دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان بە پیتی (د) دەستپێدەكات

داوودى كوڕى سەلەمە(رضي الله عنه)

ناوى داوودى كوڕی سەلەمەیە، لە پشتیوانانە.[1]

كاتێك جوولەكەكان پێش هاتنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ پشتیوانەكان قسەیان دەكرد دەیانوت بەم زوانە كۆتاى پێغەمبەران دێت، كەچی كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بەرامبەرى بێباوەڕ بوون، ئەوەبوو بڕێك لە پشتیوانان ئامۆژگارى جوولەكەكانیان دەكرد كە بۆچی وان، لەوانە موعاذى كوڕی جەبەل و بیشری كوڕی بەڕرا ْ و داوودى كوڕی سەلەمە، دەیانوت ئەى گرۆى جوولەكەكان لەخوا بترسن و موسڵمان بن، ئێوە پێشتر باسی هاتنى ئەم پێغەمبەرەتان بۆ ئێمە دەكرد.[2]

دەهرى كوڕی ئەخرەم (رضي الله عنه)

ناوى دەهرى كوڕی ئەخرەمى كوڕی مالیكی ئەسلەمیە، بوخارى دەڵێت هاوەڵی پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم) و فەرموودەى لێوە نەگێردراوەتەوە.[3]

دەوس(رضي الله عنه)

ناوى دەوسەو خزمەتكارى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، لە گێڕانەوەیەكى لاوازدا هاتووە كاتێك عوثمانى كوڕی عەففان لە مەككە بوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی بۆ نارد(وا دەوسی مەولاى پێغەمبەرى خوام ناردووە بۆ لات و فەرمانم پێكردووە ئالآكە بخاتە بەردەستت، وە خالیدی كوڕی وەلیدم ناردووە بۆت تا لاى راستى سەربازگەكەت بۆ ببات بەڕێوە).[4]

دەومى كوڕی قەیس(رضي الله عنه)

ناوى دەومی كوڕی قەیسى كەلبیە، وەك وەفد هاتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش ئالآیەكى دایە دەست تا ئەمیری موسڵمانانى كەلبیەكان بێت.[5]

دەیلەمى حیمیەرى (رضي الله عنه)

ناوى دەیلەمى كوڕی فەیرووزە، لە حیمیەر نیشتەجێ بوو و بەو هۆیەوە بە دەیلەمى حیمیەری ناسراوە، یەكەم كەس بوو دواى چوونى موعاژ بۆ یەمەن لە یەمەنەوە هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، واتە لە دواساڵەكانى ژیانى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) هاتە خزمەتى.[6]

لەسەر هەریەك لە فەیرووزى دەیلەمى و دەیلەمى حیمیەری تێكەڵبوونێك لە نێوان زانایاندا روویداوە، هەرچەندە ئەوانە دوو هاوەڵی جیاوازن، بەڵام لەبەرئەوەى هەردووكیان یەك فەرموودەیان گێڕاوەتەوە بۆیە ئەو تێكەڵبوونە روویداوە.[7]

دەیلەم دەڵێت وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئێمە لە ناوچەیەكی ساردى و سەرماداین و كارى زۆر دەكەین، جا لەم جۆیە كە هەیە ئاوەكەى دەگرین بۆ ئەوەى هەم وزەمان پێ بدات و هەم بەرگەى سەرماش بگرین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  ئایا كەس سەرخۆش دەكات؟ وتم بەڵێ، فەرمووى:  دەى دووربكەونەوە لێی، وتم دەى خەڵكی وازى لێ ناهێنن، فەرمووى: (فإن لم یتركوە فقاتلوهم)،[8] (ئەگەر وازیان لێ نەهێنا لەگەڵیان بجەنگن).

دەیلەم یەكێك بوو لە بەشداربوانى فەتحى میصر.[9]

دجاجە(رضي الله عنه)

ناوى دجاجەیە، كچێكی هەبوو بە ناوى جسر، ئیبنولموبارەك لە كتێبەكەیدا (الزهد) گێڕانەوەیەكى هێناوە كە دجاجە سەبارەت بە ئەبووذەر گێڕوایەتیەوە كە ئەبووذەر خۆی دوورگرتووە لە دەنگەدەنگى مندالآن.[10]

 

دجاجەى كچى ئەسماْ  (رضي الله عنها)

ناوى دجاجەى كچى ئەسمائە، سەرەتا ژنى عومەیر بوو بەڵام عومەیر تەلآقی دا، بۆیە عامیری كوڕی كورز بەهاوسەری گرت و كوڕێكی لێی بوو بە ناوى عەبدوڵا.[11]

 

 

دلیجە(رضي الله عنه)

ناوى دلیجەیەو وردەكارى سەبارەت بە باوك و بنەماڵەى نەهاتووە، دواتر لە حیمص نیشتەجێ بوو، پەرستشی زۆر بوو، تەنانەت هێندە شەونوێژی هەبوو كە قاچەكانى قڵیشیان بردبوو.[12]

دوبیەى كچى خالید(رضي الله عنها)

ناوى دوبیەى كچی خالیدی كوڕی نوعمانە، كونیەكەى ئومموسەمماكە، موسڵمان بوو و بەیعەتى دا بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[13]

دورەیدى كوڕی زەید(رضي الله عنه)

ناوى دورەیدى كوڕی زەیدە، لە پشتیوانانە لە ساعیدیەكان، لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[14]

دورەیدى كوڕی كەعب(رضي الله عنه)

ناوى دورەیدی كوڕی كەعبە، یەكێك بوو لە سەركردەكانى فتووحاتى ئیسلامى، ئەمەش بەڵگەى هاوەڵ بوونیەتى، چونكە پێشتر باسمان كرد كە گەورە هاوەڵانى خیلافەتى راشیدین تەنها هاوەڵانیان دەكرد بە سەركردە.[15]

 

دورەیدی راهیب(رضي الله عنه)

ناوى دورەیدە، یەكێكە لەو كەسانەى كە نەججاشی وەك وەفد ئەوانى نارد بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، كاتێك گوێیان لە قورئان بوو دەستیان كرد بە گریان، ئەوەبوو ئایەتى خوا لەبارەیانەوە دابەزى (وإذا سمعوا ما أنزل إلى الرسول ترى أعينهم تفيض من الدمع).[16]

پێشتر باسی ئەوەمان كردووە كە ئەو وەفدەى نەججاشی كێ و كێ بوون و بۆچی هاتن بۆ مەدینە.

 

دوڕرەى كچى ئەبووسوفیان (رضي الله عنها)

ناوى دوڕرەى كچی ئەبووسوفیانى كوڕی حەربە، رایەكیش دەڵێت: بەڵ:و ناوى حەمنەیە، رایەكیش دەڵێت: ناوى عیززە بووە، خوشكى ئومموحەبیبەى دایكی باوەڕداران و هاوسەری پێغەمبەرى خوایە.[17]

ئوممو حەبیە دەڵێت وتم ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خوشكەكەم بەهاوسەر بگرە، فەرمووى بۆ مەگەر حەلآڵە بۆم؟، ئینجا پێی فەرمووم (كچ و خوشك و پوور و دایكەكانتان پێشنیاز مەكەن بۆم).[18]

 

دوڕرەى كچى ئەبوولەهەب(رضي الله عنها)

ناوى دوڕرەى كچى ئەبوولەهەبى مامى پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم)، ئەم ئافرەتە باوەڕی هێنا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و كۆچیشی كرد بۆ مەدینە.[19]

دایكى دوڕرە ناوى ئومموجەمیلى كچى حەربە.[20]

كاتێك دوڕرە كۆچى كرد بۆ مەدینە لە ماڵی رافیعى كوڕی موعەللا دابەزى، ئەوەبوو بڕێ لە ئافرەتان پێیان دەوت تۆ كچی ئەبوولەهەبیت كە ئایەتى خواى لەسەر دابەزیوە ئیتر كۆچكردنت چ دادێكت دەدات؟ دوڕرەش چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و مەسەلەكەى بۆ باسكرد، ئەویش فەرمووى: (دابنیشە)، ئینجا بەرنوێژی كرد بۆ خەڵكەكەو نوێژی نیوەڕۆش بوو، پاشان ساتێك لەسەر مینبەرەكە دانیشت و دواتر فەرمووى: (يا أيها الناس مالي أوذى في أهلي؟ فوالله إن شفاعتي لتنال قرابتي حتى أرحاء وحكما وصدى وسلهب بما لها يوم القيامة لقرابتي[21] (ئەى خەڵكینە ئەوە چیە ئازارى كەسوكارم دەدرێت؟ سوێند بەخوا شەفاعەتم نزیكانم دەگرێتەوە تا ئەوەى هەریەك لە ئورحائو حەكەم و صودا و سەلهەبیەكانیش دەگرێتەوە لە رۆژی دواییدا لەبەرئەوەى نزیك و خزمى منن).

دوڕرە هاوسەری حارثى كوڕی نەوفەل بوو، ئەوەبوو عوقبەو وەلید و منداڵی تریشی لێ بوو، مێردەكەى بە بێباوەڕی لە بەدردا كوژرا، دواى ئەوە شووى كرد بە دیحیەى كەلبی.[22]

دوڕرە دەڵێت: بە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) وت ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چ كەسێك باشترینە؟ فەرمووى: (أتقاهم لله عزوجل  أوصلهم لرحمه و آمرهم بالمعروف و أنهاهم عن المنكر)،[23] (ئەوەیان كە لەخواترس ترینەو ئەوەیان زیاتر فەرمان دەكات بە چاكەو رێگرى زیاتر دەكات لە خراپە).

دوعثوورى كوڕی حارث(رضي الله عنه)

ناوى دوعثوورى كوڕى حارثه و سەرەتا بێباوەڕێكی سەرسەخت بووەو دواتر بوویە هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[24]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بیستى دەستەیەك لە غەطهفانیەكان دەیانەوێت گورزى خۆیان بوەشێن، بە چوارسەدو پەنجا كەسەوە دەرچوو بۆیان، غەطهفانیەكان كە ئەوەیان بیست رایانكرد بەرەو بەرزاییەكان، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەوێ دایكوتا و مایەوە، لێزەمەیەك دایكرد، جا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو دەست بە ئاو بگەیەنێت، ئەوەبوو بەهۆی بارانەكەوە جلەكەى تەواو تەڕ بوو، دوایی جلەكەى لابرد و هەڵیخست بە دارێكدا تا وشك بێتەوەو خۆیشی لەژێر دارەكەدا راكشا، ئەوانەش رایانكردبوو ئاگادارى ئەمە بوون، بۆیە بە دوعثوورى كوڕی حارثيان وت دەرفەتت لەبەردەستە وا موحەممەد لە هاوەڵەكانى دابڕاوە و كەس دادى نادات، بڕۆ و بیكوژە، ئەویش شمشێرێكی زۆر چاك و تیژی هەڵبژارد و هاتە سەر سەری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و شمشێرەكەى هەڵكرد و وتى ئەی موحەممەد ئەمڕۆ كێ هەیە لە دەستى من رزگارت بكات؟ ئەویش فەرمووى:  (الله عزوجل) خواى گەورە، ئەوەبوو جیبریل پاڵی نا بە سنگى دوعثوورەوەو شمشێرەكەى لە دەست كەوتە خوارەوەو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شمشێرەكەى هەڵگرت و لەسەر سەری دوعثوور وەستا و فەرمووى: : ئەى كێ تۆ لەدەست من رزگار دەكات؟ دوعثوور وتى كەس نیە، ئینجا شایەتومانى هێنا و وتى ئیتر هەرگیز بەرامبەرت ناوەستمەوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) شمشێرەكەى دایەوە دەستى و دوعثووريش چوو، ئینجا لایكردەوەو وتى سۆند بەخوا تۆ زۆر لە من باشتریت، كە درا لەسەر سنگم زانیم ئەوە فریشتەى خوایە، ئینجا دوعثوور چوویەوە ناو هۆزەكەى و كەوتە بانگەواز كردن بۆ ئیسلام، ئەوەبوو ئایەتى خوا دابەزى (يا أيها الذين آمنوا اذكروا نعمة الله عليكم إذ هم قوم أن يبسطوا إليكم أيديهم فكف أيديهم عنكم).[25]

 

دوكەینى كوڕى سەعید(رضي الله عنه)

ناوى دوكەینى كوڕی سەعیدی موزەنیە، ئەم هاوەڵە لەو هاوەڵانەیە كە دواتر لە كووفە نیشتەجێ بوو.[26]

دوكەین دەڵێت: ئێمە نزیكەى چوارسەد كەس دەبووین كە هاتین بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و داواى خواردنمان لێكرد،[27] لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە دەڵێت: چوارسەد و چل كەس دەبووین، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە عومەرى فەرموو (هەستەو خواردنیان پێ بدە)، عومەر بە پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) فەرموو خواردنەكە كەمە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد پێیان بدات، ئەویش  وتى بەسەرچاو ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)،هەستا و ئەوانى برد بۆ ژوورێك و كلیلەكەى هێنا و دەرگاكەى كردەوە، سەیرمان كرد هێندەى بەچكەوشترێك چەندە ئەوەندە خورما هەیە، دەستمان كرد بە بردنى خورما و هەركەسمان بەشی پێویستى خۆی خورماى برد، دواى هەموویان من لامكردەوە چونكە من كۆتا كەسیان بووم، كەچی دەتوت ئەو خورمایە دەستى لێنەدراوە.[28]

دیحیەى كوڕی خەلیفە(رضي الله عنه)

ناوى دیحیەى كوڕی خەلیفەى كوڕی فەروەی كەلبیە، یەكێكە لە هاوەڵە گەورەو ناسراوەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، هێندە شێوەی جوان بووە كە بە نموونە باس كراوە.[29]

دیحیە لەپێش غەزاى بەدردا موسڵمان بووە، بەڵام تیایدا بەشدار نەبوو،[30] ئەمەش تانەیەك نیە بۆ ئەم هاوەڵە، چونكە هاوەڵانێكی زۆر لە غەزاى بەدردا بەشدار نەبوون.

رایەك دەڵێت لە غەزاى ئوحودەوە بەشدارى غەزاكان بووە، رایەكى تر دەڵێت: بەڵكو لە غەزاى خەندەقەوە بەشدارى غەزاكان بووە.[31]

دوڕرە هاوسەری حارثى كوڕی نەوفەل بوو، ئەوەبوو عوقبەو وەلید و منداڵی تریشی لێ بوو، مێردەكەى بە بێباوەڕی لە بەدردا كوژرا، دواى ئەوە شووى كرد بە دیحیەى كەلبی.[32]

جارێك جبرەئیلى فریشتە لە شێوەی دیحیەى كەلبیدا دابەزى بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).

دیحیە نێردراوى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو بۆ لاى پاشای بوصرا و نامەیەكى پێدا ناردبوو تا پاشای بوصرا نامەكە بدات بە قەیصەرى گەورەى رۆمەكان.[33]

دیحیە دەڵێت: كە گەیشتمە ئەوێ وتم مۆڵەت وەربگرن بۆ نێردراوى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئەوەبوو چوون بۆ لاى قەیسەر و وتیان پیاوێك لەبەردەرگایە دەڵێت: ئەو نێردراوى پێغەمبەرى خوایە، بەو قسە ترسێك دایگرتن، ئینجا قەیسەر وتى بیكەنە ژوورەوە، كە چوومە ژوورەوە دەبینم بەتاریقەكانى لە دەوریدان، منیش نامەكەم دایە دەست و بۆی خوێنرایەوە، لە نامەكەدا هاتبوو (بەناوى خواى گەورە، لە موحەممەدى پێغەمبەرى خواوە بۆ قەیسەری بەرپرسی رۆم)، برازایەكى لەوێ بوو هەڵچوو و وتى ئەو نامە مەخوێنەرەوە، ئەو سەرەتا ناوى خۆی هێناوە، هەروەها لەبری ئەوەی بنووسێت پاشاى رۆم نووسیویەتى بەرپرسی رۆم، بەڵام نامەكە خوێنرایەوە تا تەواو بوو، ئینجا قەیسەر فرمانى كرد هەموان چوونەدەرەوە، ئینجا داواى كرد من بە تەنیا چوومە ژوورەوە، سەبارەت بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پرسیارى لێكردم و منیش وەڵامم دایەوە، ئینجا داواى ئوسقوفێكی كرد و هاتە ژوورەوە، ئەو كابرایە خاوەن راى یەكەم بوو كە لە هەموو شتێكدا راى وەردەگیرا، كاتێك ئوسقوفەكە نامەكەى خوێندەوە وتى سوێند بەخوا ئەمە هەمان كەسە كە مووسا موژدەى هاتنى پێداوین و عیسا ئاگادارى كردینەوە لە هاتنى، قەیسەر وتى ئەی ئەڵێیت چی بكەم؟ ئوسقوفەكە وتى من خۆم باوەڕی پێ دێنم و شوێنی دەكەوم، قەیسە وتى منیش دەزانم وایە بەڵام ناتوانم شوێنی بكەوم، چونكە ئەگەر وا بكەم دەسەلآتەكەم نامێنێت و رۆمەكانیش دەمكوژن.[34]

لە غەزاى خەیبەردا كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستكەوتەكانى دابەش دەكرد، دیحیە هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كەنیزەكێكم پێ ببەخشە، ئەویش فەرمووى: (بڕۆ كەنیزەكێك ببە)، دیحیەش چوو صەفییەى كچی حویەی برد، كەسێك هات وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چۆن كچی سەرۆك هۆزەكە دەدەیت بە دیحیە، دەبێت بۆ تۆ بێت، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) داواى كرد دیحیە هاودەم بە صەفییە بێت، ئەویش هات، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى  لەبرى صەفییە كەنیزەكێكی تر هەڵبژێرە، دیحیەش وایكرد و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) صەفییەى ئازاد كرد و مارەی كرد.[35]

جارێك دیحیەى كەلبى دوو جووت خوففى لەگەڵ جبەیەكدا بە دیارى بەخشی بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش قبووڵی كرد و بەكارى هێنان تا دڕان.[36]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) جارێك بە تەنها دیحیەى وەك سریەیەك نارد.[37]

جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕێك قوماشی قیبتى بۆ هات، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) یەكێك لەو جلانەى بەخشی بە دیحیە و فەرمووى:  بیكە بە دوو كەرتەوە، كەرتێك بكە بە جل بۆ خۆت و ئەوى تری بدە بە ژنەكەت تا سەرو ملى خۆی پێ دابپۆشێت، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ویستى بڕوات فەرمووى: (فەرمان بكە بە ژنەكەت تا لەژێریشیەوە جلێك بپۆشێت تا جەستەى دەرنەكەوێت).[38]

دیحیە هێندە كەسێكی جوان و كەشخە بوو كە دەهاتە دەرەوە چی كیژۆڵەى (كچانێ كە زۆریان نەمابوو باڵغ بن) مەدینە هەبوو تەماشایان دەكرد.[39]

بە گێڕانەوەیەكى لاواز هاتووە كە جارێك دیحیە لە گوندێكی دیمەشقەوە چوو بۆ گوندى قدر كە نزیكەى سێ میل دوور بوو، ئەو چوونەشی لە رەمەزاندا بوو، رۆژووی شكاند و خەڵكانێكیش لەگەڵیدا رۆژویان شكاند و هەندێكی دیكەشیان رۆژووەكەیان نەشكاند، كاتێك گەڕایەوە بۆ گوندەكەى خۆی وتى بەخوا ئەمڕۆ خەڵكانێكم بینی لە سوننەتى پێغەمبەى خوا و هاوەڵانى لایاندا، مەبەستى ئەوانە بوو كە رۆژووەكەیان نەشكاندبوو.[40]

دیحیە یەكێك بوو لە بەشداربوانى جەنگى یەرمووك،[41] تا سەردەمى موعاویەى كوڕی ئەبوو سوفیان ژیا.[42]

دیرهەم (رضي الله عنه)

ناوى دیرهەمە، كوڕێكى هەبوو بە ناوى زیاد كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە، دیرهەم دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (اختضبوا بالحناء و الكتم، فإنه يزيد في جمالكم و شبابكم و نكاحكم[43] (خەنەو كەتەم بەكاربهێنن چونك جوانی و گەنجى و هاوسەرگیریتان زیاد دەكات).

كەتەم جۆرە گیایەكە لە یەمەن كە رەنگێكى لێ بەرهەم دێ مەیلەو رەشە، خەنەش سووررەنگە، كاتێ هەردووكیان بەكاردێن رەنگێكى سوورو رەش تێكەڵ دەبێت.

سەبارەت بە بەكارهێنانى خەنەو كەتەم لەلایەن پیاوانەوە بۆ كەسانى پیر سوننەتەو پێغەمبەرى خواش (صلى الله عليه وسلم) لە چەندین فەرموودەدەا فەرمانى پێكردووە، وەك دەفەرمویت: : (إنَّ اليهود والنصارى لا يصبغون فخالفوهم)،[44] بەڵام رەنگى ڕەش نابێت و بە حەرام دانراوە، بەڵكو ئەوەى هەیە بەكارهێنانى خەنەو كەتەم حەلآڵە، بە داخەوە ئەمڕۆ لەلایەن گەنجانى موسڵمانەوە بۆیەى رەش تەنانەت بۆ تۆخكردنى رەشی ڕیش و سەریش بەكاردێت بێ گوێدانە ئەوەى ئایا حەلآڵە یان نا.

دینارى كوڕی حەییان (رضي الله عنه)

ناوى دینارى كوڕی حەییانى ریبعیە، دەڵێت: لەگەڵ باوكم چووینە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و من ئەو كات منداڵ بووم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى نام دینار، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باوكمى ناردو باوكم شەهید بوو.[45]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 383.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 383.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 391.

[4] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2318.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 392.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 392.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 393.

[8] - سنن أبي داود، الرقم 3216، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 23235، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17694، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4088، صححه شعيب الأرناؤوط، كما صححه شعيب الأرناؤوط في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 3683.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 393.

[10] - الزهد لابن المبارك، دار الكتب العلمية، بيروت، ص470.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 633.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج، ص 390.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج 7، ص 633.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 391.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 387.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 386.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 633.

[18] - صحيح ابن حبان، الرقم 4171، صححه شعيب الأرناؤوط.

[19] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 634.

[20] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 50.

[21] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 6986، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 20500، الآحاد و المثاني ابن أبي عاصم، الرقم 2802.

[22]- الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 634.

[23] - الآحاد و المثاني لابن أبي عاصم، الرقم 2804.

[24] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 34.

[25] - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 1030، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 34.

[26] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 390.

[27] - الآحاد و المثاني لابن أبي عاصم، الرقم 977.

[28] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 17243، صححه شعيب الأرناؤوط.

[29] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 384-385.

[30] - سير أعلام النبلاء، ج2،  551.

[31] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 384-385.

[32]- الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 634.

[33] - صحيح البخاري، الرقم 2803، مستخرج أبي عوانة، الرقم 5397.

[34] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4081، دلائل النبوة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 236.

[35] - صحيح البخاري، الرقم 367، صحيح مسلم، الرقم 2639.

[36] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 32787،

[37] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 553.

[38] - سنن أبي داود، الرقم 3607، ضعفه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 4116.

[39] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 554.

[40] - سنن أبي داود، الرقم 2073، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4080، ضعفه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 2413.

[41] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 551.

[42] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 385.

[43] - معرفة الصحابة لابي نعيم الاصبهاني، الرقم 2314.

[44] -  صحيح البخاري، الرقم 3293 و 5566، صحيح مسلم، الرقم 4019، سنن أبي داود، الرقم 3689، سنن ابن ماجة، الرقم 3618، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 9048، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 13847، صحيح ابن حبان، الرقم 5548، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 7092 و 7875 و 9002، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 5820.

[45] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 394.

 1504
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.