دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (سوراقە) بووە

سوراقەى كوڕی حوباب(رضي الله عنه)

ناوى سوراقەى كوڕی حوبابى كوڕی عەددیە، لە پشتیوانانە، لە غەزاى حونەیندا بەشدار بوو و تیایدا شەهید بوو.[1]

سوراقەى كوڕی سوراقە(رضي الله عنه)

ناوى سوراقەى كوڕی سوراقەیە، بەپێی گێڕانەوەیەك كە هێناویەتى دەبێت لە غەزاى خەیبەردا بەشدار بووبێت، سوراقە دەڵێت لە غەزاى خەیبەردا سینانى كوڕی سەلەمە شمشێرێكى لەخۆی دا، پێغەمبەریش خوێن بایی بۆ دانەنا.[2]

سوراقەى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى سوراقەى كوڕی عەمری كوِی زەیدە، لە پشتیوانانە، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود، لە جەنگى قادسیەدا شەهید بوو.[3]

سوراقەى كوڕی عەمرى ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى سوراقەى كوڕی عەمرەو لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، لە غەزاى بەدر و ئوحود و خەندەق و غەزاكانى تریشدا بەشدار بوو، لە غەزاى موئتەدا شەهید بوو.[4]

سوراقەى كوڕی كەعب(رضي الله عنه)

ناوى سوراقەى كوڕی كەعبى كوڕی عەمرە، دایكی ناوى عومەیرەى كچی نوعمانە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى زەید كە لە جەنگى جسر ئەبووعوبەیددا كوژرا، كچێكیشی هەبوو بە ناوى سوعدا، ژنەكەی سوراقە ناوى ئومموزەیدى كچی سەكەنە، لە غەزاى بەدر و ئوحود و خەندەق و هەموو غەزاكانى تردا بەشدارى كرد،[5] لە جەنگى یەمامەدا شەهید بوو، رایەكیش دەڵێت تا سەردەمى موعاویەی كوڕی ئەبوسوفیان ژیاوە.[6]

سوراقەى كوڕی مالیك(رضي الله عنه)

ناوى سوراقەى كوڕی مالیكی كوڕی جوعشومى كینانیە، كونیەكەى ئەبووسوفیانە، زۆرجار هەر بە سوراقەى كوڕی جوعشوم ناوى هاتووەو ناوى باوكى باس نەكراوەو راستەوخۆ ناوى خۆی و باپیری هاتووە.[7]

سوراقە دەڵێت كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكری صدیق كۆچیان كرد، نێردراوانى قوڕەیش هاتن بۆ لامان و وتیان هەركەس پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) یان ئەبووبەكر بكوژێت یان بەدیل بگرێت ئەوە پاداشت دەكرێت و پاداشتەكەشی هێندەى خوێن باییەكە، منیش لە كۆڕێكی بەنى مودلیجدا دانیشتبووم كە كابرایەكى مودلیجی هات و وتى ئەی سوڕاقە كەمێك پێش ئێستا دوو تارماییم لە كەناراوەوە بینی، سوراقە وتى زانیم ئەوانن، وتم ئەوە ئەوان نین، ئەوە فلآن و فلآن بون كە تۆ بینیوتن، دوایی كەمێك لە كۆڕەكەدا مامەوەو دواتر چوومەوە ماڵەوەو فەرمانم كرد بە كەنیزەكەكەم تا ئەسپەكەم بۆ ئامادە بكات، رمەكەمم هەڵگرت و سوار وشترەكەم بووم، چووم تا نزیك بوومەوە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەر، لەوێ ئەسپەكەم منى خست، هەستامەوەو دەستم برد بۆ كیفى تیرەكانم و تیرێكم دەركرد و كردم بە دوو لەتەوە كەچی بەدڵی خۆم بۆ دەرنەچوو،[8] سوارى ئەسپەكەم بوومەوەو نزیك بوومەوە لێیان، گوێم لێبوو پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) قورئانى دەخوێند و لاى نەدەكردەوە، بەڵام ئەبووبەكر زۆر لای دەكردەوە، ئەوكات دوو دەستی ئەسپەكەم رۆچوون بەناو زەویداو تا نیوەی لە زەویدا بوو، لەسەر ئەسپەكەم كەوتمە خوارەوە، تێم خوڕی و ئەسپەكەم هەستایەوە، بەڵام دەستەكانى نەدەهاتنە دەرەوە،كە رێك وەستایە سەرپێ بینیم دووكەڵێك لە ئاسمانەوە دیارە، هەمدى تیرێكم دەركرد و لەتم كرد كەچی خراپەكەم بۆ دەرچوو، داواى پەنام كرد لێیان، ئەوانیش وەستان، سوارى ئەسپەكەم بووم تا چوومە لایان، كە بینیم ئاوام بەسەرهات وتم بە دڵنیاییەوە دواڕۆژ بۆ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەبێت، پێم وت هۆزەكەت پاداشتی خوێن باییەكیان داناوە بۆ گرتن یان كوشتنت، ئینجا هەواڵ و باس چی هەبوو بۆم باسكردن، دواتر پێم وتن شمەك و پێویستی چییان دەوێت با لاى من بیبەن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەنها داواى لێكردم زانیارییان بشارمەوەو نەهێڵم خەڵك پێیان بزانێت، منیش داوام لێكرد نامەیەكى پەنام بۆ بنووسێت، ئەویش فەرمانى كرد بە عامیری كوڕی فوهەیرەو ئەویش لە پارچە پێستەیەكدا بۆی نووسیم، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو،[9] ئینجا سوراقە ئەو نووسینەى هەڵگرت تا ئەو كاتەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە طائیفەوە گەڕایەوە سوراقە چوو بۆ لاى و ئەو نامەى پێ نیشان دا، ئەوكات لە جەعرانە بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموى نزیك بەرەوە، ئەویش نزیك بوویەوەو موسڵمان بوو.[10]

ئەبووبەكر دەڵێت كاتێك سوراقە گەیشت پێمان وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوە گەیشت پێمان، فەرمووى خەفەت مەخۆ خوامان لەگەڵە، كە تەواو نزیك بوویەوەو نزیكەی چەند رمێك دوور بوو لێمانەوە دەستم كرد بە گریان و وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وا گەیشت پێمان، فەرمووى بۆچی دەگریت؟ وتم بەخوا بۆ خۆم ناگریم، بەڵكو بۆ تۆ دەگریم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى خوایە بەو جۆرەى خۆت دەتەوێت دوورى بخەرەوە لێمان، ئەوەبوو ئەسپەكەى تا لاى سكی چوو بەناخى زەویدا و سوراقەش كەوتە خوارەوە، سوراقە وتى ئەی موحەممەد ئەزانم ئەمە كارى تۆیە، نزا بكە خوا رزگارم بكات، بەخوا مەرج بێت رێ لەوانەى دواى خۆم ون بكەم تا نەگەڕێن بەدواتدا، ئەوەش تیرەكانم تیرێكیان ببە، دەزانم دەدەیت بە لاى وشتر و رانە مەڕەكانمدا لە فلآنە شوێن، لەوێ چەندت پێویستە بیبە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى هیچ پێویستیمان نیە بە وشترەكانت، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزاى بۆ كرد و سوراقەش گەڕایەوە بۆ لاى هاوەڵەكانى خۆی.[11]

دواتر كە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) گەیشتە مەدینە، سوراقە كەوتە باسی بەسەرهاتەكەى و گرنگى و گەورەیی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، قوڕەیشیش دەترسان ئەو قسانەى سوراقە ببێتە هۆكارى موسڵمانبوونى خەڵكێكی زۆر، بۆیە ئەبوجەهل نامەیەكى نووسی و هۆشیاری دا كە موسڵمان نەبن و نەبن بە دوو بەشەوە، سوراقەش وەڵامێكی جەرگبڕی ئەبووجەهلى دایەوە.[12]

لە غەزاى بەدردا شەیتان خۆی لە شێوەی سوراقەى كوڕی مالیكدا نیشان دا، دواتر كە زانى بێباوەڕان شكاون رایكرد و خۆی خستە ناو دەریاوە.[13]

سوراقە پاش موسڵمانبوونى دەچوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و زانیارى لێ وەردەگرت، سوراقە دەڵێت وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئاژەڵی ونبوو و دواكەوتوو جار هەیە دێت لە حەوزەكەى مندا ئاو دەخواتەوە، ئایا لەوەدا پاداشتم بۆ هەیە؟ فەرمووى (اسقها فإن في كل ذات كبد حرى أجرا)،[14] (ئاوى پێ بدە، چونكە بۆ هەر خاوەن جەرگێكی گەرم-گیاندارێكی تینو- پاداشت هەیە).

سوراقە لە حەجى ماڵئاواییدا بەشدارى كرد و لەوێ سەبارەت بە وردەكارى حەج پرسیاری لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كرد.[15]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەماشای باڵەكانى سوراقەى دەكرد و دەیفەرموو (دەڵێیت لەبەرچاومە كە بازنەكانى كیسرا دەكەیتە دەستت).[16]

كاتێك عومەرى كوڕی خەططاب بازنەو شمەكەكانى كیسراى بۆ هات، سوراقەى بانگ كرد، سوراقە كەسێكی لاوازى رەشكەلانە بوو، دەتوت باڵەكانى سووتاون، پێی وت بازنەكانى سوراقە بكە دەستت، ئەویش وایكرد، ئینجا جلەكانى پۆشی، عومەر وتى سوپاس بۆ ئەو خوایەی ئەوانەى لە كیسرا داماڵی و داى بە سوراقەى كوڕی مالیك.[17]

سەبارەت بە كاتى وەفاتى سوراقە رایەك دەڵێت لە سەردەمى عوثمانى كوڕی عەففاندا بووە، رایەیك تریش دەڵێت دواى ئەوەش ژیاوە.[18]

ئیبن كەثير دەڵێت لە ساڵی بیست و چوارى كۆچیدا سوراقە وەفاتى كرد.[19]



[1] - أسد الغابة، ج2، ص 393.

[2] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأأصبهاني، الرقم 3195.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 40.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 40.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 487.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 41.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 41.

[8] - لە سەردەمى نەفامیدا ئەو عادەتە هەبوو تیریان دەكرد بە دوو بەشەوە بۆ تاقیكردنەوەی بەختیان.

[9] - صحيح البخاري، الرقم 3714.

[10] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 185.

[11] - صحيح ابن حبان، الرقم 6372، صححه شعيب الأرناؤوط، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 3، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 366.

[12] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 186.

[13] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 283.

[14] - صحيح ابن حبان، الرقم 543، صححه شعيب الارناؤوط.

[15] - صحيح ابن حبان، الرقم 4007، صححه شعيب الارناؤوط.

[16] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 12182.

[17] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 90.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 41.

[19] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 150.

 1740
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.