دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  سەلمانى فارسی (رضي الله عنه) - بەشی دووەم

سەلمان دواتر هەر بە كۆیلەیی مایەوەو نەیتوانى بەشدارى غەزاى بەدر و ئوحود بێت، چونكە ئەو هێشتا كۆیلە بوو.[1]

جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەلمانى بینی و پێی فەرموو ئەی سەلمان گرێبەستی خۆكڕینەوە لەگەڵ خاوەنەكەت بكە، سەلمان دەڵێت منیش حەزم كرد و چووم لەگەڵ خاوەنەكەم قسەم كرد و ئەویش مەرجى سێ سەد دارخورماى دانا كە خۆم بیاننێژم تا بە تەواوى خۆدەگرن، هەروەها چل ئۆقیەشی لەسەر دانام، چوومەوە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەسەرهاتەكەم بۆ باسكرد، ئەویش بە هاوەڵانى فەرموو هاوكارى براكەتان بكەن، ئیتر هەركەسەو بە بڕێك یارمەتى دەدام، هەبوو بە سی نەمام و هەبوو بە بیست و هەبوو بە پانزە نەمام یارمەتى دەدام تا هەر سێ سەد نەمامەكەم كۆكردەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەی سەلمان بڕۆ و چاڵیان بۆ هەڵكەنە، كە لێبوویتەوە وەرە بۆ لام تا خۆم بە دەستەكانى خۆم نەمامەكان بخەمە چاڵەكانەوە، منیش چووم بۆ چاڵ هەڵكەندنەكەو هاوەڵەكانیشم یارمەتییان دەدام، كە لێبوومەوە چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و هەواڵم پێدا، ئەویش لەگەڵم هات، یەك یەك نەمامەكانمان دەدایە دەستى و ئەویش دەیخستە ناو چاڵەكانەوە، سوێند بەوەى گیانى سەلمانى بەدەستە یەك دانەش چیە لەو نەمامانە نەفەوتان، بەوە دارخورماكانم تەوابوو بوون، ئینجا مایەوە چل ئۆقیەكە، پاش ماوەیەك هێندەى هێلكە مریشكێك زێڕ لە غەزایەكەوە نێردرایەوە بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى كابراى فارسی چی كرد؟ ئەوەبوو هاوەڵان هاتن بە شوێنمدا و منیش چووم بۆ خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، فەرمووى ئەوە ببەو ئەوەی لەسەرتە بیدەرەوە، منیش وتم ئەی پغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوە چۆن بەشی هەموو قەرزەكەم دەكات؟ فەرمووى بیبە خوا بەوە قەرزەكەت بۆ دەداتەوە، منیش بردم، بڕی هەر چل ئۆقیەكەم لێكێشا و ئازاد بووم، ئیتر لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە ئازادى بەشدارى غەزاى خەندەق بووم، دواى ئەوە یەك غەزاش لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دوانەكەوتم و لە هەموویاندا بەشدار بووم.[2]

سەلمان لە غەزاى خەندەقدا بەشدار بوو، كاتێك بێباوەڕان هاتن بەرەو مەدینە، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) راوێژەكەى سەلمانى فارسی وەرگرت كە پێشنیارى كرد بە دەورى مەدینەدا خەندەقێك لێبدرێت، ئەو جۆرە كارە پێشتر لەناو عەرەبدا باوى نەبوو، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) راكەى وەرگرت و بۆ هەر دەستەیەك بڕێكی دانا تا هەڵیبكەنن، خودى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى هەڵكەندنەكە بوو.[3]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ هەر دە كەسەو بیست باڵی دانا تا هەڵیبكەنن، كۆچەران وپشتیوانان مشتومڕی ئەوەیان بوو هەركام دەیانوت سەلمان لە ئێمەیە، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى سەلمان لەئێمەى ئەهلوبەیتە.[4]

سەلمان دەڵێت لە لایەكەوە خەریكی خەندەق هەڵكەندنەكە بووم كە تاشەبەردێكی گەورە هاتە ڕێم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لێمەوە نزیك بوو و منى بینی و زانى ئەو بەردە زۆر ماندووكەرە، هات و زەنگنەكەى لە دەستم وەرگرت، یەكجار لێیدا و بزیسكەیەكى كرد، جاری دووەم وسێیەمیش هەروا بزیشكەی كرد، منیش وتم بە دایك و باوكمەوە بە قوربانت بم ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەو بزیسكانە چی بوون؟ فەرمووى ئەی سەلمان تۆ ئەوانەت بینی؟ وتم بەڵێ، فەرمووى (یەكەمیان خواى گەورە دەرگاى یەمەنى بەسەردا كردمەوە، دووەمیان خوا دەرگاى شام و مەغریبی بەسەردا كردمەوە، سێیەمیشیان بەوە خواى گەورە دەرگاى رۆژهەلآتى بەروودا كردمەوە.[5]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان سەلمانى فارسی و ئەبوودەردائەوە، جا جارێك سەلمانى فارسی چوو بۆ سەردانى ئەبوودەردا ْ، بینی ژنەكەى ئەبوودەردا ْ جلوبەرگێكی شڕۆڵ و سیمایەكى ناشیرینی هەیە، وتى بۆچی ئاوایت؟ ئەممودەردا ْ وتى ئەبوودەردائی برات هیچ پێویستیەكى بە دنیا نیە، سەلمان وەستا تا ئەبوودەردا ْ هاتەوە، خواردن خرایە بەردەمیان، ئەبوودەردا ْ وتى تۆ نان بخۆ، من بەڕۆژووم، سەلمان وتى تا تۆ نەخۆیت منیش ناخۆم، ناچار ئەویش خواردى، دواتر كە شەو هات ئەبوودەردا ْ ویستی هەستێت بۆ شەونوێژ، سەلمان وتى بخەوە، ئەویش خەوت، دواى ماوەیەكى دى هەمدى هەستا ویستی شەونوێژ بكات، سەلمان وتى بنوو، كە نزیك بوویەوە لە كاتى بانگ، سەلمان وتى هەستە ئێستا كاتی شەونوێژە، هەردووكیان پێكەوە هەستان و شەونوێژیان كرد، سەلمان بە ئەبوودەردائی وت جەستەت مافی هەیە بەسەرتەوە، پەروەردگارت مافی هەیە بەسەرتەوە، میوانت مافی هەیە بەسەرتەوە، ژن و منداڵت مافی هەیە بەسەرتەوە، جا هەركەسەو مافی خۆی بدە، دواتر هەردووكیان چوونە خزمەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بەسەرهاتەكەیان بۆ گێڕایەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (سەلمان راستی وتووە).[6]

سەلمان لە غەزاى طائیفیشدا بەشدار بوو، لەو غەزایەدا راوێژی دا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا مەنجەنیق بەكار بهێنن، سەلمان خۆیشی مەنجەنیقەكەى بەكارهێنا.[7]

ئەبووهورەیرە دەڵێت جارێك لە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دانیشتبووین كە سوورەتى جوموعە دابەزیە سەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)(واخرین منهم لما یلحقوا بهم)، منیش وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوانە كێن؟ وەڵامى نەدامەوە، تا سێ جار پرسیم و ئەویش وەڵامى نەدامەوە، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستی خستە سەر سەلمان و فەرمووى (لو كان الإيمان عند الثريا، لناله رجال - أو رجل - من هؤلاء[8] (ئەگەر ئیمان لە سورەییاش بێت، بە دڵنیاییەوە كەسێك یان كەسانێك لەمانە دەستی خۆیانى پێدەگەیەنن).

سەلمانى فارسی دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (إن لله مائة رحمة، فمنها رحمة بها يتراحم الخلق بينهم وتسعة وتسعون ليوم القيامة[9] (خواى گەورە سەد رەحمەت و سۆزى هەیە، لەو سەد رەحمەت و سۆزە یەك بەشی ئەوەیە كە بەندەكان لەنێوان خۆیاندا هەیانە، نەوەدو نۆ بەشەكەى تری بۆ رۆژى دواییە).

جارێك ئەبووسوفیان داى بەلاى سەلمانى فارسی و بیلال و صوهەیب و چەند كەسێكی تردا، ئەوانیش تانەیان لێدا، ئەبووبەكر وتى ئەوە پیاوماقوڵی قوڕەیشە، واى پێ دەڵێن؟! دواتر ئەبووبەكر هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەسەرهاتەكەى بۆ گێڕایەوە، ئەویش فەرمووى (ئەی ئەبووبەكر لەوانەیە تووڕەت كردبن، ئەگەر ئەوانت تووڕە كردبێت ئەوە پەروەردگارتت تووڕە كردووە)، خێرا ئەبووبەكر چوویەوە بۆ لایان و وتى برا ئازیزەكانم ئەرێ ئێوەم تووڕە نەكرد؟ وتیان نا ئەی ئەبووبەكر خوا لێت خۆش بێت.[10]

 

سەلمان لە سەردەمى ئەبووبەكرى صدیقدا

لێرەدا بابەتێك سەبارەت بە سەلمانى فارسی دەخرێتەڕوو كە لاى شیعەكان وەك یەقین باس دەكرێت و لا ئەهلى سوننەش بە گومان و شوبهە تەماشا دەكرێت، ئەویش بریتیە لە مەسەلەى بەیعەتدان بە ئەبووبەكرى صدیق، شیعە پێیان وایە سەلمان بە هیچ جۆرێك بەیعەتى نەدا بە ئەبووبەكری صدیق تا دواى بەیعەتدانەكەى عەلى كوڕی ئەبووطالیب.

پێشتر لە ژیانى ئەبووژەرى غیفاری (جوندوبی كوڕی جونادە) دا باسى بەیعەت نەدانى هەندێ لە هاوەڵانمان كردووەو لێرەدا دووبارەى ناكەینەوە.



[1] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 510.

[2] - سير أعلام النبلاء، 1، ص 510-511.

[3] - تاريخ اليعقوبي، ج2، ص 50.

[4] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6582، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 5904، ضعفه الذهبي في التلخيص.

[5] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 99.

[6] - سنن الترمذي، الرقم 2395، صحيح ابن خزيمة، الرقم 1993، سن نالدارقطني، الرقم 1995، صحه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 2413.

[7] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 348.

[8] - صحيح البخاري، الرقم 4617،

[9] - صحيح مسلم، الرقم 5051.

[10] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 540.

 1335
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.