دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (بەشیر) بووە

بەشیری ثهقەفی(رضي الله عنه)

بە بەشیر و بوشەیریش ناوى هاتووە،[1] بەسەرهاتێكی خۆی باس دەكات و دەڵێت چووم بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و وتم من لە سەردەمى نەفامیدا نەزرم كردووە گۆشتى حوشتر نەخۆم و مەى نەخۆمەوە، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى گۆشتى حوشتر بخۆ، بەڵام مەى مەخۆرەوە.[2]

بەشیری حارثى (رضي الله عنه)

ناوى بەشیری حارثي كەعبیە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى عیصام كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[3]

بەشیر دەڵێت بەنوحارثى كوڕی كەعب منیان بە وەفد نارد بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، كاتێك چوومە خزمەتى فەرمووى لە كوێوە هاتویت؟ وتم ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بە دایك و باوكمەوە بە قوربانت بم، من وەفدى هۆزەكەمم بۆ لاى تۆ تا موسڵمان بوونی هۆزەكەم رابگەیەنم، ئەویش فەرمووى (مەرحەبا) بەخێر بێیت، ناوت چیە؟ وتم ئەكبەر، فەرمووى بەڵكو تۆ بەشیریت (بل أنت بشیر).[4]

لە گێڕانەوەیەكی تردا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پرسیاری لێكردم فەرمووى ناوت چیە؟ وتم كەثير، فەرمووى (بل أنت بشیر)،[5] بەڵكو تۆ ناوت بەشیرە.

بەشیری كوڕی جابر (رضي الله عنه)

ناوى بەشیری كوڕی جابری كوڕی عەرابى عەبەسیە،[6] وەك وەفد هاتوەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)،[7] دواتریش لە سەردەمى خیلافەتى راشیدیندا لە فەتحى میصردا بەشدارى كرد.[8]

 

 

 

 

بەشیری كوڕی حارث(رضي الله عنه)

ناوى بەشیری كوڕی حارثهو لە پشتیوانانە،[9] بە بوشەیریش ناوى هاتووە.[10]

ئیبن ئەثير پێی وایە هاوەڵ نەبووە، بەڵكو تابعی بووە،[11] بەڵام ئیبن قانع و ئیبن حەجەر بە هاوەڵ باسی دەكەن.

فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە كە فەرموویەتى (إذا أشكلت عليك آية من القرآن تؤنثها أو تذكرها فذكر القرآن[12] (ئەگەر لە ئایەتێكی قورئاندا گیرت خوارد ئایا موذەكەرە یان موئەننەثه ئەوا بە موذەككەرى دایبنێ).

بەشیری كوڕی سەعد(رضي الله عنه)

ناوى بەشیری كوڕی سەعدى كوڕی ثهعلەبەیە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان،[13]بەشیر برایەكیشی هەبوو ناوى سەمماك بوو كە لە هەردوو غەزاى بەدر و ئوحودیشدا بەشدار بوو.[14]

ژنەكەى بەشیر كە دایكی نوعمان بوو ناوى عەمرەى كچی رەواحە بوو.[15]

بەشیر كوڕێكی هەبوو بە ناوى نوعمان كە یەكەم لەدایكبووى پشتیوانان بوو دواى كۆچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ مەدینە.[16]

كچێكیشی هەبوو بە ناوى ئومەیمە كە موسڵمان بوو و بەیعەتى دابوو بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)،[17] ئومەیمە خوشكی نوعمان بوو.[18]

بەشیر لە سەردەمى نەفامیشدا خوێندەوارى هەبوو و بە زمانى عەرەبیش دەینووسی.[19]

 بەشیر لە بەیعەتى عەقەبەى دووەم[20] و غەزاى بەدرو ئوحود و غەزاكانى دواتریشدا بەشدار بوو.[21]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە مانگى شەعبانى ساڵی حەوتەمى كۆچیدا سریەیەكى سی(30) كەسی پێكهێنا و بە سەركردایەتى بەشیری كوڕی سەعد ناردى بۆ فدك، ئەویش چوو بینی خەڵكەكەى لەوێ نین و چون بۆ ناو باخ و كشتوكاڵەكەیان، ئاژەڵەكانى بەدەستكەوت گرت و بەرەو شارى مەدینە خستیەڕێ، كاتێك كەسێكیان بەوەى زانى چوو بۆ لاى خەڵكەكە و هاوارى كرد مالآتتان نەما، ئەوانیش كەوتنە شوێنیان تا شەو لێیان نزیك بوونەوە، سوپاكەى بەشیر كەوتنە تیربارانى دوژمن تا تیریان پێ نەما، دوژمن داى بەسەریاندا و هاوەڵانێ شەهید بوون، بەشیریش بەردەوام دەجەنگا،[22] دوژمنان ئاژەڵ و شمەكەكانیان بردنەوە، عەلبەى كوڕی زەید هەواڵى هێنایەوە بۆ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)،  دواتر بەشیریش گەڕایەوە.[23]

لە مانگى شەوالى ساڵی حەوتى كۆچیدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشیری كوڕی سەعدى بەرەو وادیلقورا نارد،[24] پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی بیستبوو عویەینەى كوڕی حیصن لەگەڵ غەطهفانیەكان رێككەوتووە تا هێرش ببەنە سەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشیری كوڕی سەعدى بانگكرد و لیوایەكى بۆ پێكهێنا و 300 كەسی لەگەڵدا نارد، ئەوانیش شەوانە رێیان دەبڕی و بە رۆژ خۆیان دەشاردەوە تا گەیشتنە یەمەن و جبار، بە چەكەوە چوون تا لە دوژمن نزیك بوونەوە، بەشێكی زۆرى ئاژەڵەكانیان كۆكردنەوەو دوژمنەكانیش بلآوەیان لێكردبوو، پاش ئەوەى بەشیر بینی دوژمن دیار نیە بە ئاژەڵەكانەوە گەڕایەوە، لە رێدا دوو كەس لە دوژمنانى بینی، بۆیە هەردووكیانى بەدیل گرت و هێنانى بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەو دوو دیلەش موسڵمان بوون، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ئازادى كردن.[25]

جارێك عەمرەى كچی رەواحە كە ژنى بەشیر بوو داواى كرد لە بەشیر بەشێك ببڕێتەوە بۆ كوڕەكەى، بەڵام ئەو رازى نەبوو، دواتر دواى دوو جار[26] پاش یەك ساڵ بەشیر رازى بوو، بەڵام عەمرە وتى نابەخوا رازى نابم تا دەستى نەگریت و نەیبەیت بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بكەیت بە شایەت، بەشیریش منداڵەكەى هێنا بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من بەشێكی سامانم بڕیوەتەوە بۆ ئەم كوڕەم و دایكی ئەم كوڕەشم دەیەوێت تۆ شایەت بیت لەسەر ئەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئایا جگە لەمە منداڵی ترت هەیە؟ وتى بەڵێ، فەرمووى ئایا ئەوەى بۆ ئەمت بڕیوەتەوە بۆ هەموو ئەوانیشت بڕیوەتەوە؟ وتى نا،[27] پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (فإني لا أشهد على هذا، هذا جور أشهد على هذا غيري، اعدلوا بين أولادكم في النحل كما تحبون أن يعدلوا بينكم في البر واللطف[28] (دەى من نابمە شایەت بۆ شتی وا، ئەوە ستەمە بڕۆ كەسى تر جگە لە من بكە بە شایەت بۆی، لەنێوان منداڵەكانتاندا دادپەروەر بن لە بەشدا وەك چۆن حەز دەكەن ئەوان لە چاكەو میهردا لەنێوانتاندا دادپەروەر بن).

لە گێڕانەوەكەى بوخاریدا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لێی پرسی ئایا جگە لەمە منداڵی ترت هەیە؟ وتى بەڵێ، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى دەى بیگێڕەوە (پاشگەز ببەرەوە)،[29] هەروەها هاتووە پێی فەرموو (فاتقوا الله واعدلو بین أولادكم)،[30] (دەى لەخوا بترسن و لەنێوان منداڵەكانتاندا دادپەروەر بن).

هەر لە گێڕانەوەیەكى تری بوخاریدا هاتووە فەرمووى (لا تشهدنى على جور)،[31] (مەمكە بە شایەت لەسەر ستەمێك).

لە عومرەى پاش حودەیبیەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشیری كوڕى سەعدى لە مەروظههران دانا تا لەوێ بێت.[32]

بەشیری كوڕی سەعد یەكەم كەسى پشتیوانان بوو بەیعەتى دا بە ئەبووبەكرى صدیق.[33]

لە سەردەمى خیلافەتى ئەبووبەكرى صدیقدا لە ناو سوپاكەى خالیدی كوڕی وەلیددا لە (عین التمر) شەهید بوو، ئەمەش لە ساڵی دوانزەى كۆچیدا بوو پاش ئەوەى لە جەنگى یەمامە گەڕانەوە.[34]

پەندو وانە

لە خوێندنەوەى ژیانى ئەم هاوەڵەوە بەڵگەیەكى تری مرۆیی بوونى هاوەڵان و پەیڕەوی مرۆیی بوونیان بەدی دەكەین، چونكە ئەو روانینە هەڵەیە لاى بڕێك لە موسڵمانان دروست بووە كە ئەگەرچی بە زمان دان دەنێن بە مرۆیی بوونیاندا كەچی لە پەیڕەودا وەك مرۆڤ ناڕواننە هاوەڵان، بەڵام لە راستیدا ژیانى هاوەڵان ژیانێكی مرۆییە لە پلەیەكى بەرزى پەیڕەوى دروستدا هاودەم بە بوونى هەڵەو كەموكورتى، دەبینین عەمرەى ژنى بەشیر كە هاوەڵ بووە كەوتوەتە هەڵەى هەوڵی جیاكارى لەنێوان منداڵەكانیدا، هاوكات بەشیریش بەوە رازى بوو.

زۆر جار حەزى دنیایی مرۆڤ و تاسەی ویستەكانى دەروون وا دەكەن هەڵپەی دنیا و هەنگاو بۆ بەدیهێنانى ویستەكان، هەڵە بە مرۆڤ بكەن، بۆیە ئەو ویستەى كە عەمرە هەیبوو هۆكارێك بوو بۆ هەڵەیەك كە هەم خۆی و هەم مێردەكەشی تێی كەوتن تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێ راستەكەى پێ نیشان دان، ملكەچی ئەوانیش بۆ رێ راستەكە نیشانەى ئەو عەدالەتەیە كە دەڵێین لە هاوەڵاندا هەبووە.

 

بەشیری كوڕی سەعد(رضي الله عنه)

ناوى بەشیری كوڕی سەعدى كوڕی نوعمانى كوڕی ئەككالى موعاویە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە،[35]بەشیری كوڕی سەعد هاودەم بە سەعدى باوكى لە غەزاى ئوحودو و خەندەق و چەند غەزایەكى تردا بەشدارى كرد.[36]

 

بەشیری كوڕی عەبدوڵا (رضي الله عنه)

ناوى بەشیری كوڕی عەبدوڵایەو لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، دەشوترێت بەڵكو ناوى بیشرە،[37] لە جەنگى یەمامە شەهید بوو.[38]

 

بەشیری كوڕی عەبدولمونذیر (رضي الله عنه)

ناوى بەشیری كوڕی عەبدولمونذیرە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان،[39] كونیەكەى ئەبولوبابەیە، زیاتریش بە كونیەكەى ناسراوە،[40] دەوترێت بەڵكو ناوى ریفاعەیە،[41] یان دەوترێت ناوى مەڕوانە.[42]

ئەبولوبابە یەكێك بوو لە بەشداربووەكانى بەیعەتى عەقەبە و یەكێكیش بوو لە دوانزە نەقیبەكە.[43]

ژنەكەى ناوى خەنسائی كچی خوذام بوو، لە جەنگى ئوحوددا كاتێك ئونەیسی كوڕی قەتادە شەهید بوو خەنسائی ژنى مایەوە، باوكى خەنساء ویستى خەنساء بدات بە پیاوێكی موزەینە، بەڵام خەنساء حەزى نەدەكرد، بۆیە سكالآى بردە لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەری خواش (صلى الله عليه وسلم) رێی نەدا بەو هاوسەرگیریە، ئینجا ئەبولوبابە خەنسائی بە هاوسەرگرت و خواى گەورەش منداڵێكی پێ بەخشین كە ناویان نا سائیب.[44]

ئەبوولوبابە ژنێكی تریشی هەبوو بە ناوى نوسەیبەى كچی فضالە كە دایكی لوبابە بوو،[45] ئەبوولوبابە كوڕێكی تریشی هەبوو بە ناوى عەبدوڕەحمان كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[46]

كچەكەى ئەبولوبابە ناوى لوبابە بوو بەهۆی ئەم كچەیەوە ئەو كونیەى لێ نرا، زەیدی كوڕی خەطاب لوبابەى بە هاوسەرگرت.[47]

ئەبولوبابە و حارثى كوڕی حاطب ویستیان لە غەزاى بەدردا بەشدارى بكەن، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەردووكیانى گێڕایەوەو ئەبولوبابەى كرد بە بەرپرسی مەدینە، لە دەستكەوتەكانى بەدریشدا پشكى بۆ دانان و لە پاداشتى جیهادى بەدریشدا بەشدار بوون، بۆیە مووساى كوڕی عوقبە ناوى هەردووكیان بە بەشداربووى بەدر ناو دەبات.[48]

پێش گەڕانەوەى ئەبوولوبابە لە بەدر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبولوبابەو عەلى كوڕی ئەبووطالیب پێكەوە بوون و یەك سواریان پێ بوو، ئەوان دەیانوت ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە بری ئێمە سەركەوە، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (ما أنتما بأقوى على المشي مني ، ولا أنا أغنى عن الأجر منكما[49] (نە ئێوە لە من ئازاترن لە رێ كردنداو نە منیش لە ئێوە بێباكترم لە پاداشت).

جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزاى باران بارینی دەكرد، ئەبوولوبابە وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خورماكانم لە مەربەددان (شوێنی هەڵگرتنى خورما)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دووبارە فەرمووى خوایە بارانمان بۆ ببارێنە، ئەبولوبابە دووبارە وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خورماكان لە مەربەددان، لە جاری سێیەمدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (اللهم اسقنا حتى يقوم أبو لبابة عرياناً فيسد ثعلب مَرْبَد بإزاره)، (خوایە بارانمان بۆ ببارێنە تا ئەبولوبابە بە رووتى هەستێت و بە جلەكانى كونى مەربەدەكە بگرێت)، بارانێكی بەخوڕ دایكرد و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی كرد بۆ هاوەڵان، پشتیوانان هاتن بۆ لاى ئەبولوبابەو وتیان ئەی ئەبولوبابە تا بە رووتى نەچیت بە جلەكانت كونى مەربەدەكە بگریت باران ناوەستێ.[50]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزیكەى زیاد لە سیانزە رۆژ گەمارۆی بەنوقورەيضهی دا، بەنوقورەيضه داوایان كرد ئەبوولوبابە بچێت بۆ لایان تا بیدوێنن، ئەویش وتى ناچم تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتم نەدات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو وا مۆڵەتم دایت، ئەبولوبابە چوو بۆ لایان، ئەوانیش لەبەردەم ئەبولوبابەدا دەستیان كرد بە گریان و وتیان ئەی ئەبولوبابە حاڵەكە چۆن دەبینیت؟ چیمان بەسەر دێت؟ ئێمە تواناى جەنگمان نیە، ئەبولوبابەش بە دەستى ئاماژەى كرد بۆ قوڕقوڕاگەى و پەنجەى بە قوڕگیدا دەهێنا وەك بڵێی لە گەردنتان دەدرێت، كاتێك ئەبولوبابە گەڕایەوە راچڵەكى و هەستى كرد كەوتووەتە فیتنەو هەڵەیەكى گەورەوە، بۆیە وتى بەخوا ناڕوانمە نێوچاوانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا لاى خوا تەوبەیەكى تەواوەتى بكەم بەجۆرێ خوا بیخاتە دڵمەوە كە تەوبەكەمى وەرگرتووە، بۆیە گەڕایەوە بۆ مەدینەو خۆی بەستەوە بە قەدى دارخورمایەكى مزگەوتەوە، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەیری كرد ئەبولوبابە دیار نیە فەرمووى ئەرێ ئەبولوبابە لاى هاوپەیمانەكانى تەواو نەبوو؟ ئیتر بۆی باسكرا كە ئەبولوبابە چی كردووە؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى دواى من تووشی فیتنە بووەو ئەگەریش بهاتایە بۆ لام بە دڵنیاییەوە لێی خۆش دەبووم، ئەگەریش ئەوەى كردبێت ئەوا لە شوێنی خۆی نایجووڵێنم تا خواى گەورە بە ویستى خۆی بڕیاری لەسەر دەدەات،[51] ئەوەبوو دواتر خواى گەورە لێی خۆش بوو.[52]

ئەبوولوبابە یەكێك بوو لەو هاوەڵانەى لە غەزاى تەبووكدا دواكەوتن و نەچوون.[53]

سەبارەت بە ناو و ژمارەى ئەو كەسانەى لە غەزاى تەبووكدا دواكەوتن ڕا جیایی هەیە، ڕایەك دەڵێت دە كەس بون، ڕایەك دەڵێت حەوت كەس بوون و چوار كەسیان خۆیان بەستبوویەوە بە پایەكانى مزگەوتى پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) تا ئەو كاتەى خوا لێیان خۆش دەبێت، ڕایەك ناوى سێ كەس دێنێت،[54]ڕایەكیش ناوى شەش كەس دێنێت كە بریتین لە (ئەوسی كوڕی خيذام، ئەبوولوبابە، ثهعلەبەى كوڕی وەدیعە، كەعبی كوڕی مالیك، مرارەى كوڕی رەبیع، هیلالی كوڕی ئومەییە).[55]

زۆرجار بە جیا لە سەرچاوەكاندا ناوى یەكێك لەو شەش هاوەڵە دێت كە خۆی بەستوەتەوە بە پایەكانى مزگەوتەوە تا تەوبەیەك بێت لەو كارە و خواى گەورە لێی خۆش بێت، بەڵام ئەو كەسانەى خۆیان بەستەوە بە پایەكانى مزگەوتى پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) سێ كەس بوون كە بریتی بوون لە ئەوس و ئەبوو لبابە و ثهعلەبە.[56]

سەبارەت بەو كەسانەى كە نەچون بۆ غەزاى تەبووك ئیبن كەثير دەڵێت: ئەوانەى نەچوون بۆ غەزاى تەبووك چوار بەش بوون، بەشێك فەرمانیان پێكرابوو لەلایەن پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) تا نەچن و پاداشتیان بۆ هەیە وەك عەلى كوڕی ئەبووطالیب و موحەممەدى كوڕی مەسلەمەو ئیبن ئوم كلثوم، دەستەیەكی تر بیانوویان هەبوو لەبەرئەوەى لاواز و نەخۆش بوون، دەستەیەكیش ئەوانە بوون كە لە خەفەتى نەچوونەكەیان دەگریان، ئەمانە تاوانبارەكان بوون و بریتی بوون لە ئەبوولوبابەو هاوەڵەكانى، دەستەى چوارەمیش سەركۆنەكراوان بوون كە بریتی بوون لە دوورووەكان.[57]

سەبارەت بە كاتى مردنى ئەبولوبابە چەند ڕایەك هەیە، ڕایەك دەڵێت پێش كوژرانى عوثمانى كوڕی عەففان مردووە،[58] ڕایەكى تر دەڵێت دواى كوژرانى عوثمانى كوڕی عەففان كۆچی دوایی كردووە، ڕایەكى تر دەڵێت لە خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا وەفاتى كردووە، ڕایەكیش دەڵێت تا ساڵی پەنجاى كۆچیش ژیاوە، واتە سەردەمى دەوڵەتى ئومەوى.[59]

ئیبن سەعد دەڵێت پاش كوژرانى عوثمانى كوڕی عەففان و پێش كوژرانى عەلى كوڕی ئەبووطالیب كۆچی دوایی كردووە.[60]

پەندو وانە

خاكیبوونى سەركردەى موسڵمانان و تێگەیشتن لە باری هاوڵاتیان لە هەموو كاتێكدا سوننەتێكى بەردەوامى ناو ژیانى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بووە، دەبینین پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و عەلى و ئەبولوبابە بە هەرسێیانەوە یەك سواریان پێ بووە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئامادە نەبووە خۆی جیا بكاتەوە لە هەموو موسڵمانان هەرچەندە ئەم هەم پێغەمبەرى خوا و هەم سەركردەى وڵاتیش بووە، تەنانەت ڕازى نەبووە پشكى سەركەوتنى هاورێكانى وەربگرێت پاش ئەوەى خۆیان بە تاسەوە داوایان لێكردووە بەوە ڕازى بێت، بەڵكو تێیگەیاندون لە ئاستى دنیادا ئێوەش وەك من ماندوو دەبن، لە ئاستی قیامەتیشدا منیش وەك ئێوە تاسەی بەهەشتم هەیە.

مەسەلەى زۆرەملێ لە هاوسەرگیریدا لە ئیسلامدا قبووڵ نەكراوە، ئەوەتا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) رێی نەداوە هاوسەرگیری زۆرەملێی خەنسائی كچی جەذام سەربگرێت و ئەو هاوسەرگیریەى هەڵوەشاندوەتەوەو لەبری ئەوەدا خەنساء بە ویستى خۆی شووی كردووە بە ئەبوولوبابە.

تەوبەكردن لە هەڵەو لادان و تاوان واجبە، زۆرجار تەوبەكردنەكە تەنها بە زمان و دڵ نابێت و دەبێت بچێتە بوارى وەرگرتنى سزاى جەستەیی و ماددیشەوە، جا زۆرن كەسانێك ئامادەییان هەیە بە دڵ و زمان تەوبە بكەن، بەڵام كاتێك دەگاتە بوارى ماندووبوون و سزاى جەستەیی و ماددى، بارەكەیان لێ قورس دەبێت و باكیان نامێنێت بە تەوبە، بۆ نموونە كەسێك كە قسەیەكى هەڵە دەكات تەوبەكەى بە زمان و دڵ كۆتایی دێت، بەڵام كەسێك سوێندێكی درۆ دەخوات یان سوێندێك دەخوات و بە ناحەق دەیخات، دەبێت جگە لە تەوبەى دڵ و زمان سێ رۆژ رۆژوو بگرێت یان نانى دە هەژار بدات یان جل و بەرگى دە هەژار بكات.

 

 

بەشیری كوڕی عەتیك(رضي الله عنه)

ناوى بەشیری كوڕی عەتیكی كوڕی قەیسە، لە پشتیوانانە لە بەنى عەمری كوڕی عەوف،[61] واتە لە ئەوسیەكان.[62]

بەشیر برایەكى هەبوو بە ناوى جەبر یان جابر كە لە بەدر و هەموو غەزاكانى تریشدا بەشدار بوو.[63]

بەشیری كوڕی عەتیك لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد، هەروەها تا دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە جەنگى یەمامەشدا بەشدارى كرد و هەر لەو جەنگەشدا كوژرا.[64]

بەشیری كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى بەشیری كوڕی عەمرى كوڕی میحصەنە، لە پشتیوانانە، سەبارەت بە ناوى ڕا جیایی هەیە، بە بەشیر و بە بیشریش ناوى هاتووە، كونیەكەى ئەبوو عەمرەیە.[65]

 

بەشیری كوڕی عەنبەس(رضي الله عنه)

ناوى بەشیری كوڕی عەنبەسی كوڕی زەیدى كوڕی عامرە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە،[66] لە غەزاى ئوحود و خەندەق و هەموو غەزاكانى دواتریشدا بەشدارى كرد.[67]

بەشیرى كوڕی عەنبەس ئەسپێكی هەبوو ناوى حواء بوو، ئیتر بە بەشیر دەوترا فارس حواء.[68]

لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەطابدا بەشیری كوڕی عەنبەس شەهید بوو،[69] دەوترێت لە جەنگى جسردا شەهید بوو.[70]

 

بەشیری كوڕی عورفوطه(رضي الله عنه)

ئەم هاوەڵە بە بەشیر و بە بیشریش ناوى هاتووە.[71]

ناوى بیشری كوڕی عورفوطهى جوهەنیە، دەشوترێت ناوى بەشیرە، بەڵام ئیبن موندە دەڵێت یەكەمیان راستترە.[72]

ئەم هاوەڵە لە فەتحى مەككە و جەنگەكانى دواتریشدا بەشدار بوو.[73]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە جوهەنیەكان بە نزیكەى هەزار كەسەوە هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوون و بەشدارى جیهاد و غەزاكانیان كرد، بیشری كوڕی عورفوطه لەنێویاندا بوو.[74]

بەشیری كوڕی مەعبەد(رضي الله عنه)

ناوى بەشیری كوڕی مەعبەدە، ناسراوە بە ئەبوو بیشیری ئەسلەمى.[75]

ناوى لەناو ئەو هاوەڵانەدا هاتووە كە دواتر لە كووفە نیشتەجێ بوون.[76]

بەشیر كوڕێكی هەبوو بە ناوى بیشر كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[77]

بەشیری كوڕی مەعبەد یەكێك بوو لە بەشداربوانى بەیعەتى ريضوان.[78]

بەشیری كوڕی مەعبەد دەگێڕێتەوە جارێك ئەسپۆن (أشنان)[79] هێنرا تا دەستى بشوات، دەستى بۆ برد، پێی وترا ئەوە بە دەستى راست دەگیرێت، ئەویش وتى ئێمە شتى چاك بەدەستى راستمان دەگرین.[80]

 

بەشیری كوڕی موعاویە (رضي الله عنه)

ناوى بەشیری كوڕی موعاویەیە و ناسراوە بە ئەبووعەلقەمەى نەجرانى، موسڵمان بوو و هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لەگەڵیدا مایەوە تا شەهید بوو.[81]

 

 

بەشیری كوڕی نەذیر (رضي الله عنه)

ناوى بەشیری كوڕی نەذیری كوڕی مەعبەدى كوڕی شەراحیلى سەدوسیە، زیاتر بە ئیبنولخەصاصیە ناسراوە، دەشوترێت ناوى باوكى مەعبەدە،[82]یان دەوترێت ناوى باوكى یەزیدە.[83]

بۆیە پێی وتراوە ئیبنولخەصاصیە چونكە دایكی ناوى خەصاصیە بووە.[84]

بەشیر سەرەتا ناوى زەحم بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی بە بەشیر.[85]

ژنەكەى بەشیر ناوى لەیلا بوو، لەیلا دەیوت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى نا بەشیر ئەگەرنا پێشتر ناوى زەحم بوو.[86]

هەروەها هاتووە كە ژنەكەى بەشیر ناوى جەهدەمە بووە،[87] لەوانەیە بەشیر زیاتر لە ژنێكی هەبووبێت.

بەشیر كۆچی كرد بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) لە صوففە داینا.[88]

بەشیر وەك ئەندامێكی ناو وەفدى بەكر بن وائیل هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[89]

بەشیر دەڵێت كاتێك هاتم بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تا بەیعەتى پێ بدەم، فەرمووى:(أن تشهد أن لا إله إلا الله وأن محمدا عبده ورسوله وتصلي الخمس و تصوم رمضان وتؤدي الزكاة وتحج البيت وتجاهد في سبيل الله)، (شایەتى بدەیت هیچ پەرستراوێك نیە جگە لە خوا و موحەممەدیش بەندەو نێردراوى خوایەو پێنج فەرزەكە نوێژ بكەیت و رۆژووی رەمەزان بگرێت و زەكات بدەیت و حەجى بەیت (كەعبە) بكەیت و لە رێی خوادا جیهاد بكەیت)، منیش وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دوانیان ناتوانم، سەبارەت بە زەكات من تەنها دە ژەمم هەیە كە پێویستى ماڵ و مناڵمن، سەبارەت بە جیهادیش دەڵێن هەركەس لە سەنگەردا پشت هەڵبكات توورەیی خوا دەیگرێتەوە، منیش دەترسم ئەگەر چوومە جەنگەوە ترسی مردن دامبگرێت و ترس دەروونم داگرێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستى بەیەكدا داخست و دەستەكاندى پرواند و فەرمووى (صەدەقە نەدەیت و جیهاد نەكەیت؟ ئەى ئیتر بە چی دەچیتە بەهەشتەوە؟)، دواتر وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بەیعەتت پێ دەدەم، ئەوەبوو لەسەر هەموو ئەو شتانە بەیعەتم دا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[90]

بەشیر دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پرسیاری لێكردم فەرمووى تۆ لە چ هۆزێكیت؟ وتم لە رەبیعە، فەرمووى (لە رەبیعەتولفورس كە دەڵێن ئەگەر ئەوان نەبن زەوى بە خەڵكەكەیەوە سەراوژوور دەبێتەوە؟ سوپاسی ئەو خوایە دەكەم كە لە نێو رەبیعەدا تۆی منەتبار كرد).[91]

بەشیر دەڵێت ئێمە لە صوففە بووین، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دیاریەكى بۆ دەهات ئێمەشی تیادا بەشدار دەكرد، ئەگەریش صەدەقەیەكى بۆ بهاتایە هەمووى دەدا بە ئێمەو خۆی وەری نەدەگرت، شەوێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوویە دەرەوەو منیش كەوتمە شوێنی، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوویە گۆڕستانى بەقیع، لەوێ فەرمووى (السلام عليكم دار قوم مؤمنين وإنا بكم لاحقون وإنا لله وإنا إليه راجعون لقد أصبتم خيرا بجيلا وسبقتم شرا طويلا)، (سەلامتان لێ بێت ئەی دەستەى باوەڕداران، ئێمەش دەگەینەوە بە ئێوەو پەیوەستتان دەبین، ئێمە لاى خواوە هاتوین و بۆ لاى خۆیشی دەگەڕێینەوە، بەراستى چاكەیەكى زۆرتان دەستكەوت و پێش خراپەیەكى دوورودرێژ كەوتن)، پاشان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لای كردەوە بە لاى مندا و فەرمووى ئەوە كێیە؟ وتم منم بەشیر، فەرمووى ئایا رازى نیت بەوەى لەو (ربيعة الفرس)[92]ەوە كە بانگەشەى ئەوەیان دەكرد ئەگەر ئەوان نەبن زەوى بە خەڵكەكەیەوە لەناودەچێت خواى گەورە گوێ و دڵ و بینایی بەرەو ئیسلام هێنایت؟ وتم با ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)،  فەرمووى بۆچی هاتیت؟ وتم ترسام شتێكى خراپت تووش بێت.[93]

لە گێڕانەوەیەكدا هاتووە پاش ئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سوپاسی خواى كرد كە لە ناو رەبیعەدا رێنموونى بەشیری كوڕی خەصاصیەى كردووە، بەشیر وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نزام بۆ بكە خوا من پێش تۆ بمرێنێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى نزاى وا بۆ كەس ناكەم.[94]

بەشیر دەڵێت جارێك بە پێغەمبەرم (صلى الله عليه وسلم) وت ئەوانەى صەدەقە كۆدەكەنەوە لە سنوور دەردەچن، ئایا ئێمە بۆمان هەیە هێندەى ئەو سنوور دەرچوونە شتیان لێ بشارینەوە؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (نەخێر).[95]

بەشیری كوڕی خەصاصیە دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و بەشدارى كرد لە فتووحاتدا، لە سوپاكەى موثهنناى كوڕی حارثهدا بوو، كاتێك موثهننا چوو بۆ لاى خەلیفە ئەبووبەكری صدیق بەشیری لە شوێنی خۆی دانا،[96] دواتریش كاتێك  موثهنناى كوڕی حارثه لە مەیدانى فتووحاتدا بریندار بوو، پێش مردنى خۆی بەشیری كوڕی خەصاصیەى كرد بە جێنشینی خۆی تا دواى خۆی سەرپەرشتى سوپاكە بكات.[97]

 

 

 

پەندو وانە

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوە ناشیرینەكانى دەگۆڕی بە ناوى جوان، لەو بارەیەوە ئیبن قەیم دەڵێت:(لەبەرئەوەى ناوەكان قاڵب و دەلیلی واتاكانن، بۆیە حیكمەت و دانایی وادەخوازێ گونجان و پەیوەستیەك لەنێوان ئەو دوانەدا هەبێت... بەڵكو ناو كاریگەرى هەیە لەسەر ناولێنراوەكە لە رووى چاكى و ناشیرینی و خراپی وسووكى و قورسیەوە... پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە چاكى زانیوە ناوى جوان بنرێت لە كەس، ئەگەریش كەسێكیان بە پۆستەو پەیام بەر دابنایە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى دەكرد تا ناوى جوان و روخسارى باش بێت،[98]... وەك چۆن لە حودەیبیەدا بە هاتنى سوهەیل بۆ رێككەوتن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گەشبینی نواند.[99]

پێویستە لە گەیاندنى پەیامى خوادا بەو جۆرە پەیام بگەیەنین كە هەیە و خوا داواى كردووە نەك بەوجۆرەى كە ئێمە بمانەوێت یان بەوجۆرەى بەرامبەر رازى بكات، پەیامى خوا بنەڕەتى نەگۆڕەو ئێمە پێناوى گەیاندنین نەك هێزی رێكخەر و دەستكاریكەر، ئەم بنەمایە زۆر پێویستە لە تاكى بانگخوازدا ڕەچاو بكرێت، چونكە هەمیشە بانگخواز حاڵی واى دێتە پێش، بە دیدی دنیایی و مرۆیی پێویست دەكات بڕیارێك بدات جیا لەوەى خوا داواى كردووە، بەڵام هیچكات سەرخستنى ئیسلام بە ناڕەوا ئەنجامى نابێت، ئیسلام بەس بە سروشی خوایی دەگەیەنرێت، خوا دەفەرموێت (واتبع ما يوحى اليك من ربك ان الله كان بما تعملون خبيرا)،[100] بۆیە وەك ئیمامى ئەبووبەكر فەرمووى (من شوێنكەوتەم نەك موبتەدیع).

بەختكردنى ماددەو گیان بۆ ئیسلام زەروورەتێكە و دەبێت موسڵمان ئامادەیی ئەوەى هەبێت، واتە نابێت موسڵمان ماڵ و سامان و گیانى خۆی لە ئیسلام لا لەپێشتر بێت، بۆ ئەوەش زۆرجار پێویست دەكات لەپێناو ئیسلامدا قوربانى بدەیت بە یەكێك یان هەردووكیان، خواى گەورە دەفەرموێت (انفروا خفافا وثقالا وجاهدوا باموالكم وانفسكم في سبيل الله ذلكم خير لكم ان كنتم تعلمون[101] هەریەك لە گیان و سامان پێناوى خزمەت بەم ئیسلامەن، ئەمە بەو واتایە نا كە موسڵمان هەمیشە لە نارەحەتى و سەختیدا بێت، بەڵكو پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت:(نعم المال الصالح للرجل الصالح)،[102] (ماڵ و سامانى چاك بۆ پیاوى چاك و صاڵەح باشە)، هەروەها بۆ مەسەلەى گیانیش پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (ما عمر المسلم كان خيرا له[103] (موسڵمان تا تەمەن بكات ئەو تەمەنە خێرە بۆی)، بۆیە ئیسلام نە دژی خۆشگوزەرانیە و نە دژی زۆر ژیانە، بەڵكو دژی بوونە كۆیلەى سامان و گیانە.

دیاردەیەكى ناشیرینی ناو ئەمڕۆی موسڵمانان منەت كردنیانە بە موسڵمان بوونیان كە لە سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەسانێكی تازە موسڵمان بوو ئەو منەتەیان دەكرد، وەك خوا دەفەرموێت (يمنون عليك أن أسلموا قل لا تمنوا على إسلامكم بل الله يمن عليكم أن هداكم للإيمان إن كنتم صدقين[104] (منەت دەكەن بەسەرتدا كە موسڵمان بون، بڵێ موسڵمانبوونتان مەكەن بە منەت بەسەرمەوە، بەڵكو خوا منەتبارتان دەكات كە رێنموونى كردن بۆ ئیمان).

 

بەشیری كوڕی نەههاس(رضي الله عنه)

ناوى بەشیری كوڕی نەههاسى عەبدیە،[105] فەرموودەیەكى گێراوەتەوە، بەڵام ئیبن حەجەر دەڵێت سەنەدەكەى تەواو لاوازە.[106]

بەشیری كوڕی ئەبی زەید(رضي الله عنه)

ناوى بەشیری كوڕی ئەبی زەیدە، لە پشتیوانانە،[107] ئەبی زەیدی باوكى لە غەزاى ئوحوددا شەهید بوو.[108]

بەشیر هاودەم بە وداعەى كوڕی لە جەنگى صفیندا لە سوپاى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا بەشدار بوو.[109]

 

بەشیری كوڕی ئەبی زەید(رضي الله عنه)

ناوى بەشیری كوڕی ئەبی زەیدە، لە پشتیوانانە،[110] ئەبووزەیدی باوكى یەكێك بوو لەو شەش كەسەی كە لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) قورئانیان كۆكردەوە،[111] بەشیر لە رۆژی (الحرة) شەهید بوو.[112]

ئیبن حەجەر دەڵێت لەوانەیە ئەم دوو ناوەى بەشیری كوڕی ئەبی زەید هەر یەك كەسایەتى بێت.[113]

بەشیری كوڕی یەزید(رضي الله عنه)

ناوى بەشیری كوڕی یەزیدی ضهبوعیە، لەو هاوەڵانەیە دواتر نیشتەجێی بەصرە بوون.[114]

بەشیری كوڕی یەزید كەسێكی بە تەمەن بوو و سەردەمى نەفامیشی دیبوو.[115]

فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە كە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە رۆژی ذیقاردا فەرمووى (هذا أول يوم انتصفت فيه العرب من العجم[116] (ئەوە یەكەم رۆژە تیایدا عەرەب تۆڵەى خۆی لە عەجەم كردەوە).

جەنگى ذیقار ئەو جەنگە بوو كە لەنێوان عەرەب و فارسەكاندا روویدا، سەبارەت بە كاتەكەى دەوترێت تەمەنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چل ساڵان بووە، دەشوترێت، بەڵكو نزیك بە كاتى جەنگى بەدر روویداوە، پەروێزى گەورەى فارسەكان پاش بەندكردنى نوعمانى كوڕی مونذیر و مردنى نوعمان، سوپایەكى سێ هەزار كەسی نارد بۆ عەرەبەكانى بەكری كوڕی وائیل، پاش روودانى جەنگێكی سەخت تیایدا عەرەبەكان سەركەوتن و فارسەكان شكان.[117]

بەشیری كوڕی ئەككال(رضي الله عنه)

ناوى بەشیری كوڕی ئەككالە،[118] لە پشتیوانانە،[119] ئیبن ئەثير پێی وایە لە ئەوسیەكانە،[120] كونیەكەى بریتی بوو لە ئەبوو ئەیووب.[121]

كوڕێكى هەبوو بە ناوى ئەییوب كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[122]

ئەم هاوەڵە لە مەدینە نیشتەجێ بوو و هەر لەوێ مایەوە.[123]

بەشیر دەڵێت گرفت و ئاژاوەیەك لە نێو بەنى موعاویەدا هەبوو، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چوو تا نێوانیان چاك بكاتەوە، لەو كاتەدا لاى كردەوە بەرەو گۆڕێك و فەرمووى (لا هدیت)، (هەر رێنموونیت بۆ نەبێت)، پرسیار كرا ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوە چی بوو؟ فەرمووى (إن هذا سئل عنى فقال لا أدري[124] (ئەو مردووە لەبارەى منەوە پرسیارى لێكرا لە وەڵامدا وتى نازانم).

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە كەسێك وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بە دایك و باوكمەوە بە قوربانت بم كەس لە نزیكتەوە بەدی ناكەین، ئەویش فەرمووى دام بە لایدا و سەبارەت بە من پرسیاری لێ دەكرا.[125]

 

بەشیری كوڕی ئەنەس(رضي الله عنه)

ناوى بەشیری كوڕی ئەنەسی كوڕی ئومەییەیە،[126] لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، [127] كوڕێكى هەبوو بە ناوى عەبدوڵا.[128]

بەشیری كوڕی ئەنەس یەكێك بوو لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود.[129]

 

بەشیری ئەنصاری(رضي الله عنه)

بەشیر لە پشتیوانانەو لە ڕۆژی بیئر مەعوونەدا شەهید بوو.[130]



[1] - أسد الغابة، ج1، ص 297.

[2] - معجم الصحابة لابن قانع، ج1، ص 93، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 317.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 318.

[4] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 9781، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1137، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 318.

[5] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 7795، قال الحاكم هذا حديث صحيح الإسناد و لم يخرجاه، و وافقه الذهبي و قال في التلخيص (صحيح).

[6] - أسد الغابة، ج1، ص287.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 310.

[8] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 177.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 310.

[10] - معجم الصحابة لابن قانع، ج1، ص 91، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 310.

[11] - أسد الغابة، ج1، ص287-288.

[12] - معجم الصحابة لابن قانع، ج1، ص 91.

[13] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص172، أسد الغابة، ج1، ص291.

[14] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج2، ص652.

[15] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج4، ص1887، الإصابة في تمييز الصحابة، ج8، ص31.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج6، ص440.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص508.

[18] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص362.

[19] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص531.

[20] - أسد الغابة، ج1، ص291.

[21] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص172.

[22] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص221-222، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص118.

[23] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص118.

[24] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 311.

[25] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص120.

[26] - صحيح ابن حبان، الرقم 5181 و اللفظ له، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 11212.

[27] - صحيح مسلم، الرقم 3141، سنن أبي داوود، الرقم 3092.

[28] - صحيح ابن حبان، الرقم 5181 و اللفظ له، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 11212، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5836، صححه الألباني في صحيح الجامع الصغير و زيادته، الرقم 1046.

[29] - صحيح البخاري، الرقم 2467، صحيح مسلم، الرقم 3138، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 6303.

[30] - صحيح البخاري، الرقم 2468، صحيح مسلم، الرقم 3140.

[31] - صحيح البخاري، الرقم 2528.

[32] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص153.

[33] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص182، البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص316، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 311.

[34] - أسد الغابة، ج1، ص291.

[35] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص312.

[36] - أسد الغابة، ج1، ص 291.

[37] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص312.

[38] - أسد الغابة، ج1، ص 291.

[39] - أسد الغابة، ج1، ص 291.

[40] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص312.

[41] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج2، ص500.

[42] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص349.

[43] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج4، ص1740.

[44] - سنن الدارقطنى، الرقم 3104، أسد الغابة، ج1، ص 203، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص137.

[45] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج 3، ص457.

[46] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص349.

[47] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج 3، ص457.

[48] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص349.

[49] - مسند ابن أبي شيبة، الرقم 400، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص21، صحيح ابن حبان، الرقم 4806، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8534، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 9724، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 3764، مسند الطيالسي، الرقم 348، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 5231، صححه الألبانفي في سلسلة الأحاديث الصحيحة، الرقم 2257.

[50] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 6046، المعجم الصغير للطبراني، الرقم 386، أسد الغابة، ج1، ص292.

[51] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص109.

[52] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج 3، ص457.

[53] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص152.

[54] - صحيح البخاري، الرقم 4165.

[55] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص152، أسد الغابة، ج1، ص217.

[56] -الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص152.

[57] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص27.

[58] - أسد الغابة، ج1، ص292.

[59] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص349.

[60] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج 3، ص457.

[61] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص313.

[62] - أسد الغابة، ج1، ص379.

[63] - أسد الغابة، ج1، ص379.

[64] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص313.

[65] - أسد الغابة، ج1، ص 294.

[66] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص173.

[67] - أسد الغابة، ج1، ص 294.

[68] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص173، أسد الغابة، ج1، ص 294.

[69] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص313.

[70] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص173.

[71] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص313.

[72] - أسد الغابة، ج1، ص280.

[73] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص300.

[74] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص300.

[75] - أسد الغابة، ج1، ص296.

[76] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج، ص 314.

[77] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص174.

[78] - شعب الإيمان للبيهقي، الرقم 5562، أسد الغابة، ج1، ص296.

[79] - ئوشنان جۆرێك گیایە كە سەردەمانى زوو بەكار دەهات بۆ شۆردنى دەست و جل و بەرگ. بڕوانە(المعجم الوسيط، ج1، ص19.

[80] - شعب الإيمان للبيهقي، الرقم 5562، أسد الغابة، ج1، ص296، الإصابة في تمييز الصحابة، ج، ص 314.

[81] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج، ص 315.

[82] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص314.

[83] - أسد الغابة، ج1، ص 289.

[84] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 173، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص314.

[85] - أسد الغابة، ج1، ص 289.

[86] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج6، ص 50.

[87] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 174.

[88] - حلية الأولياء لأبي نعيم الأصبهاني، ج2، ص26.

[89] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 315، البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص93.

[90] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 16536، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 21381، المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 1136، المستدرك على الصحيحين، الرقم 2361 و وافقه الذهبي أى صححه، لكن ضعفه الالباني في(تحقيق كلمة الإخلاص و تحقيق معناها، 1/16).

[91] - المطالب العالية لابن حجر العسقلاني، الرقم 4133.

[92] - مەبەست بە ربیعە الفرس ئەوەیە كە نزارى كوڕی مەعد ئەسپێكی هەبوو داى بە رەبیعەى كوڕە گەورەی، بڕوانە: (حلية الأولياء لأبي نعيم الأصبهاني، ج2، ص26.).

[93] - حلية الأولياء لأبي نعيم الأصبهاني، ج2، ص26.

[94] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1125.

[95] - سنن أبي داوود، الرقم 1366، ضعفه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داوود، الرقم 1586.

[96] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص17.

[97] - تأريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص126.

[98] - زاد المعاد في هدي خير العباد لأبن القيم، ج2ص336.

[99] - زاد المعاد في هدي خير العباد لأبن القيم، ج2ص338.

[100] - الأحزاب: 2.

[101] - التوبة: 41.

[102] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17468، صحيح ابن حبان، الرقم 3269، مسند الطيالسي، الرقم 1048، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 7169، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 21724، المعجم الاوسط للطبراني، الرقم 3266، صححه الألباني في غاية المرام في تخريج أحاديث الحلال و الحرام، الرقم 454.

[103] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 23331،  مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 37061، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 14934، قال الشيخ شعيب الأرناؤوط صحيح لغيره، و ضعفه الألباني في السلسلة الضعيفة، الرقم 5915 لأن النهاس بن قهم ضعيف.

[104] - الحجرات: 17.

[105] - أسد الغابة، ج1، ص296.

[106] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج، ص 316.

[107] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 311.

[108] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 311.

[109] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص175، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 311.

[110] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 311.

[111] - أسد الغابة، ج1، ص 290.

[112] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 311.

[113] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 311.

[114] - أسد الغابة، ج1، ص 296.

[115] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص316.

[116] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1226، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1133، ضعفه الألباني في سلسلة الأحاديث الضعيفة، الرقم 579.

[117] - المختصر في تأريخ البشر لأبي الفداء، ج1، ص51.

[118] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 309.

[119] - أسد الغابة، ج1، ص285.

[120] - أسد الغابة، ج1، ص285.

[121] - معجم الصحابة لابن قانع، ج1، ص 96.

[122] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 309.

[123] - أسد الغابة، ج1، ص285.

[124] - معجم الصحابة لابن قانع، ج1، ص 96.

[125] - أسد الغابة، ج1، ص285.

[126] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 176، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 310.

[127] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 310.

[128] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج 8، ص409.

[129] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 176.

[130] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص317.

 2327
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.