دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (بودەیل) بووە

بودەیل (رضي الله عنه)

دەوترێت ناوى بودەیل یان بورەیل یان بورەیرە، لە كۆچەرانە، باوكى ناسراوە بە ئەبوو مەریەم یان ئەبووماریە.[1]

بودەیل (رضي الله عنه)

ئەم هاوەڵە جیایە لە بودەیلی كوڕی ئەبومەریەم، فەرموودەیەكى گێڕاوەتەوە كە ئیبن حەجەر دەڵێت سەنەدەكە كەسی لاوازى تێدایە، بودەیل دەڵێت پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بینی لەسەر خوف مەسحى دەكرد.[2]

 

بودەیلی كوڕى سەلەمە (رضي الله عنه)

ناوى بودەیلی كوڕی سەلەمەى كوڕی خەلفی كوڕی عەمرى خوزاعى سەلوولیە، زیاتر بە بودەیلی كوڕی ئوم ئەصرەم ناسراوە، بودەیل شاعیرێكى دیاریش بوو و لە فەتحى مەككەدا شیعری دەوت.[3]

دایكی ناوى ئوم ئەصرەمى كچی ئەحجەمى خوزاعیە،[4] بودەیلیش زیاتر بە ناوى دایكیەوە ناسراوە.[5]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەریەك لە بودەیل و بوسری كوڕی سوفیانى نارد بۆ لاى بەنى كەعب تا ئاگاداریان بكاتەوە بێن بۆ فەتحى مەككە.[6] 

لە فەتحى مەككەدا بودەیل بەشدار بوو و بە شیعر وەڵامى ئەنەسی كوڕی زنیمى دایەوە. [7]

 

بودەیلی كوڕی عەمری خەطهمى (رضي الله عنه)

ناوى بودەیلی كوڕی عەمری خەطهمیە، لە پشتیوانانە.[8]

بودەیل دەڵێت چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پێشنیازى روقیەی حەییەم لا كرد، ئەویش مۆڵەتى دام و نزاى بەرەكەتى كرد بۆ روقییە.[9]

ئیبن حەجەر دەڵێت لە سەنەدى ئەم گێڕانەوەدا كەسی نەناسراو هەیە.[10]

 

بودەیلی كوڕی كولثوم (رضي الله عنه)

ناوى بودەیلی كوڕی كولثومى خوزاعیە، هاتوەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)،كاتێك قورەیش ناپاكییان نواند لە رووی خوزاعەدا بودەیل هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[11]

گێڕانەوەیەك هاتووە كاتێك بودەیل چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شیعرێكى هۆنیەوە: لا هم إني ناشد محمدا...

بەڵام ئیبن حەجەر دەڵێت ئەو سەنەدە مونقەطيعهو ئەو شیعرە هی عەمری كوڕی سالمە نەك هی بودەیل بێت،[12] لەوانەیە هەر ئەم خاوەنێتیەى شیعرە وای كردبێت هەندێك لەبری بودەیلی كوڕی كولثوم ناوى عەمری كوڕی كولثوم دێننن بۆیە ئیبن ئەثير دەڵێت ئەوانە لێیان تێكچووەو ئەو عەمرە كوڕی سالمى كوڕی كولثومەو ناوى سالمەكەیان پەڕاندووە.[13]

بودەیلی كوڕی وەرقاء(رضي الله عنه)

ناوى بودەیلی كوڕی وەرقائی كوڕی عەمری كوڕی رەبیعەی خوزاعیە،[14] دانیشتووی مەككە بوو.[15]

كوڕێكى هەبوو بە ناوى عەبدوڵا كە لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا لە جەنگى صفیندا كوژرا،[16] كوڕێكى تری هەبوو بە ناوى سەلەمە.[17]

بودەیل لە پێش فەتحى مەككەدا موسڵمان بووبوو، دەشوترێت بەڵكو رۆژی فەتحى مەككە موسڵمان بوو.[18]

گێڕانەوەیەك نیشانى دەدات بودەیل لە فەتحى مەككەدا موسڵمان بووە، بودەیل دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە رۆژی فەتحدا سەیری كردم رەشی بە مووەكانمەوە مابوو، پێی فەرمووم تەمەنت چەندە؟ وتم تەمەنم نەوەدو حەوت ساڵە، فەرمووى خوا تەمەن و ڕەشیت-ڕەشی مووت- زیاد بكات.[19]

لە صولحى حودەیبیەدا بودەیلی كوڕی وەرقا لەگەڵ چەند كەسێكی هۆزەكەیدا هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هەواڵی پێدا كە قوڕەیش رێ نادەن بچێتە مەككە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی پێدا و فەرمووى (ئێمە نەهاتوین لەگەڵ كەس بجەنگین بەڵكو هاتوین عومرە بكەین، قورەیش جەنگ سەری خواردون و زیانى گەیاندووە پێیان، ئەگەر بیانەوێت ماوەیەك لێیان دەوەستم تا رێمان بدەن... بودەیل وتى پەیامەكەت دەگەیەنم پێیان، ئەوەبوو چوو تا گەیشتە لاى قوڕەیش، وتى ئێمە لاى ئەو پیاوەوە هاتوین وگوێمان لێی بوو قسەیەكى كرد، ئەگەر حەزتان لێ بێت دەیخەینەروو بۆتان، گەمژەكانیان وتیان هیچ پێویستمان بەوە نیە قسەی ئەومان بۆ بگێڕیتەوە، هەندێ لە ژیرەكانیان وتیان ئادەى بڵێ چیت لێ بیست؟ ئەویش قسەكەى گێڕایەوە بۆیان.[20]

بودەیلی كوڕی وەرقا دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێكردم كەنیزەك و سامانە –غەنیمەكانى جیهاد- لە جەعرانە بوەستێنم و لەوێ ئاگاداریان بم تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی دێت بۆ ئەوێ.[21]

لە گێڕانەوەى تردا هاتووە بودەیل لەلایەن پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێدرا هەواڵی قوڕەیشی بۆ بهێنێت.[22]

سەبارەت بە مردنى دوو ڕا هەیە، یەكەمیان دەڵێت لە پێش وەفاتى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) كۆچی دوایی كرد، دووەمیشیان دەڵێت لە جەنگى صفیندا كوژرا، بەڵام ئیبن حەجەر دەڵێت عەبدوڵاى كوڕی لە جەنگى صفیندا كوژرا.[23]

 

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە حەجى ماڵئاواییدا بودەیلی بە وشترەكەیەوە نارد  تا لە رۆژی مینادا بەناو خەڵكدا هاوار بكات ئەم رۆژانە رۆژانى خواردن و خواردنەوەن.[24]

لە رۆژی فەتحى مەككەدا خەڵكى قورەیش پەنایان دەبرد بۆ ماڵی بودەیلى كوڕی وەرقا و رافیعی مەولاى.[25]

بودەیل و عەبدوڵاى كوڕیشی لە هەریەك لە غەزاكانى حونەین و تەبووكدا بەشدارییان كرد.[26]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص274.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص274.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص273.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص273.

[5] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص151.

[6] - أسد الغابة، ج1، ص254.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص273.

[8] - أسد الغابة، ج1، ص254.

[9] - أسد الغابة، ج1، ص254، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص273.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص273.

[11] - أسد الغابة، ج1، ص255.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص274.

[13] - أسد الغابة، ج1، ص255.

[14] - أسد الغابة، ج1، ص256.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص275.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص275.

[17] - أسد الغابة، ج1، ص256.

[18] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص150.

[19] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص276.

[20] - صحيح البخاري، الرقم 2601، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17483، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 18540، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 16840.

[21] - المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 7386.

[22] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17483، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 18540، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 16840.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص276.

[24] - مسند ابن أبي شيبة، الرقم 18285

[25] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص150.

[26] - أسد الغابة، ج1، ص256، الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص150.

 1960
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.