دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (ئیسحاق) بووە

ئیسحاقى غەنەوى (رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە دانیشتووى مەككە بوو، خوشێكى هەبوو بە ناوى ئوم ئیسحاق كە مێردێكى بێباوەڕی هەبوو، پێكەوە بڕیاریان دا كۆچ بكەن بۆ مەدینە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بەڵام لە میانەى رێدا ئیسحاق بە خوشكەكەى وت لێرە بە چاوەڕێم بە تا بڕۆمەوە مەككە هەندێ پارەو شمەكم بیرچووە بچم بیهێنم، ئوم ئیسحاق وتى مەڕۆ ئەترسم فاسق(مێردەكەى) بتكوژێ، ئیسحاق چوو و ئوم ئیسحاق لەوێ مایەوە، سوارێ كە لە مەككەوە دەهات دای بەلاى ئوم ئیسحاقدا، وتى ئوم ئیسحاق بۆچی لێرە وەستاویت؟ وتى چاوەڕێی ئیسحاقی برام ئەكەم، سوارەكە وتى ئیسحاقت بۆ نەما، كاتێ ئیسحاق لە مەككە دەرچوو فاسقی مێردت خۆی پێگەیاند و كوشتى، ئوم ئیسحاقیش بڕیارى نەگۆڕی و چوو بۆ مەدینە.[1]

نازانین ئایا ئیسحاق پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دیوە یان نا، بەڵام لەوانەیە بە باوەڕدارى لە مەككە پێی گەیشتبێت  و لەوێ مابووبێتەوە و دواتر كۆچی كردبێت، چونكە بڕێ لە موسڵمانانى بێتوانا لە مەككە مابوونەوە.

سەبارەت بە كاتى كۆچى ئەو خوشك و برایەش دواى ساڵی دووەمى كۆچی یان سێیەمى كۆچی بووە، چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ساڵى دووەم یان سێیەمى كۆچی حەفصەى بەهاوسەرگرتووە،[2]ئوم ئیسحاقیش دەڵێت من كاتێ چوومە مەدینە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵى حەفصەى خێزانى بوو.

ئیسحاقی كوڕی سەعد(رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە و ناوى ئیسحاقی كوڕی سەعدى كوڕی عوبادەى خەزرەجیە، لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) لەدایكبوو.[3]

ئیسحاقی كوڕی سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص(رضي الله عنه):

ناوى ئیسحاقی كوڕی سەعدى كوڕی ئەبی وەقاصە و گەورە كوڕی سەعد بووە، بەڵام هەر بە منداڵی مرد، سەعدی كوڕی ئەبی وەقاص كونیەى ئەبووئیسحاقى بەم كوڕەیەوە وەرگرتووە.[4]



[1] - أسدالغابة، ج1، ص106.

[2] - أسدالغابة، ج7، ص74.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص181.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص181.

 2097
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.