دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  زەینەبی كچی جەحش (دایكی باوەڕداران) (رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی كچی جەحشەو لە ئەسەدیەكانە، هاوسەری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دایكی باوەڕدارانە، دایكی ناوى ئومەیمەی كچی عەبدولموطهلیبە كە پووری پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو،[1] ئومەیمەى دایكی زەینەب تا سەردەمى خەیبەر مایەوەو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە خەیبەردا چل كۆڵ خورماى پێدا.[2]

زەینەب سەرەتا ناوى بەڕرە بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى نا زەینەب.[3]

زەینەب خوشكێكی هەبوو كە ناوى حەمنە بوو،[4] برایەكیشی هەبوو بە ناوى عەبدوڵاى كوڕی جەحش كە پێش ئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بچێتە ماڵی ئەرقەمەوە موسڵمان بوو و بەشدارى هەردوو كۆچی حەبەشەی كرد.[5]

برایەكى تری ناوى عەبد بوو كە بە ئەبوو ئەحمەد ناسرابوو، ئەویش لە كۆچەرانى حەبەشە بوو و دواتر هاتە مەدینەو هاوەڵی نزیكی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو.[6]

زەینەب زۆر زوو موسڵمان بوو و یەكێكیشە لە كۆچەران، هاوسەری زەیدی كوڕی حارثه بوو، بەڵام دواتر زەید تەلآقی دا و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوی بەهاوسەر گرتەوە.[7]

مارەییەكەى زەینەب لەلایەن زەیدەوە بریتی بوو لە دە دینار و شەست درهەم و لەچكێك و خاولیەك و درعێك و پەنجا مشت گەنم و دە مشت خورما.[8]

كاتێك زەید ویستى زەینەب تەلآق بدات، لەگەڵیدا نەدەگونجا، بۆیە دەهاتە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و سكالآى حاڵی خۆی دەكرد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) پێی دەفەرموو (لەخوا بترسەو ژنەكەت لاى خۆت بهێڵەرەوە)، ئەوەبوو زەید هەر تەلآقی داو دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زەینەبی بەهاوسەر گرت، ئەوەش لە قورئاندا باس كراوە،[9] خوا دەفەرمویت: (وَإِذْ تَقُولُ لِلَّذِي أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَأَنْعَمْتَ عَلَيْهِ أَمْسِكْ عَلَيْكَ زَوْجَكَ وَاتَّقِ اللَّهَ وَتُخْفِي فِي نَفْسِكَ مَا اللَّهُ مُبْدِيهِ وَتَخْشَى النَّاسَ وَاللَّهُ أَحَقُّ أَنْ تَخْشَاهُ فَلَمَّا قَضَى زَيْدٌ مِنْهَا وَطَرًا زَوَّجْنَاكَهَا لِكَيْ لَا يَكُونَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ حَرَجٌ فِي أَزْوَاجِ أَدْعِيَائِهِمْ إِذَا قَضَوْا مِنْهُنَّ وَطَرًا وَكَانَ أَمْرُ اللَّهِ مَفْعُولً)

 (بیربكەرەوە كاتێ دەت وت بە كەسێ (زەیدی كوڕی حارثه) كە خوا بەهرەی بەسەردا ڕشتبوو تۆیش چاكەت لەگەڵدا كردبوو (بە ئازاد كردنی و پەروەردە كردنی) خێزانت (زەینەب) لای خۆت ڕاگرەو بیهێڵەوە وە لەخوا بترسە لە دڵی خۆتدا شتێك دەشاریتەوە كە خوا ئاشكرای دەكات وە لە (قسەی) خەڵك دەترسی لە كاتێكدا خوا شیاوترە كە لێ ی بترسی ئینجا كاتێ زەید پێویستی بەو (زەینەب) نەما و تەڵاقی دا ئێمە ئەو (زەینەب) مان لێ مارەكردی بۆ ئەوەی هیچ ناڕەحەتی (و تاوانێ) نەبێت لەسەر ئیمانداران لە (مارەكردنی) ژنانی بە كوڕ كراوەكانیاندا كاتێ پێویستیان پێیان نەماو تەڵاقیان دان وە فەرمانی خوا (بە مارە كردنی زەینەب بۆت) دراوە و بڕاوەیە).

زەینەب كە هاوسەرەكانى تری پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دەبینی نازى دەكرد و دەیوت ئێوە كەسوكارتان مارەیان كردون لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بەڵام من خواى گەورە مارەى كردم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[10]

سەبارەت بە هاوسەرگیری زەینەب لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە مانگى زیلقەعدەى ساڵی پێنجەمى كۆچیدا بوو،[11] ئەوكاتەش تەمەنى زەینەب بیست و پێنج ساڵان بوو،[12] واتە جیاوازى تەمەنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ زەینەبى كچی جەحشی هاوسەریدا نزیكەى بیست و هەشت ساڵ بووەو ماوەى ژیانى زەینەب لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزیكەى حەوت ساڵ كەمتر بووە.

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە زەینەب لە كاتى ئەو هاوسەرگیریەدا تەمەنى سی و پێنج ساڵان بووە.[13]

ئەنەس دەڵێت: كاتێك زەینەب وادەى خۆی تەواو كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە زەیدی فەرموو (بڕۆ داواى زەینەبم بۆ بكە)، زەیدیش دەڵێت: چووم و وتم ئەی زەینەب موژدەت لێ بێت، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) منى ناردووە بۆ لات تا داوات بكەم بۆی، ئەویش وتى من هیچ ناكەم تا فەرمان لە پەروەردگارم وەرنەگرم، ئەوەبوو ئایەتى قورئان دابەزى و پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) هاتە ژوورەوە بێ ئەوەى داواى مۆڵەت بكات.[14]

لە گێڕانەوەیەكى وردتردا هاتووە زەید دەڵێت: كە چووم بۆ لاى زەینەب دەمدى هەویر دەشێلێت، منیش كتوپڕ دەروونم واى لێهات نەمدەتوانى تەماشای بكەم، پشتم لێكرد و وتم ئەی زەینەب پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) منی ناردووە بۆ داوات.[15]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زەینەبی بەهاوسەر گرت، خەڵكی بانگ كرد بۆ نانخواردن، خەڵكیش هاتن و پاش نانخواردنەكە كەوتنە دەمەتەقێ، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هەستایەوە وەك ئەوەى پێیان بڵێت برۆن، كەچی خەڵكەكە نەچوون، زۆرێك لە خەڵكەكە ئەوەیان بینی هەستان و چوون، بەڵام سێ كەس دانیشتن و نەچوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتە ناویانەوە دەبینێت دانیشتون، دواتر هەستان، ئەنەس هەستاو چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هەواڵی پێدا كە ئەوانیش چون، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتە ماڵەوەو منیش ویستم بچمە ژوورەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پەردەیەكى لەنێوان من و خۆیدا دانا، ئەوەبوو ئایەتى قورئان دابەزى:

(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا لَا تَدْخُلُوا بُيُوتَ النَّبِيِّ إِلَّا أَنْ يُؤْذَنَ لَكُمْ إِلَى طَعَامٍ غَيْرَ نَاظِرِينَ إِنَاهُ وَلَكِنْ إِذَا دُعِيتُمْ فَادْخُلُوا فَإِذَا طَعِمْتُمْ فَانْتَشِرُوا وَلَا مُسْتَأْنِسِينَ لِحَدِيثٍ إِنَّ ذَلِكُمْ كَانَ يُؤْذِي النَّبِيَّ فَيَسْتَحْيِي مِنْكُمْ وَاللَّهُ لَا يَسْتَحْيِي مِنَ الْحَقِّ وَإِذَا سَأَلْتُمُوهُنَّ مَتَاعًا فَاسْأَلُوهُنَّ مِنْ وَرَاءِ حِجَابٍ ذَلِكُمْ أَطْهَرُ لِقُلُوبِكُمْ وَقُلُوبِهِنَّ وَمَا كَانَ لَكُمْ أَنْ تُؤْذُوا رَسُولَ اللَّهِ وَلَا أَنْ تَنْكِحُوا أَزْوَاجَهُ مِنْ بَعْدِهِ أَبَدًا إِنَّ ذَلِكُمْ كَانَ عِنْدَ اللَّهِ عَظِيمًا)

 (ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە مەچنە ژوورەوە بۆ ماڵەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مەگەر ڕێگەتان پێ بدرێ بۆ نان خواردنێك بێ ئەوەی چاوەڕوانی پێگەیشتنی بكەن بەڵام ئەگەر بانگ كران (بۆ نان خواردن) ئەوسا بڕۆنە ژوورەوە ئینجا ئەگەر خواردنەكەتان خوارد بڵاوەی لێ بكەن وە مەمێننەوە بۆ قسە كردن چونكە بەڕاستی ئەو (مانەوەتان) ئازاری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەدات ئەویش شەرم دەكات لێتان (كە بێ دەنگە) بەڵام خوا لە (وتنی) هەق شەرم ناكات وە هەر كاتێ داوای شتێكی ناو ماڵتان كرد لە (هاوسەرەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)) ئەوە لە پشتی پەردەوە لێیان داواكەن ئەو (شێوە داواكردنە) تان خاوێنترە بۆ دڵی ئێوەو ئەوانیش بە هیچ شێوەیە بۆ ئێوە دروست نییە ئازاری (دڵی) پێغەمبەری خوا بدەن وە هەرگیز نابێ خێزانەكانی پاش خۆی مارە بكەن بەڕاستی ئەو (ئازاردانی دڵ و مارە كردنە) تان بەلای خواوە (گوناهێكی) زۆر گەورەیە.

عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو: (ئەوەتان خێراتر دێت بۆ لام كە دەستی درێژترە)، ئینجا ئێمەش هەموو دەكەوتینە پێوانەى دەستی یەكدى تا بزانین دەستی كاممان درێژترە، دواجار زانیمان دەستى زەینەب درێژترە چونكە ئەو بە دەستى خۆی كارى دەكرد و خێرى زۆری پێ دەكرد،[16] بەڵام ئەم گێڕانەوەیە بۆ زەینەبی كچی خوزەیمەش هاتووە كە ئەو هاوسەری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو.

بەڵام لە هەندێ گێڕانەوەدا لە بری زەینەب سەودەى كچی زومعە هاتووە.[17]

عائیشە و حەفصەی دایكانى باوەڕداران غیرەیەكیان هەبوو بەرامبەر بە هەڵوێستێك كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ زەینەبی كچی جەحش هەیبوو، حەفصە دواى عائیشەو زەینەبیش دواى حەفصە بوون بە هاوسەری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە دەچوو بۆ لاى زەینەب لاى ئەو هەنگوینی دەخوارد، عائیشەو حەفصەش بڕیاریاندا پێكەوە كارێك بكەن پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) راگرن لەو خواردنى هەنگوینە، بۆیە بڕیاریان دا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بچێت بۆ لاى هەركامیان بڵێن ئەوە مەغافیرت خواردووە (خواردنێكی بۆن ناخۆشە)، ئەو بۆنەت لێ دێت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) كە ئەوەى پێ وترا فەرمووى (نا، بەڵام من لاى زەینەبی كچی جەحش هەنگوینم خواردووە، ئیتر هەرگیز نایخۆم و سوێندیشم خواردووە، هەواڵی ئەمەش مەڵێ بە كەس)،[18] ئەوەبوو خواى گەورە ئایەتى دابەزاندە خوارەوە (يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ لِمَ تُحَرِّمُ مَا أَحَلَّ اللَّهُ لَكَ تَبْتَغِي مَرْضَاتَ أَزْوَاجِكَ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ، قَدْ فَرَضَ اللَّهُ لَكُمْ تَحِلَّةَ أَيْمَانِكُمْ  وَاللَّهُ مَوْلَاكُمْ  وَهُوَ الْعَلِيمُ الْحَكِيمُ، وَإِذْ أَسَرَّ النَّبِيُّ إِلَى بَعْضِ أَزْوَاجِهِ حَدِيثًا فَلَمَّا نَبَّأَتْ بِهِ وَأَظْهَرَهُ اللَّهُ عَلَيْهِ عَرَّفَ بَعْضَهُ وَأَعْرَضَ عَنْ بَعْضٍ فَلَمَّا نَبَّأَهَا بِهِ قَالَتْ مَنْ أَنْبَأَكَ هَذَا  قَالَ نَبَّأَنِيَ الْعَلِيمُ الْخَبِيرُ، يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا قُوا أَنْفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَارًا وَقُودُهَا النَّاسُ وَالْحِجَارَةُ عَلَيْهَا مَلَائِكَةٌ غِلَاظٌ شِدَادٌ لَا يَعْصُونَ اللَّهَ مَا أَمَرَهُمْ وَيَفْعَلُونَ مَا يُؤْمَرُونَ[19] (ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆچی شتێك لە خۆت حەرام دەكەیت كە خوا بۆی حەڵاڵ كردوویت تۆ ڕەزامەندی ژنەكانت دەوێ لە كاتێكدا خوا لێخۆشبووی میهرەبانە، بێگومان خوا دایناوە بۆتان هەڵوەشاندنەوەی سوێندەكانتان خوا كارساز و دۆستی ئێوەیە وە ئەو زانای كاردروستە، كاتێك كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەنهێنی لای هەندێ لە ژنەكانی قسەیەكی دركاند ئینجا كە ئەو (ژنە) قسەكەی كرد (بۆ هەوێكەی) خواش پێغەمبەری (صلى الله عليه وسلم) ئاگادار كرد (پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)) هەندێك (لە قسەكان) ی باسكرد و بێ دەنگ بوو لە هەندێكی تری ئینجا كە پێی وت (ژنەكەی) وتی: كێ ئەمەی پێ گەیاندی فەرمووی خوای زانای ئاگادار پێی گەیاندم، ئەی (حەفصە و عائیشە) ئەگەر هەردووكتان تەوبە بكەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خودا (جێ ی خۆیەتی) چونكە بەڕاستی دڵتان لایدا (لە حەق و ڕاستی) وە ئەگەر پشتی یەكتر بگرن لە دژی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) (سەركەوتوو نابن) چونكە بێگومان خوا پشگیری ئەوەو هەروەها جوبرەئیل و ئیماندارە چاكەكانیش دوای ئەوان فریشتەكانیش پشتیوانی ئەون).

وەستانێك

لە گێڕانەوەیەكى ترى موسلیمدا هەمان بەسەرهات هاتووە، بەڵام وا هاتووە كە خاوەنى هەنگوینەكە حەفصە بووەو پلان دانانەكەش عائیشەو سەودە بون،[20] بەڵام ئیبن حەجەر لە شەرحى بوخاریدا دەڵێت دەگونجێت ئەو رووداوە جارێكی تر بووبێت و پەیوەست نەبووە بەم رووداوەو بە دابەزینی ئەم ئایەتانەوە، چونكە رووداوى هەنگوینەكەى زەینەب و پێ ناخۆش بوونى عائیشەو حەفصە چەسپاوە، لەو بارەشەوە مشتومڕێكى ورد دێنێت، ئەو پێی وایە كە لەوانەیە رووداوەكەى هەنگوین خواردن لاى حەفصە پێش ئەم رووداوە بووبێت و پەیوەست نەبووبێت بەو ئایەتانەوە،[21] بەڵام ئەمە وردەكاری دەوێت، چونكە ناكرێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دوو جار بە هەمان رووداو تێكەوتبێت، وەك خۆی لە فەرموودەیەكدا دەفەرموێت (لا يلدغ المؤمن من جحر واحد مرتين[22] (باوەڕدار دوو جار لە كونێكدا ناگەزرێت)، ناگونجێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) یەكەم جار بەو جۆرەى بەرامبەر كرابێت و بۆ جارى دووەمیش هەمان شتى بەرامبەر كرابێت و هەستی پێ نەكردبێت، دوور بێت لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) ئەمە بە لاوازدانانى هەست و پێزانینی پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم)، بۆیە دەكرێت ئەگەرێكی تر هەبێت، ئەویش ئەوەیە دەبێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئاگادار نەبووبێت بە رووداوى یەكەم و ئەو شتەى بۆ ئاشكرا نەبووبێت تا لە رووداوى دووەمدا ئینجا خواى گەورە ئاشكراى كردبێت، چونكە وەك هاتووە كاتێك هەریەك لە عائیشەو سەودە وا دەڵێن بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش دەچێتەوە بۆ لاى حەفصە، حەفصە دەڵێت ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەو هەنگوینەت بۆ تێبكەم؟ ئەویش دەفەرموێت نا پێویستم نیە، ئینجا سەودە بە عائیشەی وت سوبحانەلآ، بەخوا ئەو هەنگوینەمان لێ حەرام كرد، عائیشەش بە سەودەى وت بێدەنگ بە،[23] بۆیە نابینین هیچ سوێند خواردنێكی تێدا بووبێت بۆ نەخواردنى و باسی دابەزینی ئایەتەكەشی تێدا نیە.

بەهەرحاڵ ئەم رووداوە بەڵگەیە لەسەر بوونى غیرە لاى ئافرەتان، وەك دەبینین ئوممو سەلەمەى دایكی باوەڕداران خۆی دان بەوەدا دەنێت و كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داواى دەكات ئەو دەڵێت ئاخۆ من ئافرەتێكم غیرەیەكى زۆرم تێدا هەیە،[24] هەروەها كاتێك پرسیار دەكرێت ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بۆچی ئافرەتێكی پشتیوانان بەهاوسەر ناگریت؟ ئەویش لە وەڵامدا دەفەرموێت (إن فيهم غيرة شديدة[25] (ئەوان غیرەیەكى زۆر زۆریان تێدایە).

هەروەك ئەمە بەڵگەیەكى جوان و روونە بۆ موسڵمان تا ئەگەر هەڵەیەكى لە هەر كەسێك بەدى كرد نەیكاتە بیانوو بۆ سفركردنەوە یان شكاندنى ئەو كەسە، چونكە مرۆڤ هەركات جێی هەڵەكردنەو دەكەوێتە هەڵەوە، دەبینین ئەوە هاوسەرانى پێغەمبەرى خوان (صلى الله عليه وسلم) و دایكانى باوەڕدارانن، كەچی دەكەونە هەڵەوەو تەوبەش دەكەن و خواى گەورەش نایانشكێنێتەوە، بەڵكو پێشنیازى تەوبەیان بۆ دەخاتەڕوو، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) هەڵوێستى قورسی نەگرتەبەر بەرامبەریان و كارەكەى جێهێشت بۆ فەرمانى خوا، كەچی دەبینین لە رۆژگارى ئەمڕۆدا موسڵمانانێك هەن چاو دادەخەن لە ئاست هەوڵ و ماندوێتی بانگەواز و جیهاد و رەنجى دەیان یان سەدان بانگخوازى رێی خوادا و بە بینینى هەڵەیەك لە هەر كەسێك لەوانە دەكەونە زەقكردنەوەى هەڵەكەى و شكاندنى و ئیدى بە كەم تەماشاكردنى، جا خۆ ئەگەر وا بوایە دەبوو ئەم ژنانەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەو ئاستە بەرزەیان داماڵرابان و دەركرابان، بەڵام ئایا خوا و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕیار و خوێندنەوەیان بۆ بارى مرۆیی وایە؟ نەخێر، خوا دایناوە مرۆڤ هەڵە دەكات و تەوبەى لەسەر واجب دەبێت، وەك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (كل بني آدم خطاء و خير الخطائين التوابون)، (هەموو ئادەمیزاد هەڵەكارن و چاكترینی هەڵەكاران تەوبەكارانن)، تەنانەت خواى گەورە دایناوە هەر دەبێت مرۆڤ هەڵە بكات و تەوبەى لێ بكات، وەك لە فەرموودەى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) هاتووە (والذي نفسي بيده لو لم تذنبوا لذهب الله بكم، ولجاء بقوم يذنبون فيستغفرون الله فيغفر لهم[26] (سوێند بەوەى گیانى منى بەدەستە ئەگەر ئێوە تاوان نەكەن، بە دڵنیاییەوە خواى گەورە ئێوە لادەبات و خەڵكانێك دێنێت كە تاوان دەكەن و ئینجا داواى لێخۆشبوون لە خوا دەكەن و خواى گەورەش لێیان خۆش دەبێت).

كاتێك رووداوى ئیفك روویدا، زەینەب شایەتى خێرى دا بۆ عائیشە، عائیشە دەڵێت: لەناو خێزانەكانى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) زەینەبی كچی جەحش ركەبەرم بوو، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەبارەت بەو مەسەلەیە پرسیارى لێكرد زەینەب وتى بەخوا تەنها خێر دەزانم، ئەوەبوو خوا پاراستی لەو بوهتانە.[27]

جارێك هەندێ لە هاوسەرەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆبوونەوە تا ناڕەزایی دەرببڕن بەرامبەر بەو خۆشەویستیە زۆرەی كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەیبوو بۆ عائیشە، فاطيمهى كچی پێغەمبەریان (صلى الله عليه وسلم) نارد بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و تیان پێی بڵێ بۆ خاترى خوا لە خۆشەویستى بۆ عائیشە دادپەرەوەر بێت، ئەویش چوو و ئەوەى بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (كچە ئازیزەكەم ئایا ئەو ئافرەتەت خۆش ناوێت كە من خۆشم دەوێت؟) فاطيمه وتى با، گەڕایەوەو هەواڵەكەى دایەوە بە هاوسەرەكانى ترى، ئینجا بڕیاریان دا زەینەبی كچی جەحش بنێرن، زەینەب چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتووڕە بوو و وتى ژنەكانت دەڵێن بۆ خاترى خوا بەرامبەر بە خۆشەویستیت بۆ عائیشە دادپەروەر بە، هێندە دەنگى بەرز كردەوە تا كار گەیشتە ئەوەى قسەیەكى وت بە عائیشە، عائیشەش لەولاوە دانیشتبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەماشایەكى عائیشەی كرد وەك پێی بفەرموێت قسەت نیە؟ عائیشەش كەوتە وەڵامدانەوەى زەینەب تا بێدەنگى كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەماشایەكى عائیشەی كرد و فەرمووى:  ئەوە كچی ئەبووبەكرە.[28]

حەمنەى خوشكی زەینەب لە مزگەوتى مەدینە لەدواى پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) نوێژی دەكرد، جارێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بینی لەنێوان دوو پایەى مزگەوتدا پەتێك بەستراوە، فەرمووى:  ئەو پەتە چیە. وتیان ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەمنەى كچی جەحش تا دەتوانێت بەپێوە نوێژ دەكات، كە تواناى نەما خۆی دەگرێت بەو پەتەوە، ئەویش فەرمووى: ( با تا تواناى هەیە نوێژ بكات، كە تواناى نەما با دابنیشێت)،[29] بەڵام گێڕانەوەتى تر هاتووە كە دەڵێت: دایكی باوەڕداران زەینەب وایكردووە، ئیبن حەجەر دەڵێت: پێشدەچێت هەردووكیان وایان كردبێت.[30]

زەینەب دەڵێت: رۆژێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە شڵەژاوى خۆی كرد بە ژووردا و فەرمووى: (لا إله إلا الله، ويل للعرب من شر قد اقترب، فتح اليوم من ردم يأجوج ومأجوج مثل هذه)، (هاوار بۆ عەرەب بۆ خراپەیەك كە نزیك بووەتەوە، ئەمڕۆ هێندە-بە دوو پەنجەى ئەڵقەیەكى دروست كرد- لە بەنداوەكەى یەئجووج و مەئجووج كراوەتەوە)، منیش وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) جا تا كاتێك پیاوچاكانمان لەناودا بن لەناو دەچین؟ فەرمووى:  (نعم إذا كثر الخبث[31] (بەڵێ ئەگەر پیسی زۆر بوو)

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە دەستكەوتەكانى غەزاى خەیبەر سەد كۆڵ خورماى بڕیەوە بۆ زەینەبی كچی جەحش.[32]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێش وەفاتى لە ماڵی زەینەب بوو، رۆژی چوارشەممە بوو، نۆزدەى مانگى صەفەرى ساڵی یانزەى كۆچی بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵی زەینەب بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تووشی ئازارێكی زۆر بوو، ئەوەبوو هەموو هاوسەرەكانى تری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتن بۆ ئەوێ و لەلاى كۆبوونەوە.[33]

جارێك عومەرى كوڕی خەططاب مووچەكەى زەینەبی نارد بۆی، ئەویش وتى خوا لە عومەر خۆش بێت، كەسی تر هەیە لە من شیاوترە بەم هەمووە، پێیان وت ئەوە هەمووى بۆ تۆیە، وتى سوبحانەلآ، ئینجا بە پارچە قوماشێك دایپۆشی و وتى دایپۆشن و جلێكی پێدا بدەن، ئینجا كەوتە دابەشكردنى بەسەر خزمانى خۆی و هەتیواندا، دواتر دەستەكانى بەرز كردەوەو وتى خوایە دواى ئەمساڵ جارێكی تر مووچەی عومەرم بۆ نەیەت.[34]

زەینەب كە نەخۆش كەوت و سەرەمەرگى هات، بەوانەى دەوروبەرى وت من كفنی خۆمم ئامادە كردووە، جا ئەگەر عومەر كفنى بۆ ناردم یەكێكیان بكەن بەخێر، یان ئەوەى خۆم یان ئەوەی عومەر.[35]

زەینەب لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططاب و لە سالێ بیستى كۆچیدا وەفاتى كرد،[36] بەوەش یەكەم هاوسەری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی دوایی كرد.[37]

كاتێك زەینەب وەفاتى كرد، عومەر فەرمانى كرد كەسێك هاوار بكات تەنها كەسە مەحرەمەكانى بچن بۆ لاى تەرمەكەى، ئینجا كچەكەى عومەیس وتى ئەى ئەمیری باوەڕداران بۆ شتێكت پێ نەڵێم كە ئەزموونى خەڵكی حەبەشە بوو لەگەڵ ژنەكانیان، ئینجا تابووتێكى ئامادە كرد و بە جلێك دایپۆشی، عومەریش وتى شتێكی زۆر باشە، عومەر فەرمانى كرد بە كەسێك هاوارى كرد لەگەڵ تەرمى دایكتان بچنە دەرەوە.[38]

دواتر عومەرى كوڕی خەتتاب نوێژی لەسەر تەرمەكەى كرد، ئینجا برا بۆ گۆڕستانى بەقیع و لەوێ ئەسپەردە كرا.[39]



[1] - أسد الغابة، ج7، ص 138.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 45.

[3] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 148.

[4] - أسد الغابة، ج7، ص 78.

[5] - أسد الغابة، ج3، ص 195.

[6] - أسد الغابة، ج3، ص 531.

[7] - أسد الغابة، ج7، ص 138.

[8] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 145.

[9] - صحيح البخاري، الرقم 7005،

[10] - سنن الترمذي، الرقم 3219، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 3213.

[11] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 145.

[12] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 217.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 669.

[14] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5251، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 19979، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن النسائي، الرقم 3251،

[15] - صحيح مسلم، الرقم 2645.

[16] - صحيح مسلم، الرقم 4594، صحيح ابن حبان، الرقم 3373.

[17] - صحيح البخاري، الرقم 1365، مسند احمد بن حنبل، الرقم 24342.

[18] - صحيح البخاري، الرقم 4630.

[19] - صحيح مسلم، الرقم 2772.

[20] - صحيح مسلم، الرقم 2773.

[21] - فتح الباري، ج9، ص 376 - 377.

[22] - صحيح البخاري، الرقم 5787، صحيح مسلم، الرقم 5427، صحيح ابن حبان، الرقم 664، سنن أبي داود، الرقم 4241، سنن الدارمي، الرقم 2731، مسند احمد بن حنبل، الرقم 8725، المعجم الاوسط للطبراني، الرقم 6889.

[23] - صحيح مسلم، الرقم 2773.

[24] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16024،

[25] - المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 8367، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5197، معجم أبي يعلى الموصلي، الرقم 160.

[26] - صحيح مسلم، الرقم 5042، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 7874.

[27] - صحيح مسلم، الرقم 5080.

[28] - صحيح البخاري، الرقم 2462.

[29] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6970، سكت عنه الذهبي، سنن أبي داود، الرقم 1130، قال الألباني صحيح دون ذكر حمنة.

[30] - فتح الباري، ج3، ص 36.

[31] - صحيح البخاري، الرقم 3184،

[32] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 215.

[33] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 255.

[34] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 212.

[35] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 217.

[36] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 212.

[37] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 201.

[38] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 213.

[39] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 149.

 1910
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.