دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەخرەم (رضي الله عنه)

ئەخرەم بە سوارچاكى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناسراوە،[1] بە ئەخرەم ناوى دەركردووە،[2] بەڵام ناوى موحریزی كوڕی نەضلهى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی موررەى كوڕی كەبیرى كوڕی غەنمى كوڕی دودانى ئەسەدیە،[3] كونیەكەشی ئەبوونەضلهیە،[4]هاوپەیمانى بەنى عەبدشەمس بووە، بەنو عەبدولئەشهەل باس لەوە دەكەن هاوپەیمانى ئەوان بووە.[5]

ئەم هاوەڵە لە كۆچەرانە،[6] نازناوێكیشی هەبووە كە پێی وتراوە (فهيرة[7] ئیبن كەثير ئەڵێت پێی وتراوە قومەیر،[8]موحریز كەسێكى سپی رەنگ بوو و دەموچاوێكى زۆر جوانى هەبوو.[9]

كاتێ موسڵمانان بە فەرمانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچیان كرد بۆ مەدینە، موسڵمانانى بەنو غەنمیش كۆچیان كرد بۆ مەدینە، موحریزى كوڕی نەضلهش لەگەڵیان بوو.[10]

موحریز برایەكى هەبوو بەناوى موحەممەد، ئەویش هاوەڵى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و لەگەڵ موحریزی برایدا كۆچی كرد بۆ مەدینە.[11]

كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، ئەخرەم و عومارەى كوڕی حەزمى ئەنصارى كرد بە براى یەك.[12]

ئەخرەم بەشدارى هەر سێ غەزاى بەدر و ئوحود و خەندەقی كرد.

لە غەزاى ذى قەرەد لە ساڵی شەشی كۆچی و لە تەمەنى سی و حەوت یان سی و هەشت ساڵیدا شەهید بوو.[13]

موحریز باس لەوە دەكات كە خەوی دیوە ئاسمانى دنیاى بۆ كراوەتەوە و ئەویش چوەتە ناوى تا گەیشتوەتە ئاسمانى پێنجەم تا گەیشتوەتە (سدرة المنتهى)، دەڵێت پێم وترا ئەوە شوێنى تۆیە، بەیانى چووم بۆ لاى ئەبووبەكر كە لە هەموان شارەزاتریى زیاتر بوو بە لێكدانەوەى خەو، كاتێ خەوەكەم بۆ گێڕایەوە وتى موژدەت لێ بێت شەهیدیت پێ دەبەخشرێ، ئەوەبوو رۆژێ دواى ئەوە شەهید بوو.[14]

غەزاى ذى قەرەد ئەو غەزایە بوو كە عویەینەى كوڕی حصنى فەزازى بە بڕێ سوارەوە هەڵیكوتایە سەر وشترەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پیاوێكى بەنى غیفار لەگەڵ خێزانەكەى لاى ئەو وشترانە بوو، شالآوبەرەكان ئەو پیاوەیان كوشت و ژنەكەیشیان بە وشترەكانەوە برد، لەو كاتەدا سەلەمەى كوڕی عەمرى ئەسلەمى ئەوەى بینی و  كۆیلەیەكى طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵاشی لەگەڵدا بوو كە بڕێ ئەسپی پێ بوو، كە گەیشتە (ثنية الوداع) و ئەوەى بینی هاوارى كرد (واصباحاە)، ئینجا كەوتە شوێن ئەو شالآوبەرە بێباوەڕانە و تیربارانى ئەكردن، هاوارەكەى ئیبنولئەكوەع گەیشتە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش هاوەڵانى ئاگادار كردەوە و بڕێ لە هاوەڵان گوێیان لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و خێرا چوونە خزمەتى، لەوانە موحریزى كوڕی نەضله، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەعدى كوڕی زەیدى كرد بە ئەمیریان، یەكەم كەس گەیشت بەو شالآوبەرانە موحریز بوو، موحریز سوارى ئەسپێ بووبوو كە هى مەحموودى كوڕی مەسلەمە بوو،[15] كاتێ گەیشت بە دوژمن پێی وتن ئەی گرۆی بەنى لوكەیعە بوەستن تا كۆچەران و پشتیوانان كە بەدواتانەوەن پێتان ئەگەن.[16]

سەلەمەى كوڕی ئەكوەع دەڵێت: جڵەوى ئەسپەكەى ئەخرەمم گرت و پێم وت ئەى ئەخرەم وریایان بە تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و هاوەڵانى دەگەن، ئەخرەم وتى ئەى سەلەمە ئەگەر بڕوات هەیە بەخوا و رۆژی دوایی و دەزانیت بەهەشت حەقە و دۆزەخ حەقە، مەكەوەرە نێوان من و شەهیدبوونمەوە (ڕێی شەهیدیم لێمەگرە)، سەلەمە ئەڵێت منیش وازم لێهێنا، ئەخرەم چوو تا گەیشت بە عەبدورەحمان و لەگەڵی جەنگا و ئەسپەكەى عەبدورەحمانى بریندار كرد، عەبدورەحمانیش داى لە ئەخرەم و كوشتى و چووە سەر ئەسپەكەى ئەخرەم تا ئەبوو قەتادە هات و عەبدورەحمانى كوشت.[17]



[1] - أسد الغابة، ج1، ص88، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص37.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج5، ص783.

[3] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج3، ص1364، أسد الغابة، ج5، ص74، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص95.

[4] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص95.

[5] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج3، ص 1364.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص486، أسد الغابة، ج4، ص147، ج5، ص75.

[7] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج3، ص 1365.

[8] - البداية والنهاية لإبن كثير، ج4، ص150.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص95.

[10] - أسد الغابة، ج5، ص75.

[11] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهانى، الرقم 640.

[12] - أسد الغابة، ج4، ص147.

[13] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج3، ص 1365.

[14] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص98.

[15] - البداية والنهاية لإبن كثير، ج4، ص150.

[16] - البداية والنهاية لإبن كثير، ج4، ص151.

[17] - صحيح مسلم، الرقم 3476، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16290، مصنف بن أبي شيبة، الرقم 36340، صحيح ابن حبان، الرقم 7296، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 16642.

 2503
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.