دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (رەباح) بووە

رەباح(رضي الله عنه)

ئەم هاوەڵە زانیارى لەبارەوە نەهاتووە، هێندە نەبێت كە ناوى هاتووەو یەكێك بووە لەو هاوەڵانەى لە شام نیشتەجێ بووە.[1]

رەباحى فەهرى (رضي الله عنه)

ناوى رەباحە، سەبارەت بە ناوى باوكى هەریەك لە وەهب و عەمر هاتووە، كونیەكەى ئەبوو حەسسانە، لە فەتحى مەككەدا موسڵمان بوو، رەباح لە بازرگانیدا هاوپشكی عەبدورەحمانى كوڕی عەوف بوو.

سائیبی كوڕی یەزید دەڵێت لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەتابدا ئێمە لە رێی حەجدا بەرەو مەككە دەچووین و عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوفیشمان لەگەڵدا بوو، عەبدوڕەحمان كەنارى گرت لە رێگەكەو بە رەباحى وت ئەی ئەبووحەسسان كەمێك گۆرانیمان بۆ بڵێ، چونكە رەباح دەنگێكی خۆشی هەبوو، ئەویش دەستى پێكرد، لەو كاتەدا عومەرى كوڕی خەططاب هات و وتى ئەمە چیە؟ عەبدورەحمان وتى كێشەیەك نیە دەمانەوێت رێگەكەمان لێ بڕوات، عومەریش وتى هەر دەیڵێیت ئەوا شیعرەكەى ضيرارى كوڕی خەطاب بڵێ.[2]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە كاتێك داوایان لە رەباح كرد گۆرانى بڵێت، وتى تا لاى عومەر مۆڵەتم بۆ وەرنەگرن نایڵێم، ئەوانیش چوون و هاتنەوەو وتیان مۆڵەتمان بۆ وەرگرتوویت، وتى نابێت، تا خۆی پێم نەڵێت نایڵێم، ئەوەبوو عومەر خۆی وتى ئەی رەبباح بۆیان بڵێ تا رێیان لێ بڕوا، بەڵام كە كاتى پارشێو هات ئیتر دەست هەڵگرە.[3]

ئەبوو نوعەیم دەڵێت: پێم وا نیە هاوەڵ بێت.[4]

رەباحى كوڕی رەبیع(رضي الله عنه)

ناوى رەباحى كوڕی ڕەبیعە، دواتر لە بەصرە نیشتەجێ بوو.[5]

كاتێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە حونەینەوە ویستی رووەو طائیف بڕوات، خالیدی كرد بە پێشڕەوی سوپاكە تا پێشتر بڕوات،[6] لە رێدا خالید لەگەڵ بێباوەڕاندا جەنگا و تیایدا ئافرەتێكیشی كوشت، رەباحى كوڕی رەبیع دەڵێت: كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەوێدا تێپەڕ بوو و ئەو ئافرەتە كوژراوەى بینی فەرمووى:  نەدەبوو ئەوە بكوژرایە، ئینجا بە یەكێكی فەرموو خۆت بگەیەنە بە خالید و پێی بڵێ با ژن و كرێگرتە-كۆیلەى ناچار هێنراو- نەكوژێت.[7]

رەباحى مەولا (رضي الله عنه)

ناوى رەبباحەو مەولاى ئومموسەلەمەى خێزانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و خزمەتكارێكی رەش پێست بوو.

رۆژێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتەژوورەوەو بینی رەباح نوێژ دەكات، كاتێك رەباح دەچوو بۆ سوجدە بردن فووى دەكرد تا خۆڵ و تۆزەكەى ژێر سەری لابەرێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (یا رباح ترب وجهك)،[8] (ئەى رەبباح نێوچاوانت بخەرە سەر خۆڵەكە).

رەباحى مەولاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

ناوى رەباحەو خزمەتكارى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو، عومەرى كوڕی خەططاب دەڵێت: كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەنارى گرت لە ژنەكانى، چووم بۆ لاى حەفصەو وتم پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە كوێیە؟ وتى لە ژوورە بچووكەكەیدایە، منیش چوومە ژوورەوە، دەبینم رەباحى خزمەتكارى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەوێیە و لەبەردەرگاى ژوورەكە دانیشتووە، هەردوو قاچی لەسەر قەدى دارخورمایەكى بڕاو رووەو خوار شۆڕ كردبوویەوە، ئەو دارخورمایە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەچوویە سەری و دادەبەزی، منیش وتم ئەی رەباح لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتم بۆ وەربگرە، رەباحیش سەیرێكی ژوورەكەى كرد و دواتر تەماشاى منی كرد و هیچی نەوت، منیش دووبارە وتم ئەی رەباح لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتێكم بۆ وەربگرە، هەمتر رەباح سەیرێكی ژوورەكەى كرد و تەماشایەكى منى كردەوەو هیچ نەوت، ئەمجار بە دەنگى بەرز پێم وت ئەی رەباح لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتێكم بۆ وەربگرە، چونكە وادەزانم پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وایزانیبێت من لەبەر حەفصە هاتوم، بەخوا ئەگەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانم پێ كبات بدەم لە گەردنى حەفصەدەدەم لە گەردنى، لەگەڵ قسەكانیشمدا دەنگم بەرز دەكردەوە، ئەویش ئاماژەیەكى پێدام سەركەوەمنیش چوومە ژوورەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بینیم لەسەر حەسیرێك راكشابوو، چووم و دانیشتم، دەمبینی حەسیرەكە بەسەر جەستەیەوە شوێنەوارى جێهێشتبوو، سەیرم كرد كۆگاكەى تەنها نزیكەى مشتێ گەنمى تێدابوو لەگەڵ دارگەلآیەك كە بۆ خۆشە بەكاردەهات و كونەیەك لەولاوە هەڵواسرابوو، ئیتر چاوەكانم پڕ بوون لە فرمێسك، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  ئەی كوڕی خەططاب بۆچی دەگریت؟ وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چۆن نەگریم كە دەبینم حەسیرەكە شوێنەوارى لەسەر جەستەت جێهێشتووەو ئەوەش كۆگاكەتە دەبینم هیچی تێدا نیە، لەولاشەوە قەیسەرو كیسرا دەبینم چیان هەیە، تۆش پێغەمبەر و هەڵبژێردراوى خوایت و ئەوەش كۆگاكەتە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (ئەى كوڕی خەططاب ئایا رازى نیت رۆژی دوایی بۆ ئێمە بێت و دنیاش بۆ ئەوان بێت؟) وتم بەڵێ رازیم.[9]

 

رەباحى مەولاى حارث(رضي الله عنه)

ناوى رەباحەو مەولاى حارثى كوڕی مالیكی ئەنصاریە، ئەم هاوەڵە یەكێ:ە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود، لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[10]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 453.

[2] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 19543.

[3] - حديث هشام بن عمار، الرقم 123.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 451.

[5] - أسد الغابة، ج2، ص 239.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 158.

[7] - سنن ابن ماجة، الرقم 2838، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15684، قال شعيب الأرناؤوط صحيح لغيره، قال الالباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 2842: حسن صحيح.

[8] - صحيح ابن حبان، الرقم 1937، ضعفه شعيب الأرناؤوط، مسند احمد بن حنبل، الرقم 26154،  المستدرك على الصحيحين، الرقم 937، صححه الذهبي في التلخيص.

[9] - صحيح مسلم، الرقم 2782، صحيح ابن حبان، الرقم 4249، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 153.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 452.

 1177
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.