دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (سیماك) بووە

سیماكى خەیبەری (رضي الله عنه)

ناوى سیماكەو كابرایەكى جوولەكە بوو، لە غەزاى خەیبەردا بەدیل گیرا، موسڵمانان ویستیان بیكوژن، وتى بمبەن بۆ لاى موحەممەد، كاتێ برا، ئامادەیی دەربڕی نهێنی جوولەكەكات ئاشكرا بكات، دواتر سیماك موسڵمان بوو و بە یەكجارەكى خەیبەری جێهێشت.[1]

 

 

سیماكى كوڕی خەرەشە(رضي الله عنه)

ناوى سیماكى كوڕی خەرەشەی كوڕی لەوذانى كوڕی عەبدوددە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان لە بەنى ساعیدە، كونیەكەى ئەبوودوجانەیە و زیاتریش بەو كونیەى ناسراوە.[2]

دایكی ناوى حەزمەى كچی حەرمەلەیە، ئەبوودوجانە ژنێكی هەبوو بە ناوى ئامینەى كچی عەمر كە كوڕێكی لێی هەبوو بە ناوى خالید.[3]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان پشتیوانان و كۆچەرانەوە، عوتبەى كوڕی غەزوان و سیماكى كرد بە براى یەك.[4]

ئەبوودوجانە كەسێكی هەژار بوو، بۆیە كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستكەوتى غەزایەكى دابەش كرد-دەستكەوتەكانى بەنى نەضير- و هیچی بە پشتیوانان نەدا، بەشی ئەبوودوجانەو سەهلى كوڕی حونەیفى دا چونكە هەژار بوون.[5]

ئەبوودوجانە لە غەزاى بەدردا بەشدارى كرد،[6]ئەبوودوجانە لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد و پاش شكستى موسڵمانان ئەو لە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مایەوەو بەیعەتى مەرگى پێدا.[7]

ئەنەس دەڵێت لە رۆژی ئوحوددا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شمشێرێكی پێ بوو و فەرمووى كێ ئەمەم لێ دەگرێت؟ هەموان دەستیان والآ كرد و هەركەس دەیوت من، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى كێ وەریدەگرێت و مافی بدات؟ خەڵكەكە دەستیان گەڕاندە دواوە، ئەبوودوجانە وتى من وەری دەگرم و مافی دەپارێزم، ئەوەبوو وەریگرت و سەری بێباوەڕانى پێ دەپەڕاند.[8]

زوبەیر دەڵێت لە رۆژی ئوحوددا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شمشێرێكی پێ بوو و خستیەڕوو و فەرمووى (كێ ئەم شمشێرە دەگرێت بەمەرجێك مافی بدات؟) منیش وتم من ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەڵامى نەدامەوە، تا سێ جار ئەمە روویدا، ئینجا ئەبوودوجانە هەستاو وتى من هەڵیدەگرم ئەی پێغەمبەرى خوا، بەڵام مافەكەى چیە؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەوەیە موسڵمانى پێ نەكوژیت و بەم شمشێرەوە لەدەست بێباوەڕ رانەكەیت)، ئەویش رازى بوو.[9]

ئەبوودوجانە لە غەزاى ئوحوددا پەڕۆیەكى سوورى بەستبووبە نێوچاوانیەوە،[10] جا كە دەڕۆیشت بە ڕێدا خۆی دەنواند، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەوە رێ ڕۆیشتنێكە كە خوا رقیەتى لێی تەنها لە حاڵ و شوێنی لەمجۆەدا نەبێت).[11]

جارێك ئەبوودوجانە نەخۆش بوو، دەموچاوى دەگەشایەوە، زەیدی كوڕی ئەسلەم چوو بۆ لاى، وتى ئەبوودوجانە چیە دەموچاوت وا گەشاوەیە؟ ئەویش وتى دوو شت هەبونزۆر لام گرنگ بون، لە شتێكدا كە پەیوەندى بە منەوە نەبووە هیچ كات قسەم نەكردووە، دڵیشم بەرامبەر بە موسڵمانان ساغ بووە.[12]

ئەبوو دوجانە لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد، جا لە جەنگەكەجدا بەسەر دیواری بەربەستدا خۆی فڕێ دایە ئەودیو و قاچی شكا، بەو حاڵەشەوە وازى نەهێنا و جەنگا تا شەهید بوو.[13]

سیماكى كوڕی سەعد(رضي الله عنه)

ناوى سیماكى كوڕی سەعدى كوڕى ثهعلەبەیە، لە پشتیوانانە، یەكێكە لە بەشداربوانى بەدرو ئوحود.[14]

سیماكى كوڕی مەخرەمە(رضي الله عنه)

ناوى سیماكى كوڕى مەخرەمەیە، زانیارى سەبارەت بە ژیانى ئەم هاوەڵە بەردەست نیە هێندە نەبێت كە ناوى لە ناو هاوەڵاندا هاتووەو لە سەردەمى موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیاندا وەفاتى كردووە.[15]

سیماكى كوڕی نوعمان (رضي الله عنه)

ناوى سیماكى كوڕی نوعمانى كوڕی قەیسە، لە پشتیوانانە، برایەكى هەبوو بە ناوى فضالە كە هەردووكیان پێكەوە لە غەزاى ئوحوددا بەشداربوون.[16]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 173.

[2] - أسد الغابة، ج2، ص 524.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 556.

[4] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 243.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 472.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 556.

[7] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 243.

[8] - صحيح مسلم، الرقم 4620.

[9] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4972، صححه الذهبي في التلخيص.

[10] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 243.

[11] - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 1080.

[12] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 243.

[13] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 244.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 173.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 173.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 173.

 1422
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.