دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڵاى كوڕی عەبدولئەسەد(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی عەبدولئەسەدى كوڕی هیلالى مەخزوومیە، یەكێكە لە دەستەى یەكەمى موسڵمانبوان، دەوترێت یانزەهەم كەس بووە موسڵمان بووە، پوورزاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و براى شیری پێغەمبەرە(صلى الله عليه وسلم)، دایكی ناوى بەڕرەى كچی عەبدولموطهلیبە، كونیەكەى ئەبووسەلەمەیەو زیاتر بە كونیەكەى ناسراوە.[1]

حەلیمە پێش ئەوەى دایەنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بكات و شیردەرى بێت، شیرى داوە بە حەمزەى مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دواى ئەوەش شیری داوە بە ئەبوو سەلەمەى كوڕی عەبدولئەسەدى مەخزوومى.[2]

عەبدوڵا یەكێك بوو لە كۆچەرانى حەبەشەو لە هەردوو كۆچی حەبەشدا بەشدارى كرد،[3] دەوترێت یەكەم كەس بوو كۆچی كرد بۆ حەبەشە، دواتریش گەڕایەوە بۆ مەككەو لەوێش كۆچی كرد بۆ مەدینەو یەكەم كەس بووكۆچی كرد بۆ مەدینە،[4] لە كۆچەكانیشیدا ئوموسەلەمەى خێزانیشی لەگەڵ خۆی برد.[5]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە برایەتى خستە نێوان سەعدى كوڕی خەيثهمە و ئەبووسەلەمەى كوڕی عەبدولئەسەدەوە.[6]

عەبدوڵا یەكێكە لەبەشداربوانى غەزاى بەدر، دواتریش لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كردو لە ئوحوددا بریندار بوو،[7] نزیكەی مانگێك برینپچی ئەو برینەى دەكرا تا دواتر باش بوو،[8] پاش ئەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە مانگى صەفەردا ئەبووسەلەمەى كرد بە ئەمیری سریەیەك بۆ سەر بەنى ئەسەد، كاتێك لەو سریەیە گەڕایەوە برینەكەى جەنگى ئوحودى تەقی و لە مانگى جومادیلئاخیرەدا بەو هۆیەوە وەفاتى كرد.[9]

هەروەها كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ غەزاى عوشەیرە، ئەبوسەلەمەى كرد بە بەرپرسی مەدینە تا دەگەڕێتەوە.[10]

ئومموسەلەمەى خێزانى ئەبووسەلەمە كە دواتر شووی كرد بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بەسەرهاتى خۆی لەگەڵ ئەبووسەلەمە دەگێڕێتەوەو دەڵێت جارێك بە ئەبووسەلەمەم وت بیستوومە ئافرەت كە مێردەكەى مرد و لە دەستەى بەهەشتیەكان بوو و ئافرەتەكەش بەهەشتی بوو و شووی نەكردەوە، خوا لە بەهەشتدا كۆیان دەكاتەوە، بۆ پیاویش هەروا، دەى وەرە با من بەڵێنت پێ بدەم دواى تۆ شوو نەكەم و تۆیش دواى من ژن نەهێنیت، ئەبووسەلەمە وتى گوێڕایەڵم دەبیت؟ منیش وتم فەرمان بكە تا گوێڕایەڵت بم، عەبدوڵا وتى ئەگەر من مردم شوو بكە، دواتر وتى خوایە دواى من پیاوێكی باشتر ببەخشە بە ئومموسەلەمە كە دڵتەنگ و نارەحەتى نەكات، ئەوەبوو كە ئەبووسەلەمە مرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داواى ئومموسەلەمەى كرد.[11]

عەبدوڵا كوڕێكی هەبوو بە ناوى سەلەمە كە دواى وەفاتى خۆی، كاتێك ئومموسەلەمەى خێزانى شووی كرد بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، سەلەمە لە ماڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گەورە بوو و مایەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)ئومامەى كچی حەمزەى مارە كرد لە سەلەمە، ئەوكات هەردووكیان تازەپێگەیشتووبوون.[12]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص152-153.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 108.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 87.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 154.

[5] - أسد الغابة، ج3، ص 300.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 481.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 154.

[8] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 87.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 154.

[10] - أسد الغابة، ج3، ص 300.

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 88.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص149.

 1287
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.