دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ژمارەی هاوەڵان

سەبارەت بە ژمارەى هاوەڵان راجیایی هەیە، راستیش ئەوەیە كە بە وردى ژمارەى هاوەڵان نازانرێت، چونكە ژمارەیەكى زۆر بووەو لەو سەردەمەشدا سەرژمێری ورد نەبووە، ژمارەیەكى زۆر لە هاوەڵان لە دوورى مەككە و مەدینەوە هاتون و وەك وەفد هاتون و دواتر چوونەتەوە بۆ ناوچەی خۆیان، لێرەدا تەنها چەند گێڕانەوەیەك بە نموونە دێنینەوە لەسەر ژمارەى هاوەڵان لە چەند قۆناغێكدا:

هاوەڵانى بەشداربوو لە غەزاى بەدردا 313 كەس بوون،[1] ژمارەیەكى زۆریش لە مەدینە بوون لە پیاو و ژن و منداڵ كە نەچووبوون بۆ ئەو غەزایە.

هاوەڵان لە رۆژی بەیعەتى ريضواندا ژمارەیان نزیكەى 1400 یان 1500 هاوەڵ دەبوو،[2] خواى گەورەش ئایەتى لەسەر دابەزاندون(لقد رضي الله عن المؤمنين إذ يبايعونك تحت الشجرة).[3]

هاوەڵانى بەشداربوو لە ساڵی دەی كۆچیدا كە لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بەشدار بوون بۆ چوون بۆ مەككە لە سەروو دە هەزار كەسەوە دەبوون، وەك لە صەحیحی بوخاریدا هاتووە (عن ابن عباس رضي الله عنهما أن النبي صلى الله عليه وسلم خرج في رمضان من المدينة ومعه عشرة آلاف[4] واتە(لە ئیبن عەبباسەوە كە دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە رەمەزاندا لە مەدینە دەرچوو و دە هەزار كەسی لەگەڵدا بوو).

لە غەزاى حونەیندا ئەوانەى لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوون دەهەزار كەس بوون لەگەڵ (الطلقاء)دا،[5] واتە ئەوانەى لە دواى فەتحى مەككە بوونە شوێنكەوتەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).

ئیبن حەجەر دەقێكى ئەبووزەرعەى رازى هێناوە كە دەڵێت:(پێغەمبەرى خوا(صلى الله عليه وسلم) كە وەفاتى كرد ئەوانەى دیبوویان و فەرموودەیان لێوەگێڕابوویەوە لەسەروو سەد هەزار كەسەوە دەبوون لە ژن و پیاو كە هەموویان فەرموودەیان لێوەگێڕاوەتەوە ئایا فەرموودەی بیستراو بێت یان بینراو).[6]

بەڵام ئەمە جێی پرسیارەو پێویستى بە روونكردنەوە هەیە، چونكە ئەگەر سەیری ئەو كتێبانە بكەین كە تایبەت بە هاوەڵان نووسراون و سەیری سەنەدەكانى كتێبەكانى فەرموودەش بكەین لەگەڵ ئەم گێڕانەوەدا یەك ناگرنەوە، بۆ نموونە ژمارەى باسكراوى هاوەڵان لە هەندێ لەو كتێبانەى تایبەت بەو بوارە نووسراون دەخەینە روو:

كتێبی (معرفة الصحابة)ى ئیبن مەندە ناوى 672 كەسایەتى باسكردووە كە هەندێكیان هاوەڵ نین.

كتێبی (معجم الصحابة)ى ئیبن قانع ناوى 1226 كەسایەتى باسكردووە كە هەندێكیان هاوەڵ نین.

كتێبەكەى ئیبن عەبدولبەر (الإستيعاب في معرفة الأصحاب) ناوى 4225 كەسایەتى باسكردووە كە هەندێكیان هاوەڵ نین.

كتێبەكەى ئیبن ئەثير (أسد الغابة) ناوى 7554 كەسایەتى باسكردووە كە هەندێكیان هاوەڵ نین و ژمارەیەكیشیان دووبارە بوونەتەوە لەبەر راجیایی لەسەر ناویان.

كتێبەكەى ئیبن حەجەر (الإصابة في تمييز الصحابة) ناوى  12304 كەسایەتى باسكردووە كە هەندێكیان هاوەڵ نین و ژمارەیەكیشیان دووبارە بوونەتەوە لەبەر راجیایی لەسەر ناویان.

بۆیە دەكرێت بوترێت ئەو ژمارەى هاوەڵان بووبێ یان ژمارەیەكى نزیك بەو ژمارەیە، فەرموودەشیان لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) بیستبێت و گێڕابێتەوە بۆ خەڵكى دەوروبەریان، بەڵام ئەو گێڕانەوانە هەموویان تۆمار نەكرابن و نەگەیشتبنە نەوەكانى داهاتوو، وەك ئەوەى چەندین كەس بە جیاجیا یان وەك وەفد هاتبن و لەو ماوە كەمەى بینینى پێغەمبەردا(صلى الله عليه وسلم) بڕێك فەرمودەیان وەرگرتبێت و دواتر چووبنەوە بۆ وڵاتى خۆیان و لەوێ ئەو فەرموودانەیان گێڕابنەوە، بەڵام دواتر ئەو فەرموودانە تۆمار نەكرابن.

هەروەها ئیبن حەجەر گێڕانەوەیەكى ثهورى هێناوە كە دەڵێت كاتێ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد دوانزە هەزار هاوەڵ هەبوون كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لێیان رازى بوو.[7]

لە (المستدرك على الصحیحین) دا هاتووە(ثارت الفتنة وأصحاب رسول الله صلى الله عليه وسلم عشرة آلاف)،[8]واتە(فیتنەى نێوان هاوەڵان هەڵگیرسا و ئەوكات دەهەزار هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) مابوون).

بەمجۆرە چەند ژمارەیەكى جیاجیامان لەرووى كات و شوێنەوە وەرگرت، چونكە هەم بەپێی ماوەكان بە مردنى هاوەڵان ژمارەى هاوەڵان كەم بوەتەوە، هەم بەپێی شوێنەكان جیاواز دەبێت، چونكە ئەو ژمارانە كە باسكراون زیاتر لەسەر ژمارەى هاوەڵانى ناو نیمچەدوورگە هاتون، ئەگەرنا ئەو هەمووە هاوەڵەى بە وەفد هاتوونەتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژمارەیان باس نەكراوە.



[1] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 2150، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 36035، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 11848.

[2] - ابن عبدالبر: الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ط1، دار الجيل(بيروت – 1412هجري)، ج1، ص 3 و 5.

[3] - الإسراء: 18.

[4] - صحيح البخاري، الرقم 4039.

[5] - صحيح ابن جبان، الرقم 4842،

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص2.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص3.

[8] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 8423، مصنف عبدالرزاق، الرقم 20735.

 3026
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.