دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  خالیدی كوڕی سەعید(رضي الله عنه)

ناوى خالیدی كوڕی سەعیدی كوڕی عاصی كوڕی ئومەییەیە، لە قورەیشیەكانە لە ئومەویەكان، كونیەكەى ئەبوو سەعیدە، دایكی ناوى ئومموخالیدی كچی حوبابە.[1]

خالید زۆر زوو موسڵمان بوو، دەوترێت چوارەم یان پێنجەم كەس بووە موسڵمان بووە.[2]

ژنەكەى خالید ناوى ئومەیمەی كچی خەلەف بوو كە ئەویش هاودەم بە مێردەكەى موسڵمان بوو.[3]

خالید و براكانى حەوت برا بوون، سێ لەو برایانەى بە بێباوەڕی مردن، چواریشیان گەیشتنە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و بە موسڵمانى مردن،[4] برایەكى ناوى ئوحەیحە بوو كە لە جەنگى فیجاردا كوژرا،[5] عاص و عوبەیدەش كە دوو براى تری بوون لە جەنگى بەدر بە بێباوەڕی بە دەستى موسڵمانان كوژران، عەلى كوڕی ئەبوو طالیب عاصی كوشت و عوبەیدەش بە دەستى زوبەیر كوژرا.[6]

هەریەك لە ئەبان و عەمر دوو براى ترى بوون كە هەر زوو لە مەككە موسڵمان بوون،[7] حەكەمى برایشی دواتر موسڵمان بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوەكەى گۆڕی و ناوى نا عەبدوڵا.[8]

سەبارەت بە هۆكارى موسڵمان بوونى خالید دەوترێت بەهۆی خەوێكەوە بووە كە بینیویەتى، لە خەویدا لە بەرزاییەكەوە بووە كە خوارەوە هەموو ئاگر بووەو باوكى ویستوویەتى بیخاتە ناو ئەو ئاگرەوە، لەو كاتەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رزگارى كردووە، بۆیە كە بەیانى رۆژ بوویەوە خالید چوو بۆ لاى ئەبووبەكرى صدیق و مەسەلەكەى بۆ باس كرد، ئەبووبەكریش وتى دەى شوێن موحەممەد بكەوە چونكە ئەو بووە بە پێغەمبەرى خوا، بەوە تۆ رزگارت دەبێت بەڵام باوكت دەكەوێتە ناو چاڵە ئاگرینەكەوە، خالیدیش چوو بۆ لاى پێغەمبەرى خواو وتى بانگەواز بۆ چی دەكەیت؟ ئەویش فەرمووى:  بانگت دەكەم تا خواى تاك و تەنها بپەرستیت و هاوەڵى بۆ دانەنێیت و شایەتى بدەیت موحەممەد بەندەو نێردراوى خوایەو خۆت لە پەرستشی بەردێ داماڵیت كە نە دەبیستێت و نە سوود و زیان و بینینى هەیە و نە دەزانێت كێ دەیپەرستێت و كێ نایپەرستێت، خالیدیش وتى دەى من شایەتى دەدەدم هیچ پەرستراوێ نیە جگە لە خوا و تۆیش پێغەمبەرى خوایت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) زۆر دڵخۆش بوو بە موسڵمان بوونەكەى،[9] دواتر كە باوكى زانى موسڵمان بووە سزاى دا و نان و خۆراكى لێ قەدەغە كرد، تەنانەت نەیدەهێشت براكانیشی قسەی لەگەڵدا بكەن، خالیدیش وتى بەخوا با ئەوانەشم لێ بگریتەوە خواى گەورە هەر رۆزیەكم دەدات پێی بژیم، ئینجا چوو بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و لەوێ مایەوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) رێزی دەگرت،[10] دواتر دەرفەتى وەرگرت و لەگەڵ هاوسەرەكەیدا كۆچی كرد بۆ خاكى حەبەشە، لەوێ خواى گەورە كچێكی پێ بەخشی كە ناسراوە بە ئومموخالید،[11] كوڕێكیشی پێ بەخشی بە ناوى سەعید.[12]

عەمرى برایشی یەكێك بوو لە كۆچەرانى حەبەشە و هەر لەوێ مانەوە.[13]

سەعیدی كوڕی عاص كە باوكى خالید بوو زۆر دژایەتى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دەكرد، جا كە نەخۆش كەوت، دەیوت ئەگەر خوا ئەم جارە لەم نەخۆشیەم راستم بكاتەوە نابێت خواكەى ئیبن ئەبی كەبشە(مەبەستی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو) لەناو مەككەدا بپەرسترێت، خالیدی كوڕیشی دەیوت خوایە راستی نەكەیتەوە.[14]

لە حەبەشە كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پەیامى نارد تا ئومموحەبیبەی لێ مارە بكرێت، خالیدی كوڕی سەعید كە ئامۆزاى ئومموحەبیبە بوو بەرپرسیارێتی مارەكردنى ئومموحەبیبەى گرتەئەستۆو نەججاشیش وەكیلی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو بۆ قبووڵی گرێبەستى هاوسەرگیریەكە، نەججاشی بە ئومموحەبیبەى راگەیاند كەسێك راسپێرە تا مارەت بكەم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش هەواڵی نارد بۆ خالیدی كوڕی سەعید و ئەوی كرد بە وەكیل.[15]

لە غەزاى خەیبەردا كە هاوەڵانى حەبەشە بەرەو مەدینە گەڕانەوە، هەریەك لە خالید و عەمرى براى هاودەم بە جەعفەرى كوڕی ئەبووطالیب گەڕانەوە بەرەو مەدینە، پێغەمبەرى خوایش هەندێ بەرپرسیارێتی بەخشی بە خالید وەك كۆكردنەوەى زەكاتى خەڵكی موذحیج.[16]

سەعیدی باوكى خالید بڕێك كۆیلەى هەبوون، جا كە دواتر مرد و كۆیلەكان بە میرات گیران، خالید ئەوەى خۆی بەخشی بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) قبووڵی كرد و كۆیلەكەى ئازاد كرد.[17]

خالیدی كوڕی سەعید نووسەری خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و نامەكانى بۆ دەنووسی،[18] هەروەها سروشیشی بۆ دەنووسیەوە.[19]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر دڵنیا بوو لە خالید، ئەوەتا لە كاتى گەمارۆی طائیفدا كاتێك ئەزرەقی كوڕی عوقبە هاتە خوارەوەو موسڵمان بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دایە دەست خالیدی كوڕی سەعید و رایسپارد تا پێویستیەكانى بۆ دابین بكات و زانیاریە ئایینیەكانى فێر بكات.[20]

كاتێك لە ساڵی نۆی كۆچیدا وەفدى ثهقیف هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، خالیدی كوڕی سەعید لەنێوان ئەوان و پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دەڕۆیشت بە ڕێدا، چونكە لێیان دڵنیا نەبوو، جا كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خواردنى دەنارد بۆ وەفدەكە هیچ كام لێیان نەدەخوارد تا خالیدی كوڕی سەعید لێی دەخوارد، دواجاریش كە رێككەوتن خالید نامەكەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) نووسی بۆیان.[21]

دواتر كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد و خالیدی لە یەمەنەوە گەڕایەوە، بینی ئەبوبەكر بەرپرسە، بە وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دڵگران بوو و بە دەربڕینێكی هەڵە خەمبارى خۆی دەربڕی، بۆیە عومەر لێی تووڕە بوو و ئەو قسانەشی گەیاند بە ئەبووبەكر كە راى خالید چۆن بووە، بەڵام ئەبووبەكر ئەو قسانەى نەگرتەدڵ و خەڵكی كۆكردەوەو وتارێكی پێشكەش كرد و باسی جیهادى كرد بۆیان، دواتر ئالآى دەدایە دەست سەركردەكان تا جەنگى هەڵگەڕاوەكان بكەن، ئالآى یەكەمیشی دایە دەست خالیدی كوڕی سەعید تا بەرەو شام بڕوات، هەرچەندە عومەر هێشتا لێی تووڕە بوو و هەوڵیدا بەر بە راكەى خەلیفە بگرێت، بەڵام ئەبووبەكر لە نیازى خالید تێگەیشت و ئەوەى نەگرتەدڵ.[22]

خالیدی كوڕی سەعید لە جەنگى هەڵگەڕاوەكاندا رۆڵێكی بەرچاوى بینی.[23]

خەلیفە ئەبووبەكر ئەوی كرد بە بەرپرسی بەشێك لە سوپاى رۆژهەلآتى شام،[24] خالیدی كوڕی سەعیدیش بەرەو تیما چوو و لەوێ كە لە هۆزە عەرەبیەكانى ناو رۆمەكان نزیك بوویەوە، زۆرێك لە هۆزەكانى ئەوێ  بلآوەیان لێكرد و زۆرێكیان موسڵمان بوون، خالیدیش هەواڵی نارد بۆ ئەبووبەكر، ئەبووبەكریش فەرمانى پێكرد پێشڕەوى بكات و وەلیدی كوڕی عوتبەو عیكریمەى كوڕی ئەبوو جەهل و دەستەیەكى زۆریشی نارد بۆ یارمەتیدانى، خالید پێشڕەوى كرد و سەركردەى رۆمەكانى لە ئیلیا شكاند كە ناوى ماهان بوو، ماهان بەرەو دیمەشق رایكرد و خالیدیش كەوتە دواى، تا گەیشتنە مەرج صەفرا، لەوێ بارەكە بە پێچەوانە شكایەوەو خالیدی كوڕی وەلید و سوپاكەى رایانكرد، بەڵام عیكریمە خۆی راگرت و راینەكرد، دواتر ئەبووبەكری صدیق شورەحبیلی كوڕی حەسنەى بەرەو شام نارد، كە گەیشتە لاى خالید سوپاكەى خالیدی لەگەڵ خۆی برد، بڕێكیش لە سوپاكەى هەر مابوونەوە، دواتر ئەبووبەكر موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیانیشی نارد بەرەو شام، ئەویش پاشماوەى ترى سوپاكەى خالیدی لەگەڵ خۆی بەرەو شام برد، ئینجا ئەبووبەكر مۆڵەتى دا خالید بگەڕێتەوە بۆ مەدینەو وتى عومەر باشتر دەیناسی.[25]

خالید لە جەنگى ئەجنادەینیشدا بەشدارى كرد و لەو جەنگەدا پێكراو شەهید بوو، جا ئەو كەسەی كە كوشتى دواتر موسڵمان بوو، دەیوت كاتێك كوشتم دەمبینی رووناكیەكى درەوشاوە لەوەوە تا ئاسمان بەرز بووبوویەوە،[26] بەڵام لە رایەكى تردا هاتووە خالید لە جەنگى مەرج صوفردا كوژراوە،[27] رایەكیش دەڵێت: بەڵكو لە جەنگى جسردا شەهید بووە.[28]

جارێك لە جەنگێكدا خالید یەكێك لە بێباوەڕەكانى كوشت و جلەكەی كردە بەر، خەڵكی تەماشایان دەكرد بۆچی ئەو جلە جوانەى كردوەتەبەر، خالیدیش وتى چیە بۆچی سەیر دەكەن، كێ حەزى بەوەیە با وەك خالید بێباوەڕێك بكوژێت و وەك ئەویش جلەكەى بپۆشێت.[29]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 236.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 236

[3] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 144.

[4] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1ص62-63.

[5] - أسد الغابة، ج1ص60.

[6] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1ص62.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص16.

[8] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1ص63.

[9] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 33.

[10] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 33.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 237.

[12] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5040.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 237.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 237.

[15] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 143-144.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 238.

[17] - البداية و النهاية لابن كثير، ج5، ص 314.

[18] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 34.

[19] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 340.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 46.

[21] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 30.

[22] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 3.

[23] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 119.

[24] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 238.

[25] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 4.

[26] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 260.

[27] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5044.

[28] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 50.

[29] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 260.

 1891
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.