پێكەوە بن، بەڵام ئەگەر ئافرەتێك بە تەنها دەستنوێژی گرت ئەوكات بۆ پیاوەكە نیە ئەو ئاوە بەكاربهێنێت، بۆ ئەمەش راى ترى هێناوە كە بڕێ بەڵگە دەهێننەوە بۆ رەواییەكەى، لەبەرئەوەى بابەتەكەمان زیاتر پەیوەستە بە ژیاننامەى هاوەڵانەوە، بۆیە ناتوانین وردەكارى بابەتە فیقهیەكان بخەینە بەرباس و تەنها ئەوەى پێویستە بە كورتى دەیخەینەڕوو.

حەكەمى كوڕی عەمرى كوڕی موعتب(رضي الله عنه)

ناوى حەكەمى كوڕی عەمری كوڕی موعەتەبی كوڕی مالیكە، یەكێك بوو لە ئەندامانى وەفدى ثهقیف كە لەگەڵ عەبدیالیل هاتنە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).[46]

حەكەمى كوڕی عەمرى ثهعلەبی (رضي الله عنه)

ناوى حەكەمى كوڕی عەمرى ثهعلەبیە، دواى وەفاتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە فتووحاتدا رۆڵێكی كاراى هەبوو، بەتایبەت لە گەمارۆدانى مەكران و شكاندنى پاشاكەیدا.[47]

حەكەمى كوڕی عەمر لە فەتحى مەكراندا سەركردەى سوپاى موسڵمانان بوو، هەریەك لە شیهابی كوڕی موخاریق و سوهەیلی كوڕی عەددى و عەبدوڵاى كوڕی عەبدوڵاش هاتن بۆ یارمەتیدانى و لەگەڵ پاشای سنددا جەنگان و خواى گەورە سوپاى سندى روخاند و موسڵمانان دەستكەوتێكی زۆریان كەوتە دەست، ئینجا حەكەم نامەیەكى نووسی بۆ خەلیفە و باسی فتووحاتەكەى بۆ كرد و لەگەڵ صیحاری عەبدیدا نامەكەو پێنج یەكی دەستكەوتەكانیشی نارد، كاتێك خەلیفە پرسیارى كرد لە نێردراوەكە سەبارەت بە سروشتى ناوچەی مەكران و زانى ناوچەیەكى سەختە، نامەى نووسیەوە بۆ حەكەم و داواى لێكرد ئیتر هێرش نەبەنە سەر ناوچەكانى ترو لەو سنوورەدا بوەستن.[48]

حەكەمى كوڕی كیسان (رضي الله عنه)

ناوى حەكەمى كوڕی كیسانە، بوویە دیلی دەستى موسڵمانان و دواتر موسڵمان بوو و بە شەهیدی مرد.[49]

پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) سریەیەكى حەوت كەسی نارد و عەبدوڵاى كوڕی جەحشی ئەسەدى كرد بە ئەمیریان، ئەوانیش بریتی بوون لە عەممارى كوڕی یاسر و ئەبوو حوذەیفە و سەعدى كوڕى ئەبی وەققاص و عوتبەى كوڕی غەزوان و سوهەیلی كوڕی بەيضا و عامری كوڕی فوهەیرە و واقیدی كوڕی عەبدوڵاى یەربووعى، نامەیەكى نووسی بۆ ئیبن جەحش و فەرمانى پێكرد تا نەگاتە ناوچەی مەلەل نامەكە نەخوێنێتەوە، كە گەیشتنە ئەوێ نامەكەى خوێندەوەو تیایدا نوسرابوو: بڕۆ تا دەگەیتە (بطن نخلة)، عەبدوڵا بە هاوڕێكانى وت كامتان مەرگى دەوێت با بێت و وەسیەت بكات، چونكە من وا وەسیەتى خۆم دەكەم و دەچم فەرمانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بەجێدەگەیەنم، كەوتەڕێ و هەریەك لە سەعد و عوتبە لەبەرئەوەى ولآخێكیان ون بووبوو دواكەوتن، بۆیە بەدوایدا دەگەڕان تا گەیشتنە بوحران، عەبدوڵاش كە چوویە (بطن نخلة) بینی خەڵكى لە دەورى حەكەمی كوڕی كیسان و عەبدوڵاى كوڕی موغیرەو عەمرى كوڕی حەضرەمیدان، جەنگ روویدا و تیایدا حەكەمى كوڕی كیسان و عەبدوڵاى كوڕی موغیرەیان بەدیل گرت، كاتێك بە دیلەكانەوە گەڕانەوە بۆ مەدینەو دەستكەوتەكانیشیان هێنانەوە، خەڵكی مەككە ویستیان بە پارە دیلەكان ئازاد بكەن، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (جارێ با بزانین هاوەڵەكانمان چییان كردووە)، مەبەستى ئەوەبوو بزانێت ئەو دوو هاوەڵە دەگەڕێنەوەو هیچیان پێ ناكرێت، ئەگەر گەڕانەوە ئەوكات دیلەكان بە فیدیە ئازاد دەكەن، كاتێك سەعد و هاوەڵەكەى گەڕانەوە، بێباوەڕەكان دەیانوت موحەممەد بانگەشەی ئەوە دەكات گوێڕایەڵی خوایە، كەچی یەكەم كەس بوو لە مانگە حەرامەكاندا شەری كرد و لە مانگى رەجەبدا هاوەڵەكەى ئێمەی كوشت، موسڵمانەكانیش دەیانوت بەڵكو لە مانگى جومادیدا یان لە كۆتا شەوی جومادیدا كوشتوومانە، ئەوەبوو خواى گەورە ئایەتى دابەزاند(یسألونك عن الشهر الحرام قتال فیە...)،[50] حەكەمى كوڕی كیسان موسڵمان بوو و بە راستیش موسڵمان بوو و پاش ئەوەى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ئازادى كردبوو كەچی نەگەڕایەوە بۆ مەككەو هەر لە مەدینە مایەوەو لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بوو تا لە رۆژی بیئر مەعوونەدا شەهید بوو.[51]

بەو جۆرە یەكەم دیلی دەستى موسڵمانان حەكەمى كوڕی كیسان و هاوەڵەكەى بوون،[52] حەكەم كە رەفتارى موسڵمانانى بینی موسڵمان بوو و ئامادە نەبوو بچێتەوە خاكى خۆی و ناو ماڵ و هۆزى خۆی و مانەوەى لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) هەڵبژارد و هێندەش راستگۆ بوو لەو پێناوەدا كە دواجار گیانى خۆی لەو پێناوەدا بەخت كرد و شەهید بوو.

ئەمە تەنها بە باسكردن ئاسانە، ئەگەرنا موسڵمانان هێشتا ئازارى قامچیەكانى قوڕەیشیان لەبیر نەچووبوویەوە، هێشتا دەنگى بوختانەكانى قورەیش دژ بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) (درۆزن، شێت، فاڵچی، جادووگەر، شاعیر) لە گوێی هاوەڵاندا دەزرنگایەوە، هێشتا ئازارى بەردە گەرمەو گەورەكانى نیوەڕوانى سەر سنگى بیلال و هاوشێوەكانى لە دیدەى هاوەڵاندا ون نەبووبوو، هێشتا سووری خوێنی رژاوى سومەییە لەبەرچاوان بوو، هێشتا ئاوارەیی ئەو هەمووە موسڵمانەى چوون بەرەو حەبەشە لەبیر نەكرابوو، ئا لەم كاتەدا دوو كەسی ناو ئەو ستەمكارانە كەوتنە بەردەستى موسڵمانان، كەچی نەك هەر ئەوەى نەیانكوشتن، بەڵكو هەڵسوكەوتێكیان لە روویاندا نواند كە وایكرد حەكەم موسڵمان بێت و ئامادە بێت نەچێتەوە خاكى خۆی و ناو ماڵ و هۆزى خۆی و مانەوەى لە خزمەت پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) هەڵبژارد، خۆ ئەوانەى ناحەزن بە ئیسلام ئەگەر سەد بەسەرهاتى لەم چەشنەش ببیستن و بخوێننەوە قەناعەتیان ناگۆڕێت، چونكە پەردە دراوە بەسەر دڵ و گوێیاندا.

 

 

حەكەمى كوڕی مەسعوود(رضي الله عنه)

ناوى حەكەمى كوڕی مەسعوودى كوڕی عەمرى ثهقەفیە، برایەكى هەبوو بە ناوى ئەبوو عوبەید، هەریەك لە حەكەم و ئەبووعوبەید تا دواى سەردەمى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیان و لە جەنگى جسردا بەشدارییان كرد، حەكەم لەو جەنگەدا شەهید بوو.[53]

حەكەمى كوڕی موسلیم (رضي الله عنه)

ناوى حەكەمى كوڕی موسلیمی عوقەیلیە، زانیارى لەبارەى ژیانیەوە نەهاتووە.[54]

حەكەمى كوڕی مینا (رضي الله عنه)

ناوى حەكەمەو سەبارەت بە ناوى باوكى راجیایی هەیە، رایەك دەڵێت كوڕی مینهالەو رایەكى تریش دەڵێت كوڕى مینایە،[55] ئیبن حەجەر ئەو ئەگەرە دادەەنێت كە دوو كەسایەتى جیاواز بن.[56]

حەكەم دەڵێت جارێك گوێم لێ بوو پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئا لێرەوە قورەیشم بۆ كۆبكەرەوە)، ئەویش چوو كۆی كردنەوەو دواتر وتى ئەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) تۆ دەچیتە دەرەوە بۆ لایان یان ئەوان بێنە ژوورەوە؟ ئەویش فەرمووى بەڵكو من دەچمە دەرەوە بۆ لایان، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) چوویە دەرەوە بۆ لایان ...[57]

حەكەمى ئەنصاری (رضي الله عنه)

ناوى حەكەمەو لە پشتیوانانە، زانیارى سەبارەت بە ژیانى نەهاتووە تەنها هێندە هاتووە حەكەم لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد.[58]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 98.

[2] - الآحاد و المثاني لابن أبي عاصم، الرقم 1277.

[3] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1799.

[4] - المطالب العالية، الرقم 1520.

[5] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3100،قال الألباني سنده منكر، انظ سلسلة الاحاديث الضعيفة، الرقم 6649.

[6] - أسد الغابة، ج2، ص 45.

[7] - سنن أبي داود، الرقم 937 و اللفظ له، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 5362، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17524، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 6673، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3094، حسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 1096.

[8]  - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 100.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج5، ص 592.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 100.

[11] - تأريخ المدينة لابن شبة، الرقم 880.

[12] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 634، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 964.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 100.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 100.

[15] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1820، تهذيب الآثار للطبري، الرقم 1684.

[16] - تهذيب الآثار للطبري، الرقم 737.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 101.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 101.

[19] - أسد الغابة، ج2، ص 47.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 102.

[21] - أسد الغابة، ج2، ص 47.

[22] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 102.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 102.

[24] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 106.

[25] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1816.

[26] - سنن الدارمي، الرقم 17، قال حسين سليم أسد : إسناده ضعيف لضعف إسماعيل بن عبد الملك، ولكن الحديث صحيح بشواهده.

[27] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1817.

[28] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 107.

[29] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5863.

[30] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 107.

[31] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 475.

[32] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 107.

[33] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3087، المستدرك على الصحيحين، الرقم 5865، سكت عنه الذهبي في التلخيص.

[34] - المطالب العالية، الرقم 4232،

[35] - المستدرك على الصحيحن، الرقم 5867، سكت عنه الذهبي في التلخيص.

[36] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5868، صححه الذهبي في التلخيص.

[37] - فتوح البلدان للبلاذري، دار الكتب العلمية (بيروت – 1403 هـ)، ج1، ص 400.

[38] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 107

[39] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص  477.

[40] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 107.

[41] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5869، سكت عنه الذهبي.

[42] - شرح صحيح البخاري لابن بطال، ط2، مكتبة الرشد(الرياض – 2003م)، ج 10، ص 276.

[43] - فتح الباري، ج10، ص 128.

[44] - صحيح ابن حبان، الرقم 1276، سنن أبي داود، الرقم 75، سنن ابن ماجة، الرقم 370، سنن الترمذي، الرقم 62، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 82.

[45] - الموسوعة الفقهية الكويتية، ج43، ص 383.

[46] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 108.

[47] - نفس المصدر.

[48] - البدايةو النهاية لابن كثير، ج7، ص 131.

[49] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 109.

[50] - تفسير الطبري، ج2، ص 349.

[51] - تاريخ المدينة لابن شبة، رقم الحديث، 770.

[52] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 250.

[53] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 110.

[54] - نفس المصدر.

[55] - أسد الغابة، ج2، ص 55 – 56.

[56] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 110.

[57] - المطالب العالية لابن حجر، الرقم 3366، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 1544.

[58] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 111.

 2450
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.