دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  خورەیمی كوڕی فاتیك(رضي الله عنه)

ناوى خورەیمە، سەبارەت بە ناوى باوكى دەوترێت فاتیكە، رایەكیش دەڵێت: بەڵكو ئەخرەمە، ئەم هاوەڵە لە ئەزدیەكانە، سەبارەت بە كونیەكەى هەریەك لە ئەبووئەیمەن و ئەبوو یەحیا هاتووە.[1]

خورەیم برایەكى هەبوو بە ناوى سەبرەوە كە ئەویش هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو.[2]

رایەك هاتووە كە بەشدار بووبێت لە غەزاى بەدردا، ئیبن حەجەر دەڵێت: راى دروست ئەوەیە لە رێكەوتنى حودەیبیەدا بەشدار بووە، هەرچەندە رایەكیش دەڵێت: لە دواى فەتحى مەككە موسڵمان بووە.[3]

خورەیم دەڵێت: لە سەروبەندى كۆچی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بوو كە بە چەند وشترێكەوە دەرچووم، برووسكەیەك هات و داى لە باڵێكى وشترێكم، منیش وەك نەریتی ئەو كاتى عەرەبەكان وتم پەنا دەگرم بە گەورەى ئەم دۆڵە، دەنگێك هات و بە شیعرێك پێی وتم دەبێت پەنا بگریت بە خواى گەورە، ئینجا پێی وتم كە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هاتووە، منیش وتم رەحمەتى خوات لێ بێت تۆ كێیت؟ وتى من مالیكی كوڕی مالیكم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) منى لە خاكى خەڵكى نەجدەوە ناردووە، منیش وتم ئاخ یەكێك ئەبوو لاى ئەم وشترانەم ئەبوو تا دەچوومە خزمەتى و باوەڕم پێ دەهێنا، ئەویش وتى دەى پشت بە خوا من لایان دەبم و وشترەكانت دەبەمەوە ماڵی خۆتان، منیش بە وشترێكیانەوە چووم تا چوومە مەدینە، ئەوكات نوێژی هەینی بوو، خەریك بووم وشترەكەم مۆڵ دەدا كە ئەبووذەر هاتەدەرەوەو وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێت دەفەرمویت (وەرە ژوورەوە) منیش چوومە ژوورەوە، كە منى بینی فەرمووى: (ئەو پیرە پیاوەى كە بەڵێنی دا وشترەكانت بگەیەنێتەوە ماڵەوە چی كرد) منیش وتم رەحمەتى خواى لێ بێت بە سەلامەتى وشترەكانى دایەوە بە خاوخێزانم؟ فەرمووى: (بەڵێ رەحمەتى خواى لێ بێت)، منیش خێا شایەتومانم هێنا.[4]

خورەیم دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو:(من أنفق نفقة في سبيل الله كتب له سبع مائة ضعف[5] (هەركەس لە پێناو خوادا شتێك ببەخشێت ئەوە بە حەوت سەد بەرامبەر بۆى دەنووسرێت).

خورەیم دەڵێت: لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیست دەیفەرموو:

(الناس أربعة والأعمال ستة: موجبتان ومثل بمثل، وحسنة بعشر أمثالها، وحسنة بسبع مائة ضعف، والناس موسع عليه في الدنيا والآخرة، وموسع عليه في الدنيا مقتور عليه في الآخرة، ومقتور عليه في الدنيا موسع عليه في الآخرة، ومقتور عليه في الدنيا والآخرة، وشقي في الدنيا وشقي في الآخرة، والموجبتان من قال لا إله إلا الله، أو قال: مؤمنا بالله دخل الجنة، ومن مات وهو يشرك بالله دخل النار، ومن هم بحسنة فعملها كتبت له عشرة أمثالها، ومن هم بحسنة فلم يعملها كتبت له حسنة، ومن هم بسيئة فلم يعملها كتبت له حسنة، ومن هم بسيئة فعملها كتبت له سيئة واحدة غير مضعفة، ومن أنفق نفقة فاضلة في سبيل الله فبسبع مائة ضعف)،[6] (خەڵكى چوار چەشنن، كردەوەكانیش شەش چەشنن، دوو واجبەكە كە وێنە بە وێنەن، چاكەیەك كە بە دە بەرامبەرە، چاكەیەك كە بە حەوت سەد بەرامبەرە، خەڵكێ هەیە دنیا و قیامەتى بەروودا كراوەیە، خەڵكێ هەیە دنیاى بەروودا كراوەیەو قیامەتى بەروودا داخراوە، خەڵكێ هەیە دنیاى بەروودا داخراوەو قیامەتى بە ڕوودا كراوەیە، خەڵكێ هەیە دنیا و قیامەتى بە ڕوودا داخراوە، خراپەكارو ماڵوێرانى دنیا و قیامەتیشە، دوو واجبەكە ئەوەیە كە بڵێت لا الە الا اللە، -یان فەمووى- ئەوەى بڕواى هەیە بە خوا دەچێتە بەهەشت، هەركەسیش بمرێت و هاوەڵی دانابێت بۆ خوا دەچێتە دۆزەخ، هەركەسیش نیازى بووبێت چاكەیەك بكات و بیكات دە بەرامبەر بۆی دەنووسرێت، هەركەسیش نیازى بێت چاكەیەك بكات و نەیكات بە چاكەیەك بۆى دەنووسرێت، هەركەسیش نیازى بێت خراپەیەك بكات و نەیكات بە چاكەیەك بۆی دەنووسرێت، هەركەس نیازى بێت خراپەیەك بكات و بیكات بە خراپەیەك بۆی دەنووسرێت و زیاترى لەسەر نانووسرێت، هەركەسیش بەخشێكی چاك و زیادە لە رێی خوادا ببەخشێت ئەوە بە حەوت سەد بەرامبەر بۆی دەنووسرێت).

خورەیم دەڵێت: جارێك چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش فەرمووى (ئەى خورەیم ئەگەر دوو خەسڵەت هەن تیاتدا نەبوایە دەبوویتە پیاوی پیاوانە)، منیش وتم ئەوانە چین بە دایك و باوكمەوە بەقوربانت بم؟ فەرمووى (زۆری قژت و شۆڕكردنەوەى جلەكانت)، ئەوەبوو خورەیم چوو قژی كورت كردەوەو شۆڕی جلەكانیشى نەهێشت.[7]

دواى شەهیدبوونى عوثمانى كوڕی عەففان خورەیم لە دیمەشق نیشتەجێ بوو، وابیصە دەڵێت: چووم بۆ لاى و وتم ئیبن مەسعوود فەرموودەیەكى بۆ گێڕاومەتەوەو دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى: (إنها ستكون فتنة يكون المضطجع فيها خيرا من الجالس والجالس خيرا من القائم، والقائم خيرا من الماشي والماشي خيرا من الساعي...قتلاها كلهم في النار)، (فیتنەیەك دێت كە ئەوەى تیایدا راكشاوە باشترە لەوەى دانیشتووە، ئەوەى دانیشتوە باشترە لەوەى بە پێوەیە، ئەوەى بە پێوەیە باشترە لەوەى دەڕوات، ئەوەى دەڕوات باشترە لەوەى بە راكەراك و هەڵەبەزە دەڕوات،  كوژراوەكانى ئەو فیتنەیە هەموو لە دۆزەخدان)، خورەیم وتى سوێند بەو خوایەی تاكە پەرستراوە منیش ئەو فەرموودەم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بیستووە.[8]



[1] - الإصابة في تميز الصحابة، ج2، ص 275.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 30.

[3] - الإصابة في تميز الصحابة، ج2، ص 275.

[4] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6648، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4053، قال الذهبي في التلخيص لم يصح.

[5] - صحيح ابن حبان، الرقم 4720، صححه شعيب الأرناؤوط.

[6] - صحيح ابن حبان، الرقم 6262، صححه شعيب الأرناؤوط.

[7] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6649، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4047، قال الذهبي إسناده مظلم.

[8] - سنن أبي داود، الرقم 3732، ضعفه الألباني في صحيح و شعيف سنن أبي داود، الرقم 4258.

 1381
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.