دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (حارث) بووە -بەشی حەوتەم-

حارثى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عەمرى كوڕی حەرامى كوڕی زەیدە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، برایەكى هەبوو بە ناوى سەعدى كوڕی عەمر كە هەردووكیان پێكەوە لە غەزاى ئوحوددا بەشدار بوون، لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا بەشدار بوون لە جەنگى صفیندا و لەناو سوپاى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا بوون.[1]

 

حارثى كوڕی عەمرى خەزرەجى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عەمرى كوڕی غەزیەیە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان.

حارثى كوڕی عەمرى سەهمى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عەمرى كوڕی حارثى كوڕی ئیاسى باهیلی سەهمیە، كونیەكەى ئەبومەسقەبەیە،[2] كوڕێكى هەبوو بە ناوى كەریم، زورارەى كوڕەزاشی فەرموودەى لێوە گێڕاوەتەوە،[3] كوڕێكیشی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا كە فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[4]

حارث دواتر لە بەصرە نیشتەجێ بوو.[5]

زورارە دەڵێت حارثى كوڕی عەمرى سەهمى بۆی گێڕامەوە دەیوت چوومە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كاتێك لە مینا بوو و خەڵكیش سەردانیان دەكرد، ئینجا ئەعرابیەكان دەهاتن بۆ لاى، كاتێك دەموچاوى پێغەمبەریان (صلى الله عليه وسلم) دەبینی دەیانوت ئەمە دەموچاوێكى پیرۆزە.[6]

حارث دەڵێت وتم ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) داواى لێخۆشبوونم بۆ بكە، ئەویش فەرمووى خوایە لێمان خۆش بە، منیش چووم لەولایەوە وەستام و وتم ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) داواى لێخۆشبوونم بۆ بكە، ئەویش فەرمووى خوایە لێمان خۆش بە، ئینجا فەرمووى (أيها الناس، أي يوم هذا؟ وأي شهر هذا؟ فإن دماءكم وأموالكم وأعراضكم عليكم حرام كحرمة يومكم هذا، وبلدكم هذا، وشهركم هذا، اللهم هل بلغت؟ وليبلغ الشاهد الغائب)، (ئەى خەڵكینە ئەمڕۆ چ رۆژێكە، چ مانگێكە؟ دەى خوێن و سامان و ئابڕووتان لە یەكتر حەرامە وەك حەرامى ئەمڕۆتان و ئەم خاكەتان و ئەم مانگەتان، خوایە ئایا گەیاندم؟ با ئەوەى ئامادەیە بیگەیەنێت بەوەى ئامادە نیە)، ئینجا فەرمانى كرد بە صەدەقەو فەرمووى (صەدەقە بكەن چونكە من نازانم لەوانەیە ئیتر لەمڕۆ بەدواوە نەمبیننەوە).[7]

حارث دەڵێت كاتێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لەسەر وشترەكەى بوو هەرجارەو لە لایەكەوە دەچووم و داوام لێدەكرد داواى لێخۆشبوونم بۆ بكات، ئەویش دەیفەرموو خوا لێتان خۆش بێت، منیش هەوڵمدەداو حەزم دەكرد بە تایبەت نزام بۆ بكات كەچی هەر دەیفەرموو خوا لێتان خۆش بێت.[8]

ئەم گێڕانەوەش نیشانەى پاكى نیاز و راستگۆیی دڵ و زمانى هاوەڵانە لە گواستنەوەى فەرموودەكانى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) و چی ویست و حەزێكی شەخصی خۆیان دوور گرتووە لە تێكەڵكردن بە فەرموودە، هەرچەندە ئەم چەند جارێك داواكەى دووبارە كردوەتەوە بەڵام پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) رازى نەبووە، كەچی ئەم هاوەڵە نەك هەر ئەوەى فەرموودەكەى دەستكارى نەكردووە، بەڵكو ئامادەش نەبووە بیشارێتەوە، لەكاتێكدا ئەم گێڕانەوەیە بەڵگەیە لەسەر رازینەبوونى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بە داواكەى، هەروەك ئاماژەشە بە لەبەرچاو گرتنى بارى دەروونى هاوەڵان و هەوڵی كپكردنەوەى حەزى خۆجیاكردنەوە.

 

 

 

حارثى كوڕی عەمرى طائى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عەمرى طائیە، دواتر چوو لە شام نیشتەجێ بوو، یەكێك بوو لە موجاهیدانى رێی خوا و تا كاتى وەفاتى بەردەوام لە مەیدانى جیهاددا بوو، ئەوەبوو كاتێك بۆ غەزا چوو بوو بۆ ناوچەى ئەرمینیا لەوێ كۆچی دوایی كرد.[9]

حارثى كوڕی عەمرى عەدوى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عەمرى قوڕەیشی عەدویە، یەكێكە لەو حەفتا كەسەی كە لە ساڵی فەتحى خەیبەردا كۆچیان كرد بۆ مەدینە.[10]

 

حارثى كوڕی عەمرى ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عەمرە، لە پشتیوانانە، ئەم هاوەڵە مام یان خاڵۆی بەرائی كوڕی عازبە.[11]

بەرائی كوڕی عازب دەڵێت حارثى كوڕی عەمر (كە بڕوا وایە مامى یان خاڵی بێت) منى لەگەڵ خۆیدا برد كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەركێكی پێ راسپاردبوو، وتم مامە گیان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تۆ بۆ كوێ دەنێرێت؟ وتى ناردوومى تا بڕۆم بدەم لە گەردنى پیاوێك كە باوەژنەكەى خۆی مارە كردووە.[12]

حارثى كوڕی عوبەید (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عوبەیدى كوڕی رەزاحە، لە پشتیوانانە، كوڕێكیشی هەبوو بە ناوى نەصر، هەم خۆی و هەم كوڕەكەشی هاوەڵی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بون.[13]

حارثى كوڕی عوبەیدە (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عوبەیدەى كوڕى حارثى قورەیشیە، عوبەیدەى باوكى لە جەنگى بەدردا شەهید بوو.[14]

حارثى كوڕی عوقبە (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عوقبەى كوڕی قابووسی موزەنیە، ئەم هاوەڵە لەگەڵ وەهبی مامیدا بە بڕێك مەرو مالآتەوە هاتە مەدینە، كاتێك سەیریان كرد مەدینە چۆڵە هەواڵیان پرسی، وتیان پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵان لە ئوحود دەجەنگن، ئەوانیش هاتن بۆ ئوحود و لەوێ موسڵمان بوون و هەر لەوێش جەنگان تا كوژران،[15] عومەر دەیوت خۆشەویستترین مەرگێك حەزى پێ بكەم مەرگى موزەنیەكانە.[16]

حارثى كوڕی عومەیرى ئەزدى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عومەیرى ئەزدیە،[17] نێردراوى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو بۆ لاى پاشاى بوصرا تا نامەى بۆ بەرێت، بەڵام كە گەیشتە ناوچەی موئتە لەوێ شورەحبیلى كوڕی عەمرى غەسانى رێی پێ گرت و بەستیەوەو كوشتى، كاتێكیش پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەو هەواڵەی بیست سوپایەكى سێ هەزار كەسی ئامادە كرد و ناردى بۆ موئتە و وەسیەتى كرد یەكەمجار خەڵكی موئتە بانگ بكەن بۆ ئیسلام، ئەگەر وەڵامیان نەبوو ئینجا لەگەڵیان بجەنگن.[18]

 

حارثى كوڕی فەروە (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی فەروەى كوڕی شەیتانە، باپیری لەبەر زۆری جوانیەكەى پێی دەوترا شەیتان، ئەم هاوەڵە وەك وەفد هاتوەتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).[19]

 

حارثى كوڕی قەیس (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی قەیسى غەسسانیە، یەكێك بوو لە كەسایەتیە دیارەكان و شاعیر بوو، وەك وەفد هاتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[20]

 

 

 

حارثى كوڕی قەیسى ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی قەیسى كوڕى خەلدەیە، كونیەكەى ئەبوو خالیدە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان لە زورقیەكان،[21] لە بەیعەتى عەقەبە وغەزاى بەدر و غەزاكانى تریشدا بەشدار بوو، لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد، لەو جەنگەدا برینێكى سەختى تووش بوو، لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا وەفاتى كرد.[22]

حارثى كوڕی كەعب (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی كەعبى كوڕى عەمرى كوڕى عەوفە، لە پشتیوانانە لە بەنى نەججار لە مازنیەكان، لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و لەو جەنگەدا شەهید بوو.[23]

حارثى كوڕی كورز (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی كورزە، دواتر لە حیمص نیشتەجێ بوو.[24]

حارثى كوڕی مەسعوود (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی مەسعوودى كوڕی عەبدەیە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، دواى وەفاتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە جەنگى جسردا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[25]

 

حارثى كوڕی موخاشین (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی موخاشینەو یەكێكە لە هاوەڵە كۆچەرەكان.

حارثى كوڕی موخاشین دواى وەفاتى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ژیا و چوویە بەصرەو لەوێ نیشتەجێ بوو و گۆڕەكەشی لەوێیە.[26]

حارثى كوڕی موڕرە (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی موررەى جوهەنیە، خالیدى كوڕی وەلید لە كاتى هێرش بردنە سەر عێراقدا حارثى كوڕی موررەى كرد بە بەرپرسی سوپاى قوضاعە.[27]

حارثى كوڕی موضرەس(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی موضرەسی كوڕی عەبدریزاحە، لە بەیعەتى ريضواندا بەشداری كرد، دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە جەنگى قادسیەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[28]

حارثى كوڕی موعەللا (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی موعەللایە، یان دەوترێت ناوى رافیعە، یان دەوترێت ناوى ئەوسە، بەڵام ئیبن عەبدولبەر دەڵێت راستترین را ئەوەیە كە ناوى حارثى كوڕی نفیعە.[29]

ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانەو كونیەكەى ئەبووسەعیدە، چونكە كوڕێكی هەبوو بە ناوى سەعید.[30]

دایكى حارث ناوى ئومەیمەى كچی قرطه، ئەم هاوەڵە هەر لە حیجاز مایەوە.[31]

حارث دەڵێت من لە مزگەوت بووم و نوێژم دەكرد كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بانگى كردم، منیش وەڵامم نەدایەوە، دواتر كە تەواو بووم وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من نوێژم دەكرد، ئەویش فەرمووى (مەگەر خوا نافەرموێت (استجيبوا لله وللرسول إذا دعاكم لما يحييكم)، (بچن بە دەم بانگەوازى خواو پێغەمبەرەكەیەوە كاتێك بانگتان دەكەن بۆ شتێك كە زیندووتان دەكاتەوە))، پاشان پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووم (پێش ئەوەى بچیتە مزگەوتەوە سوورەتێكت فێر دەكەم كە گەورەترین سوورەتى قورئانە)، پاشان دەستى گرتم و كاتێك ویستى لە مزگەوت بچێتە دەرەوە پێم وت مەگەر تۆ نەتفەرموو سوورەتێكت فێر دەكەم كە گەورەترین سوورەتى قورئانە؟ ئەویش فەرمووى (الحمد لله رب العالمين هي السبع المثاني و القرآن العظيم الذي أوتيته[32] (سورەتى فاتیحە سەبعولمەثانیەو قورئانى پیرۆزە كە بۆم هاتووە).

ئیبن حەجەر سەبارەت بە حوكمى وەڵامدانەوەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە كاتى نوێژدا دەڵێت: لەوانەیە وەڵامدانەوەكەى واجب بووبێت بە رەهایی، چ بانگكراوەكە لە نوێژدا بێت یان نا، سەبارەت بەوەش ئایا بەو وەڵامدانەوەیە نوێژەكەى بەتاڵ دەبێتەوە یان نا ئەوا دەقێكى روون لە فەرموودەكەدا لەو بارەوە نەهاتووە، لەوانەیە وەڵامدانەوە واجب بووبێت با تەنانەت نوێژەكەش بەتاڵ بكاتەوە.[33]

ئیبن عەبدولبەر دەڵێت حارث لە ساڵی حەفتا و چوارى كۆچی و لە تەمەنى شەست و چوار ساڵیدا كۆچی دوایی كرد،[34] بەڵام ئەمە جێی گومانە، چونكە حارث باسی ئەوە دەكات نوێژی كردووەو پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بانگى كردووە، جا بەو پێیە بێت تەمەنێكی هەبووە، بەڵام بەپێی ئەو مێژووە بێت كە ئیبن عەبدولبەر باسی كردووە حارث لە ساڵی دەى كۆچی لەدایك بووە، واتە ساڵێك پێش وەفاتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، ئیبن حەجەریش ئاماژەی داوە بەم وردەكاریە.[35]

 

حارثى كوڕی موعەممەر (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی موعەممەرى كوڕی حەبیبى جومەحیە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى حاطب كە ئەویش كوڕێكی هەبوو بە ناوى حارث، باپیرەو باوك و كوڕ هەرسێیان پێكەوە لە كۆچەرانى حەبەشەن.[36]

 

 

حارثى كوڕی نوبەیه (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی نوبەیهەو لە هاوەڵانى ئەهلى صوففەیە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى ئەنەس كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە، ئەنەسی كوڕی لەگەڵ حوسەینی كوڕی عەلیدا كوژرا.[37]

حارثى كوڕی ئەبی ضيرار(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی ئەبی ضيرارى كوڕی حەبیبی خوزاعى موصطهلەقیە، كونیەكەى ئەبوو مالیكە، باوكى دایكی باوەڕداران جوەیریەیە.[38]

حارث كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەمر كە ئەویش دواتر موسڵمان بوو و فەرموودەشی لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[39]

كاتێك لە ساڵی پێنجى كۆچیدا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هەواڵی جوولەكەى زانى زانرا حارثى كوری ئەبی ضيرارى سەركردەى بەنى موصطهلەق وا خەریكە خەڵك بۆ جەنگى دژ بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كۆدەكاتەوە، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوەریدەى ئەسلەمى نارد تا ئەو هەواڵە پشتراست بكاتەوە، بورەیدەش چوو و حارثى دواند و زانى مەسەلەكە وایە، بۆیە گەڕایەوە بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش خەڵكی راسپارد بۆ جیهاد و دەستەیەكى زۆر لە كۆچەران و پشتیوانان بەشدارى ئەو غەزایە بوون، حارث هەواڵی هاتنى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بیست و زانى هەواڵگرەكەشی كوژراوە، حارث و دەستەو تاقمەكەى ترس دایگرتن، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) توانى سەركەوێت و ژمارەیەكى زۆریان لێ بەدیل و كەنیزەك بگرێت، بەڵام حارث و دەستەیەكى تر رایانكردبوو، یەكێك لە كەنیزەكەكانیش جوەیریەى كچی حارث بوو كە پشكى ثابتى كوڕی قەیس بوو و بە یارمەتى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خۆی كڕیەوەو بوو بە هاوسەری پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).[40]

كاتێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) جوەیریەى بە هاوسەر گرت باوكى جوەیریە هات و وتى كچی وەك كچی من نابێت بە كەنیزەك بگیرێت دەى وازى لێ بهێنەو ئازادى بكە، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى پێت چۆنە من جوەیریە خۆی سەرپشك بكەم بۆ بڕیاردان؟ ئەوەبوو باوكى پرسیارى كرد لە جوەیریە هاتنەوەت پێ باشە یان مانەوە؟ جوەیریە لە وەڵامدا وتى من خواو پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) هەڵبژاردووە.[41]

حارث دەڵێت هاتم بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش منى بانگهێشت كرد بۆ ئیسلام، منیش موسڵمان بووم و دانم نا بە موسڵمانێتیمدا، ئینجا بانگهێشتى كردم بۆ زەكات و منیش دانم پێدا نا و وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەگەڕێمەوە بۆ ناو هۆزەكەم و بانگیان دەكەم بۆ ئیسلام و زەكات دان، هەركەس هات بەدەم داواكەمەوە ئەوە زەكاتەكەى كۆ دەكەمەوە و با لە فلآنە كاتدا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نێردراوى خۆی بنێرێت بۆ لام تا چی زەكاتم كۆكردەوەتەوە بیهێنێت بۆت، ئەوە بوو حارث چوو و خەڵكەكەى بانگ كرد و زەكاتەكەى كۆكردەوەو كاتى ئەوە هات كەسێك بچێت زەكاتەكە بهێنێت، كەچی نوێنەر نەهات، حارثيش وایزانى تووڕەیی خوا و پێغەمبەرى خواى بەركەوتووە، بۆیە پیاوماقولآنى هۆزەكەى بانگ كرد و وتى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ من وادەیەكى هەبوو تا نێردراوى خۆی بنێرێت بۆ وەرگرتنى زەكاتەكەى لاى من، كەچی وا دەنگی نەبوو و وادەزانم ئەمەش تووڕەیی خوا و پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم)، دەى وەرن با بچین بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئەوكات پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وەلیدى كوڕی عوقبەى ناردبوو بۆ لاى حارث تا ئەو زەكاتەى كۆی كردوەتەوە وەریبگرێت، كاتێك وەلید چووبوو و گەیشتبوویە نیوەى رێ گەڕابوویەوە و وتبووی ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)حارث ئامادە نەبوو زەكاتەكەم بداتە دەست و ویستى بمكوژێت، بۆیە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەستەیەكى وەك نێردراو نارد بۆ لاى حارث، ئەوەبوو حارث هاودەم بە هاوەڵەكانى رێی كەوتە دەستەكە، دەستەكە وتیان ئەوە حارثه، ئەویش كە نزیك بوویەوە لێیان وتى بۆ كوێ نێردراون؟ ئەوانیش وتیان پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وەلیدى كوڕی عوقبەى ناردبوو بۆ لات و وەلیدیش دەڵێت تۆ زەكاتت پێ نەداوەو ویستووتە بیكوژیت، حارث وتى نا سوێند بەوەى موحەممەدى بە حەق ناردووە بە هیچ جۆرێك وەلیدم نەدیوەو نەهاتووە بۆ لام، ئەوەبوو كاتێك حارث چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئامادە نەبویت زەكات بدەیت و ویستووتە نێردراوى من بكوژیت؟) ئەویش وتى نا سوێند بەوەى تۆى بە حەق ناردووە ئەوم نەدیوەو نەهاتووە بۆ لام و منیش تەنها لەبەر ئەوە هاتم كە نێردراوى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كاتى خۆیدا نەهات بۆ لام و ترسام ئەوە توورەییەكى خواو پێغەمبەرەكەى بووبێت، ئیتر ئەوە بوو خواى گەورە ئایەتى دابەزاند[42](يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنْ جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَأٍ فَتَبَيَّنُوا أَنْ تُصِيبُوا قَوْماً بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَى مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ ، وَاعْلَمُوا أَنَّ فِيكُمْ رَسُولَ اللَّهِ لَوْ يُطِيعُكُمْ فِي كَثِيڕ مِنَ الأَمْرِ لَعَنِتُّمْ وَلَكِنَّ اللَّهَ حَبَّبَ إِلَيْكُمُ الْأِيمَانَ وَزَيَّنَهُ فِي قُلُوبِكُمْ وَكَرَّهَ إِلَيْكُمُ الْكُفْرَ وَالْفُسُوقَ وَالْعِصْيَانَ أُولَئِكَ هُمُ الرَّاشِدُونَ، فَضْلاً مِنَ اللَّهِ وَنِعْمَةً وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ).[43]

 

حارثى كوڕی یەزید (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی یەزیدى عامیریە، دواى وەفاتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە فتووحاتدا بەشدارى كرد، كاتێك هێرش دەكرایە سەر هیت، عومەرى كوڕی خەططاب نامەى نووسی بۆ سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص و داواى لێكرد عەمرى كوڕی مالیك بكاتە پێشڕەوى ئەو هێرشە تا گەمارۆی هیت بدات، عەمر گەمارۆی ئەوێی دا و حارثى كوڕی یەزیدى عامیری لاى نیوەكەى تری سەربازگەكە دانا.[44]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 587.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 588.

[3] - أسد الغابة، ج1، ص 498.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 588.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 588.

[6] - سنن أبي داود، الرقم 1439، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 8375، الأدب المفرد للبخاري، الرقم 1188، حسنه الألباني في صحيح أبي داود، الرقم 1529.

[7] - الآحاد و المثاني لابن أبي عاصم، الرقم 1133،

[8] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 4421، المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 6034.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 588.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 587.

[11] - أسد الغابة، ج1، ص 497.

[12] - أسد الغابة، ج1، ص 497.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 585.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 585.

[15] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 297.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 587.

[17] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 297.

[18] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 128.

[19] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 592.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 592.

[21] - أسد الغابة، ج1، ص 502.

[22] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 103.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 594.

[24] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 594.

[25] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 599.

[26] - أسد الغابة، ج1، ص 507.

[27] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 599.

[28] - أسد الغابة، ج1، ص 509.

[29] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج4، ص 1670.

[30] - أسد الغابة، ج1، ص 510.

[31] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج4، ص 1670.

[32] - صحيح البخاري، الرقم 4213 و اللفظ له، صحيح ابن خزيمة، الرقم 824، صحيح ابن حبان، الرقم 777، سنن الدارمي، الرقم 1507، سنن أبي داود، الرقم 1259، سنن ابن ماجة، الرقم 3782، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 968، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 3662، مسند الطيالسي، الرقم 1348، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 18593.

[33] - فتح الباري بشرح صحيح البخاري، ج8، ص 158-159.

[34] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج4، ص 1670.

[35] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 175.

[36] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 601.

[37] - أسد الغابة، ج1، ص 511.

[38] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 579.

[39] - صحيح البخاري، الرقم 2607.

[40] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 63-64.

[41] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 566.

[42] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 18097، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3314، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1928، قال الألباني في سلسلة الأحاديث الصحيحة، الرقم 3088: إسناده صحيح وقال الحافظ ابن كثير إنه من أحسن طرق الحديث(تفسير ابن كثير ج4، ص 210)،

[43] - الحجرات: 6-8.

[44] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 611.

 2600
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.