دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  شەیخولئیسلام ئیبن تەیمیە - بەشی دەیەم - ئیبن تەیمیە لەنێوان هەوادارا ن و نەیارانیدا

نووسینی: نهاد جلال حبیب الله

     ڕاجیایى و بەشبوونێكى زۆر لەسەر كەسایەتى ئیبن تەیمیە هەیە و ململانێیەكى سەخت لەنێوان هەواداران و نەیارانیدا بەدیدەكرێت.

     گرنگترین تێڕوانینەكان بەرامبەر بە ئیبن تەیمیە خۆى لە سێ خاڵدا دەبینێتەوە:

  1. هەوادارانێكى ئیبن تەیمیە كە زیادەڕەوی لە ئاستیدا دەنوێنن، بەڵكو واى لێ دەكەن لە ئاستى زانایەتى دەریدەكەن و ئامادە نین لە قسەى ئەو زیاتر وەربگرن، یان دان بە هەر هەڵەیەكیدا بنێن.[1]
  2. نەیارانى ئیبن تەیمیە: ئەمانەش دان بە هیچ چاكەیەكى ئەو كەسایەتیەدا نانێن و بە توندى قسەى لە ڕوودا دەكەن و بە كەسایەتیەكى خراپى دەزانن، بەڵكو دەیگەیەننە ئاستى ئەوەى كەسى وایان هەبێت پێى بڵێت (بەندەیەكە خوا سەرشۆڕو گومڕا و كەڕ و زەبوونى كردووە).[2]
  3. كەسانێكبە چاوێكى مامناوەندى بۆى دەڕوانن و چاكە و خراپەكانى لەبەرچاو دەگرن، هەرچەندە نەیانتوانیبێت بێلایەنى خۆیان بپارێزن، بەڵام تا ئاستێك لایەنە باش و خراپەكانیشى لەبەرچاو دەگرن،[3] ئەم دابەشبوونەش بۆ كەسایەتى ئیبن تەیمیە شتێكى ئاساییە، چونكە هەمیشە كەسایەتییە گەورەكان كە ڕۆڵى دیاریان لە ژیانى خەڵك و مێژووى مرۆڤایەتیدا هەیە، دەكەونە بەر دابەشبوونی دوو لایەنى هەوادارى و نەیارانەوە و هەركامە و هەوڵ دەدەن ڕاى خۆیان بەسەر ئەویتردا بسەپێنن، هەر ئەم ڕا جیاییە هێماى گەورەیى ئەو كەسایەتیانەیە، بۆیە دەتوانین بڵێین بوونى ڕاى جیاوازیش لەسەر ئیبن تەیمیە بەڵگەى گەورەیى ئەو كەسایەتییەیە.[4]

     ئەوانەى نەیارى ئیبن تەیمیەن هەریەكە و لەبەر هۆكارێك یان چەند هۆكارێك ئەو هەڵوێستەیان وەرگرتووە، لەوانەش:

  • 1-فیقهناسان و كەسایەتیەكانى سەردەمى خۆى، لەبەرئەوەى دەمارگیرى مەزهەبى لەنێوانیاندا هەبوو و ئامادەنەبوون ڕاى مەزهەبى تر وەربگرن، وەك چۆن دەبینین ئیبن مەخلوفى حەنەفى ڕكەبەرێكى توندى ئیبن تەیمیەیە[5]، یان ئامادەنەبوون دەرگاى ئیجتیهاد بكرێتەوە، بەڵام ئیبن تەیمیە ئەو دەرگایەى كردەوە و كۆمەڵێك ڕاى خستەڕوو كە لە مەزهەبەكانى تردا نەبوون یان لەوانە جیاواز بوون، وەك فەتوادانى لەبارەى كەوتنى سێ تەڵاق بەجارێك، ئەمە وایكرد ببێتە مایەى بەندكرنى و دژایەتى زانایایانێك لە ڕوویدا.[6]
  • 2-كەسانێك ئێرەییان بە كەسایەتیەكەى دەبرد، بۆیە دژایەتییان دەكرد، چونكە كاتێك دەیانبینى ئیبن تەیمیە لەناو جەماوەردا هەوادارانێكى زۆرى هەیە و خەڵك بە پیریەوە دەچن، لەناو حكوومەتیشدا ڕێزى بۆ دادەنرێت و گوێى لێدەگیرێت، ترسیان لەوە بوو جێپێى خۆیان لەدەستبدەن، بۆیە دژایەتیان لە ڕوودا نواند.[7]
  • 3-لەناو دەسەڵاتدا كەسانێكى وەك جاشنگیر هەبوون كە نەیارى ئیبن تەیمیە بوون، ئەمانە لە لایەن نەیارانى ئیبن تەیمیەوە هاندەدران تا دژایەتى بكەن، بۆ ئەمەش گومانیان لەلا دروست دەكرا، وەك ئەوەى جاشنگیر وا تێگەیەنرابوو بوونى ئیبن تەیمیە بەو شێوازە مایەى مەترسیە بۆ سەر دەسەڵاتەكەى،[8]یان سوڵتان ناسر كە هەوادارى ئیبن تەیمیە بوو لە لایەن زانایانێكەوە وایلێكرا[9] بڕیارى بەندكردنى بدات و تا مردنیشى لە بەندیخانەدا بیهێڵێتەوە.
  • 4-سۆفیەكانیش بە شێوازێكى زۆر سەخت دژایەتى ئیبن تەیمیەیان دەكرد، ئەمەش لەبەرئەوەى ئیبن تەیمیە لە ڕوانینە چاكسازیەكەیدا بە دیدێكى رەخنەییەوە سەیرى چەند لایەنێكى سۆفیگەرایى دەكرد،[10] بە تایبەت لە مەسەلەى ئیبن عەرەبى و نووسینەكانیدا كە بە توندى بەرپەرچى ڕاكانى ئیبن عەرەبى دایەوە،[11] بەرپەرچدانەوەكەشى لەبەر ئارەزوویەكى دەروونى نەبوو، بەڵكو هەوڵێكى ڕەخنەگریى زانستى بوو،[12]ئەو لە سەرەتاوە بە ئیبن عەرەبى سەرسام بوو، بەڵام كە چەند نوسینێكى ترى خوێندەوە و بە لادان لە شەریعەتى دانان، ئەوكات هەڵوێستى ڕەخنەگریى گرتەبەر،[13] لەو كاتەشدا ڕەخنەگرتن لە ئیبن عەرەبى لاى زۆرێك تاوانێك بوو كە لێخۆشبوونى بۆ نەبوو، بەڵكو دەبوو لەسەر ئەوە توندترین سزا بدرایە،[14] لەو كەسانەش كە زۆر پەیوەست بە ئیبن عەرەبى بوون نەسرى مونبەجى بوو كە لەسەر ئەوە نێوانیان تێكچوو و هەوڵیدا پلان لە دژى ئیبن تەیمیە بگێڕێت تا ئەوەى راِیكێشایە دادگاى میصر.[15]
  • 5-شیعەكانیش نەیارانێكى زۆر سەرسەختى ئیبن تەیمیەن، چونكە ئەو بە توندى بەرپەرچى ڕاو مەزهەبى شیعەدەداتەوە و نووسینى وەك (منهاج السنة النبوية) یان لەڕوودا دەنووسێت و بە لادان لە ئیسلام پێناسیان دەكات[16].
  • 6-كەسانێك نووسیەنەكانى ئیبن تەیمیەیان بەردەست نەكەوتووە، یان تەنها چەند نووسینێكیان بەردەستكەوتووە، یان كۆمەڵێك نووسینیان بەردەستكەوتووە كە دەستكارى كراون و ساختەیان تێدا ئەنجامدراوە، بۆیە هەڵوێستى دژایەتییان لە ڕوودا نواندووە، بۆ نموونە ئیبن حەجەرى هەیتەمى هەندێك شتى لەسەر ئیبن تەیمیە خوێندەوە كە هى ئەو نین و دراونەتە پاڵى، لەسەر ئەمەش ئالوسى نووسینێكى هەیە بە ناوى (جلاء العينين بمحاكمة الأحمدين) تیایدا بە وردەكاریەوە ئەوە دەخاتەڕوو كە زۆر شت هەن دراونەتە پاڵ ئیبن تەیمیە و لە بنەڕەتدا هى ئەو نین و هەیتەمیش لەو ڕوانگەوە لە دژى بڕیاریداوە.[17]
  • 7-یان نمموونەى ئەو هەڵبەستەى كە ئیبن بەطووطهى گەشتیار لە سەفەرنامەكەیدا بەرامبەر بە ئیبن تیمیە نووسیوویەتى و تۆمەتى لادان لە بیروباوەڕى داوەتە پاڵ و دەڵێت:"لە دیمەشق یەكێك لە گەورە فیقهناسەكانى حەنبەلى تەقیەدین ئیبن تەیمیە بوو كە عەقڵى جۆرە نوقسانیەكى تێدا بوو، خەڵكى دیمەشقیش بە گەورەیان رادەگرت،...من لە دیمەشق بووم لە نوێژى هەینى لاى ئیبن تەیمیە ئامادە بووم كە لەسەر مینبەرى مزگەوت ئامۆژگارى خەڵكى دەكرد و لە وتەكانیدا وتى: خوا وەك دابەزینى من لەم پلیكانانەى مینبەردا دادەبەزێتە ئاسمانى دنیا، ئەو كات دابەزى و فیقهناسێكى مالیكى بەناوى ئیبن زەهراء لەڕوویدا وەستا و خەڵكیش دایانە پاڵ ئەو و بە دەست و نەعل زۆریان لە ئیبن تەیمیەدا تا مێزەرەكەى سەرى كەوتە خوارەوە و ئاوریشمێكى لە ژێردا بوو دەركەوت، خەڵكیش لەسەر ئەوە لۆمەیان كرد و بردیان بۆ ماڵى عیززەدینى كوڕى موسلیمى دادوەرى حەنبەلیەكان و ئەویش دواى ئەوە فرمانى گرتنى دەركرد".[18]

     بەڵام ئەو تۆمەتە لە چەند لایەكەوە رەخنەى لێ دەگیرێت:

  • ئەو بە نوقسانى عەقڵى دەزانێت، بەڵام دەڵێت خەڵكى بە گەورە رایاندەگرت.[19]
  • ئیبن بەطووطه لە ڕۆژى پێنج شەممە 9 ى مانگى رەمەزانى ساڵى (726ك/1344ز) گەیشتۆتە دیمەشق[20]، بەڵام ئیبن تەیمیە لە رۆژى دوو شەممە 6 ى مانگى شەعبانى ساڵى(726ك/1344ز) بەند كراوە و تا مردنى لە ساڵى(728ك/1346ز) لەوێ ئازاد نەكراوە.[21]
  • ئیبن تەیمیە لە مینبەردا ئامۆژگارى خەڵكى نەدەكرد، بەڵكو هەمیشە لەسەر كورسییەك دادەنیشت.
  • ئەو كاتەى ئیبن بەطووطه چوویە دیمەشق دادوەرى دادوەران جەلالەدینى موحەممەدى كوڕى عەبدورەحمانى قەزوینى وتاربێژى مزگەوتى دیمەشق بوو.
  • ئیبن تەیمیە لە هەموو نوسینەكانیدا دژ بەو تۆمەتەیە كە ئیبن بەطووطه لەڕوویدا نوسیویەتى و ئەگەر بڕوانینە نووسینەكانى پێچەوانەى ئەوە دەبینین[22]

8- وەستانى لەڕووى چەند لێكدانەوەیەكى ئەشعەریدا كە خەڵكى پێیان وابوو  ڕاى ئەهلى سوننەیە و بەشێكە لە بیروباوەڕى ئیسلامى و لادان لەوە تاوانێكى گەورەیە، ئەوان وایاندەزانى ئیبن تەیمیە پێچەوانەى ئەهلى سوننە و زانایان و شەریعەت دەڵێت[23].

     9-هەندێك لەبەر ئەوە دژایەتى ئیبن تەیمیە دەكەن، چونكە شوێنكەوتەى زانا یان كەسایەتیەكن و تەواو خۆیان داوەتە دەست ڕا و ڕوانینى ئەو كەسە، ئەویش نەیارى ئیبن تەیمیەیە، ئەو كەسانەش لە پێشڕەوەكەیانەوە ئەو هەڵوێستە وەردەگرن[24].

     بەڵام بە شێوەیەكى گشتى ئیبن تەیمیە كەسایەتیەكە گەورەى وابوو كە بوویە مایەى سەرلەنوێ بوژاندنەوەى هزر و زانستى ئیسلامى و بوو بە بنەڕەتێك بۆ هەوڵەكانى دواتر، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵێك شتى هەن كە دەكرێت وەرنەگیرێن و ڕاى جیاواز لەوانە هەبێت، یان چەند سیفاتێكى ناپەسەندى هەبوون وەك ئەوەى ذەهەبى خوێندكارى لەگەڵ سەرسامبوونى پێى، توندى لێكۆڵینەوە و تووڕەیى و توندى لە ڕووى نەیاران و مانەوەى ڕق و كینە لەدڵیدا دەكاتە ڕەخنە لەسەرى.[25]



[1]- الشوكاني: س.پ، ج1، ل94.

[2]- الندوي: س.پ، ج2، ل559.

[3]- صائب: س.پ، ل9-12.

[4] الندوي: س.پ، ج2، ل547-548.

[5]- النويرى: س.پ، مج15، ج32، ل81

[6]- ابن عبدالوهاب: س.پ، ل210

[7]- الندوى: س.پ، ل549.

[8]- الحسامى: س.پ، ل312-313

[9] -أبو زهرة: س.پ، ل72.

[10] -حلمي: قواعد المنهج السلفي، ل172-181

[11] = سالم: س.پ، ل102-103.

[12]- الندوى: س.پ، ج2، ل554

[13]- هـ.س، ج2، ل485

[14]- هـ.س، ج2، ل553

[15]- الحسامي: س.پ، ل309-310

[16]- عبدالعظيم: س.پ، ل60-61

[17]- الآلوسي: س.پ، ج1، ل18-20.

[18]- ابن بطوطة: رحلة ابن بطوطة، ط4، دارالكتب العلمية، (بيروت-2007م)، ص113.

[19]-  القطان: ص148

[20] - ابن بطوطة: س.پ، 104

[21] - الجزري: س.پ، ج2، ل309.

[22]- القطان: س.پ، ل154-159

[23]- الندوى: س.پ، ج2، ل552.

[24]- عبدالعظيم: س.پ، ل192

[25] - الشوكانى: س.پ، ج2، ل94-95.

 1463
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.