دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان بە پیتی (ع) دەستپێدەكات و زانیاری لەسەریان كەمە -5-

عیتبانى كوڕی مالیك(رضي الله عنه)

ناوى عیتبانى كوڕی مالیكى كوڕی عەمرە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، بە راى جمهوور یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر.[1]

بوخارى هێناویەتى كە عیتبان لە بەشداربوانى غەزاى بەدرە.[2]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان عیتبان و عومەرەوە.[3]

عیتبان لە هەریەك لە غەزاكانى بەدر و ئوحودو خەندەقدا بەشدارى كرد، دواتر بینایی لەدەستدا.[4]

عیتبان دەڵێت جارێك ئازارێك لە چاومدا دروست بوو، كەسێكم نارد بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتم حەز دەكەم بێت بۆ لام و لە ماڵەكەمدا نوێژ بكات، ئەویش هاودەم بە ژمارەیەكی زۆر لە هاوەڵانى هات بۆ لام،[5] پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (حەز دەكەیت لە چ شوێنێكی ماڵەكەتدا نوێژ بكەم؟) منیش وتم لەو شوێنە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستی كرد بە نوێژ و ئێمەش لە دوایەوە ریزمان بەست و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دوو ركات نوێژی كرد.[6]

ئەم بەسەرهاتە بە چەند شێوەی تر لە صەحیحی بوخاریدا هاتووەو بە گشتی ئەوە دەگەیەنێت كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەر داواى عیتبان چووە بۆ ماڵی عیتبان و لەوێ نوێژی كردووەو ژمارەیەك لە هاوەڵانیشی لەگەڵیدا بون.[7]

عیتبان دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا تا لە سەردەمى موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیاندا وەفاتى كرد.[8]

عیرباضى كوڕی ساریە(رضي الله عنه)

ناوى عیرباضي كوڕی ساریەی سەلەمیەو كونیەكەى ئەبوونوجەیحە.[9]

عیرباض دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێش ئەوەى بخەوێت ئەو سوورەتانەى دەخوێند كە بە (سبح) دەستیان پێدەكرد و دەیفەرموو (ئایەتێكیان تێدایە فەزڵی زیاترە لە هەزار ئایەت).[10]

عیرباض دەڵێت جارێك جوانەوشترێكم فرۆشتبە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دواتر چووم تا بەهاكەى وەربگرمەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (وشترێكی نەجیبەت دەدەمەوە) واتە وشترێكی زۆر باشتر لەوەى خۆی.[11]

دواجار لە سەردەمى عەبدوڵاى كوڕی زوبەیردا كۆچی دوایی كرد، رایەكیش دەڵێت بەڵكو لە ساڵی حەفتا و پێنجى كۆچیدا وەفاتى كرد.[12]

عیصامى كوڕی عامیر (رضي الله عنه)

ناوى عیصامى كوڕی عامیرى كەلبیە، عیصام بتێكی هەبوو كە دەیپەرست، جارێك لاى بتەكە بوو كە دەنگێك لەناو بتەكەوە هات دەیوت ئەی عیصام ئەی عیصام ئیسلام هاتو بتەكان نەمان و پەیوەندى خزمایەتی بەستراوە، عیصامیش ترس دایگرت و چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەسەرهاتەكەى بۆ باسكرد، پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) بانگى كرد بۆ ئیسلام و عیصامیش موسڵمان بوو.[13]

 

عیصامى موزەنى (رضي الله عنه)

ناوى عیصامى موزەنیەو هاوەڵی پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم)، عیصام دەڵێت لە سریەیەكدا بووین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێنمایی پێداین و فەرمووى (إذا رأيتم مسجدا أو سمعتم مؤذنا فلا تقتلوا أحدا[14] (ئەگەر مزگەوتێكتان بینی یان دەنگى بانگبێژتان بینی ئیتر كەس مەكوژن).

عیصمەى كچی حیببان (رضي الله عنها)

ناوى عیصمەى كچی حیببانە، لە پشتیوانانەو چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[15]

عیصمەى كوڕی ریئاب(رضي الله عنه)

ناوى عیصمەى كوڕی ریئابە، یەكێكە لە بەشداربوانى رێككەوتنى حودەیبیە، لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[16]

 

عیصمەى كوڕی قەیس(رضي الله عنه)

ناوى عیصمەى كوڕی قەیسە، سەرەتا ناوى عەصیە بوو، بەڵام پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی و ناوى نا عیصمە.[17]

 

عیصمەى كوڕی مودریك(رضي الله عنه)

ناوى عیصمەى كوڕی مودریكە، عیصمە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دانیشتنى بەر خۆری پێی باش نەبوو.[18]

عیصمەى ئەسەدى (رضي الله عنه)

ناوى عیصمە یان عوصەیمەى ئەسەدیەو یەكێكە لەبەشداربوانى غەزاى بەدر، دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا تا لە جەنگى یەرمووكدا بەشدارى كرد.[19]

عیقالى كوڕی خوەیلید(رضي الله عنه)

ناوى عیقالى كوڕی خوەیلیدەو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێشنیازى بۆ كرد موسڵمان بێت بەڵام رازى نەبوو، لە جارى دووەمدا كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەمدى بانگى كرد بۆ ئیسلام، عیقال موسڵمان بوو.[20]

 

عیكریمەی كوڕی عامیر (رضي الله عنه)

ناوى عیكریمەی كوڕی عامیر یان كوڕی عەمماری قوڕەیشیە، یەكێكە لە موسڵمانبوانى پاش فەتحى مەككەو یەكێكە لە دڵراگیركراوان.[21]

 

عیلبائی عەبەسی (رضي الله عنه)

ناوى عیلبائەو چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، فەرموودەیەكی گێڕاوەتەوە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (خەڵكی كە روویانكردە دنیا زیان بە ئاخیرەتیان دەگەیەنن).[22]

عیلبائی كوڕی موڕرە(رضي الله عنه)

ناوى عیلبائی كوڕی موڕرەیەو یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى موئتەو تیایدا شەهید بوو.[23]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، 4، ص 432.

[2] - صحيح البخاري، الرقم 417.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 432.

[4] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 550.

[5] - صحيح مسلم، الرقم 73.

[6] - صحيح البخاري، الرقم 416.

[7] - صحيح البخاري، الرقم (817، 1145، 5091، ...).

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 432.

[9] - أسد الغابة، ج4، ص 22.

[10] - سنن أبي داود، الرقم 4419، سنن الترمذي، الرقم 2922و قال حديث حسن غريب، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7758، مسند احمد بن حنبل، الرقم 16829، حسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 2921.

[11] - السنن الضغرى للنسائي، الرقم 4565.

[12] - أسد الغابة، ج4، ص 23.

[13] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 501.

[14] - سنن أبي داود، الرقم 2279واللفظ له، سنن الترمذي، الرقم 1510و قال حسن غريب، ضعفه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 2635، قال شعيب الأرناؤوط حسن لغيرهو هذا إسناد ضعيف، ضعفه أحمد شاكر في سنن الترمذي.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج8، ص26.

[16] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 502.

[17] - معجم الصحابة لابن قانع، ج2، ص 295.

[18] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 4827.

[19] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 504.

[20] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 518.

[21] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 539.

[22] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 545.

[23] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 545.

 2255
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.