دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (عەبدوڵا) بووە - بەشی هەشتەم

عەبدوڵاى كوڕی میربەع(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی میربەعە، لە پشتیوانانە، برایەكیشی هەبوو بە ناوى عەبدوڕەحمان كە ئەویش هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، بەڵام باوكیان لە دووڕووەكان بوو، عەبدوڵا لە غەزاى ئوحودو خەندەق و هەموو غەزاكانى تریشدا بەشدارى كرد، پاش وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و بەشدارى جەنگەكانى كرد و لە جەنگى جیسر ئەبی عوبەیددا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[1]

عەبدوڵاى كوڕی مینقەر (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی مینقەرى قەیسیە، سەرەتا ناوى عەبدولحارث بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی و ناوى نا عەبدوڵا.[2]

عەبدوڵاى كوڕی نەضله(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی نەضلهى كوڕی مالیكە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر، دواتریش لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[3]

عەبدوڵاى كوڕی نوعەیم (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی نوعەیمی ئەشجەعیەو رێنیشاندەری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو بەرەو خەیبەر.[4]

عەبدوڵاى كوڕی نوعمان (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی نوعمانى كوڕی بولدومەیە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر و ئوحودیش.[5]

عەبدوڵاى كوڕی هەیشە(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی هەیشەی كوڕی نوعمانە، لە پشتیوانانە لە سولەمیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر.[6]

عەبدوڵاى كوڕی هوبەیب(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی هوبەیبەو یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى خەیبەرو تیایدا شەهید بوو، هەرچەندە رایەك دەڵێت لە ئوحوددا بەشدار بووەو تیایدا شەهید بووە، بەڵام ئیبن حەجەر ئەوەى پێ راستترە كە لە خەیبەردا شەهید بووە.[7]

عەبدوڵاى كوڕی هیشام (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی هیشامى كوڕی زوهرەی تیمیەو خۆی و باوكیشی هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون، عەبدوڵا لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) منداڵ بوو  و لە ساڵی چوارەمى كۆچیدا لەدایك بوو، تا سەردەمى موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیان ژیا.[8]

عەبدوڵاى كوڕی وائیل(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی وائیلی كوڕی عامیرە، لە پشتیوانانە، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود، دواتریش لە هەموو غەزاكانى تردا بەشدارى كرد.[9]

عەبدوڵاى كوڕی وەقدان (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی وەقدانى قوڕەیشیە، بە باوكى دەوترا سەعدى چونكە لەناو بەنى سەعددا گەورە بوو، عەبدوڵا وەك ئەندامێكی وەفدى بەنى سەعد هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، عەبدوڵا دەڵێت من لە دواى هەموویانەوە چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كەى هیجرەت كۆتایی دێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لا تنقطع الهجرة ما قوتل الكفار[10] (هیجرەت كۆتایی نایەت تا كاتێك جەنگى بێباوەڕان بكرێت).

عەبدوڵا دواتر چوو لە مەدینە نیشتەجێ بوو، دواى ئەوە چوو لە ئەردەن نیشتەجێ بووو لەوێ مایەوە، رایەك دەڵێت لە خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا كۆچی دوایی كرد، رایەكیش دەڵێت لە ساڵی پەنجاو حەوتى كۆچیدا وەفاتى كرد.[11]

عەبدوڵاى كوڕی وەهب(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی وەهبی دەوسیە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى حارث كە ئەویش هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو.[12]

عەبدوڵاى كوڕی وەهبی زوهری(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی وەهبی زوهریە، لەفەتحى مەككەدا موسڵمان بوو، لە غەزاى حونەیندا بەشدارى كرد.[13]

عەبدوڵاى كوڕی ئەبووبەكر (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی ئەبووبەكری صدیقە، ئەبووبەكری باوكیشى ناوى عەبدوڵایەو هاوەڵی هەرەنزیكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و خەلیفەى یەكەمى باوەڕدارانە، عەبدوڵا براى ئەسمائی كچی ئەبووبەكرە، دایكی ناوى قوتەیلەیە.[14]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر كۆچیان كرد بەرەو مەدینە، عەبدوڵا دەچوو هەواڵی قوڕەیشیەكانى دەبرد بۆیان، ئەوكات گەنجێك بوو، دواتر عەبدوڵا لە غەزاكاندا بەشدارى كردووەو لە هەریەك لە غەزاكانى فەتحى مەككەو حونەین و تائیفدا بەشدارى كرد و برینداریش بوو، ئەو برینەى مایەوە تا لە سەردەمى خیلافەتى باوكیدا لە مانگى شەووالى ساڵی یانزەى كۆچیدا وەفاتى كرد، دەوترێت چل شەو پاش وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەبدوڵاش وەفاتى كرد، هەریەك لە عومەر و طهلحەو عەبدوڕەحمانى براى دابەزینە ناو گۆڕەكەى.[15]

ژنەكەى ناوى عاتیكەى كچی زەید بوو، عەبدوڵا بە عاتیكەى وت باخەكەم بۆ تۆ، بەڵام دواى مردنم شوو مەكەرەوە، ئەویش رازى بوو،[16] ئەوەبوو كە عەبدوڵا مرد و ماوەى عیدەى عاتیكە تەواو بوو، عومەرى كوڕی خەططاب داواى كرد، پێیشی وت ئەوەى خوا بۆى حەلآڵ كردویت تۆ لە خۆتت حەرام كردووە، باخەكە بگێڕەوە بۆ خاوەنەكەى و شوو بكە، عاتیكەش وایكرد و شووی كرد بە عومەرى كوڕی خەططاب.[17]

كاتێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد عەبدوڵا كفنێكی بۆ كڕی بە حەوت دینار، بەڵام پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بەو كفنە كفن نەكرا، بۆیە عەبدوڵا هەڵیگرت بۆ خۆی، كاتێك سەرەمەرگى هات، وتى بەوە كفنم مەكەن، چونكە ئەگەر خێری تێدا بوایە پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليه وسلم) پێی كفن دەكرا، كاتێكیش وەفاتى كرد باوكی نوێژی لەسەر كرد.[18]

 

عەبدوڵاى كوڕی ئەبی جەهم (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی ئەبی جەهمى قوڕەیشی عەدویە، یەكێكە لە موسڵمانبوانى فەتحى مەككە، بەشدارى غەزاكان بوو و لە فتووحاتدا بەشدارى كرد، لە جەنگى ئەجنادەیندا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[19]

عەبدوڵاى كوڕی ئەبی حەدرەد(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی ئەبی حەدرەدى ئەسلەمیە، خۆیشی و باوكیشی هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون.

ئەم هاوەڵە یەكێكە لە بەشداربوانى حودەیبیە، لە غەزاى خەیبەردا بەشدارى كرد.

كەعبی كوڕی مالیك دەڵێت قەرزێكم لاى عەبدوڵا بوو، كە گەیشتم پێی كەوتینە قسەو دەمەبۆڵە كەوتە نێوانمان تا دەنگمان بەرزبوویەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داى بە لاماندا و بە دەستی ئاماژەی بۆ كردم وەك ئەوەی بفەرموێت نیوەو فەرمووى ئەی كەعب، منیش نیوەیم وەرگرت و  وازم لە نیوەكەى هێنا.[20]

عەبدوڵا دەڵێت جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئێمەى بە سریەیەك نارد و لە رێدا گەیشتین بە عامیری كوڕی ئەضبه ط، سەلامى موسڵمانانەى كرد، بەڵام موحەللەمى كوڕی جەثثامە هەڵیكوتایە سەری و كوشتى، ئینجا وشترەكەى و بڕێك شتى برد، كە چووینەوە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و مەسەلەكەمان بۆ باسكرد، ئەوەبوو ئایەتى قورئان دابەزى (يا أيها الذين آمنوا إذا ضربتم في سبيل الله فتبينوا...).[21]

عەبدوڵا لە تەمەنى هەشتاو یەك ساڵی و لە ساڵی حەفتاو یەكی كۆچیدا وەفاتى كرد،[22] واتە كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی كردووە بۆ مەدینە، تەمەنى نزیكەى دە ساڵان بووە.

عەبدوڵاى كوڕی ئەبی خالید(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی ئەبی خالیدی كوڕی قەیسە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، عەبدوڵا یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى خەندەق و تیایدا شەهید بووە.[23]

عەبدوڵاى كوڕی ئەبی خەولى(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی ئەبی خەولیە، رایەك هاتووە كە ئەم هاوەڵە یەكێك بووە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر.[24]



[1] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 227.

[2] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 247.

[3] - أسد الغابة، ج3، ص 416.

[4] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 251.

[5] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 251.

[6] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 258.

[7] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 254.

[8] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 255.

[9] - أسد الغابة، ج3، ص 423.

[10] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7537، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن النسائي، الرقم 4172.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 113.

[12] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 264.

[13] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 266.

[14] - أسد الغابة، ج3، ص 305.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 27-28.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 28.

[17] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 265.

[18] - أسد الغابة، ج3، ص 305.

[19] -الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 44.

[20] - صحيح البخاري، الرقم 2314، صحيح مسلم، الرقم 2996، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5788، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 10551، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15486، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 15924.

[21] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 23241، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 16989، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 36333،

[22] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6484،

[23] - أسدالغابة، ج3، ص 225.

[24] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 75.

 1121
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.