دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (عوبەید) بووە

عوبەیدى كوڕی خالیدی سولەمى (رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدى كوڕی خالیدی سولەمیە، خالید دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان دوو كەسەوە، ئەوەبوو یەكێكیان پێش ئەوى تریان مرد، ئێمەش نوێژمان لەسەر كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى چیتان وت؟ وتمان نزامان بۆ كرد و وتمان خوایە لێی خۆش بەو بیگەیەنە بە هاوەڵەكەى، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەى نوێژەكەى ئەو دواى نوێژی ئەو چی و كردەوەكەى پاش كردەوەكەى ئەو چی، نێوانى ئەو دوانە وەك نێوانى ئاسمان و زەوى وایە).[1]

عوبەیدى كوڕی خالیدی موحاریبی (رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدی كوڕی خالیدی موحاریبیە، عوبەید دەڵێت لە مەدینەدا دەچووم بە ڕێدا كە كەسێك وتى (ارفع إزارك، فإنه أبقى وأتقى)، جلەكەت لە قولەپێت بەرزتر بكەرەوە، چونكە ئەوە باشتر دەمێنێتەوەو بۆ تەقوا باشترە، منیش لامكردەوە تەماشام كرد پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەمە عەبایەكی خەتخەتى رەش و سپیە، ئەویش فەرمووى (ئایا من بە پێشەنگ نازانیت؟) سەیری عەباكەیم كرد لە خوارووى ئەژنۆیدا بوو.[2]

عوبەیدى كوڕی زەید(رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدی كوڕی زەیدی كوڕی عامیری كوڕی عەمرە، لە پشتیوانانە خەزرەجیەكانە لە زورقیەكان، لە غەزاى بەدر و ئوحوددا بەشدارى كرد.[3]

عوبەیدى كوڕی زەیدى ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدى كوڕی زەیدەو لە پشتیوانانە، ژنێكی هەبوو بە ناوى ئومموئەنەس، ئەم هاوەڵە لە غەزاى حونەیندا شەهید بوو.[4]

عوبەیدى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدى كوڕی عەمری كیلابیە، عوبەید دەڵێت پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بینی دەستنوێژی دەگرت.[5]

عوبەیدى كوڕی موحەممەد(رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدی كوڕی موحەممەدى موعافیریەو كونیەكەى ئەبووئومەییەیە، دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ژیا تا بەشدارى فەتحى میصری كرد.[6]

عوبەیدى كوڕی موراویح(رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدی كوڕی موراویحى موزەنیە، عوبەید دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە بەقیع دابەزی و خەڵكی دەترسان دوژمن شالاوى كتوپڕ ببات، بانگدەرەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاوارى كرد الله اكبر، منیش وتم ناوێكی گەورەت برد، ئینجا وتى اشهد أن لا الە الا الله، وتم ئەمانە شتێكیان لایە، بۆیە چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و سەبارەت بە ئیسلام پرسیارم لێكرد، لەوێ موسڵمان بووم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فێری دەستنوێژی كردم و نوێژی كردو منیش لە دوایەوە نوێژم كرد.[7]

عوبەیدى كوڕی ئەوس(رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدى كوڕی ئەوسى كوڕی مالیكە، كونیەكەى ئەبوونوعمانە، لە پشتیوانانەو یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر.[8]

عوبەیدى كوڕی ئەوسی ئەشهەلى (رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدی كوڕی ئەوسە، لە پشتیوانانە لە ئەشهەلیەكان، بەشدارى جەنگى یەمامەى كرد و تیایدا شەهید بوو.[9]

عوبەیدی كوڕی تیهان (رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدی كوڕی تیهانە و یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر و دواتریش لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[10]

عوبەیدی كوڕی ثهعلەبە(رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدی كوڕی ثهعلەبەیە، لە پشتیوانانەو یەكێكە لە بەشداربوانى غەزا بەدر.[11]

عوبەیدی كوڕی حوذەیفە(رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدى كوڕی حوذەیفەی كوڕی غانیمى قوڕەیشی عەدویە، كونیەكەى ئەبوجوهمەو زیاتر بەو كونیەى ناسراوە، رایەكیش دەڵێت ناوى عامیرە، یەكێك بوو لە پیاوماقوولآنى ناو قوڕەیش، لە موسڵمانبوانى فەتحى مەككەیە.[12]

باسی لە فەرموودەیەكدا هاتووە كە پەیوەندى هەیە بە كوردەوە، فەرموودەكەش بریتیە لە:

عن عائشة قالت: صلى رسول الله (صلى الله عليه وسلم) في خميصة لها أعلام، فقال: شغلتني أعلام هذه، اذهبوا بها إلى أبي جهم، وأتوني بأنبجانيته، وأخذ كرديا كان لأبي جهم)،[13]

(عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە جلێكی رەشەوە نوێژی دەكرد كە بڕێك گوڵنك و شتى پێوە بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەم گوڵنك و شتانەى ئەم جلەم لە نوێژەكەم سەرقاڵم دەكەن، ئەمە ببەن بۆ ئەبوو جەهم و ئینبیجانیەتەكەى ئەوم بۆ بهێنن، ئەوەبوو جلێكی كوردى ئەبوو جەهمى كردەبەری).

وشەی ئینبیجانیەت وا پێناسەی هاتووە كە جلێكی لە خوری دروست كراو و زۆر زبرە،[14]بەو پێیە بێت دەبێت ئەو جلەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پۆشیویەتى جلێكی وەك شاڵ بووبێت.

عوبەیدی كوڕی سەكەن (رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدی كوڕی سەكەنە، واقیدی هێناویەتى كە ئەم هاوەڵە لە بەشداربوانى غەزاى بەدرە.[15]

عوبەیدی كوڕی سولەیم (رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدی كوڕی سولەیمەو بە ئەبووعامیری ئەشعەری ناسراوە، مامى ئەبوو مووساى ئەشعەریە، ئەم هاوەڵە هەرزوو لە مەككە موسڵمان بوو، دواتر بەشدار بوو لە كۆچكردن بۆ حەبەشەدا.[16]

بەڵام لە بەسەرهاتى كۆچی ئەبوومووساى ئەشعەریەوە بۆمان دەردەكەوێت كە كۆچەكەى ئەبووعامیریش بۆ حەبەشە چۆن بووە:

ئەبوومووساى ئەشعەرى هاودەم بە براكانى و ژمارەیەك لە ئەشعەریەكان هاتە مەككەو لەوێ لەگەڵ ئەبووئوحەیحە هاوپەیمانى بەست، دواتر لەوێ موسڵمان بوو و كۆچی كرد بۆ حەبەشە، رایەكیش دەڵێت بەڵكو نەچوو بۆ حەبەشەو گەڕایەوە بۆ ناوچەی خۆی و دواتر هاودەم بە براكانى كە هات بەرەو مەدینە، لە رێدا گەیشت بەو كۆچەریانەى لە حەبەشەوە دەگەڕانەوەو دەهاتن بۆ مەدینە، رایەكیش دەڵێت بەڵكو لە ناوچەی خۆیانەوە هاودەم بە پەنجا كەس  لە ئەشعەریەكان بەرەو مەدینە دەچوون، بە كەشتیەك چوون، بەڵام رەشەبا كەشتیەكەى بەرەو حەبەشە بردن، ئەوانیش هاودەم بە جەعفەر و یارانى گەڕانەوە بۆ مەدینە.[17]

 ئەبوو مووساى ئەشعەرى دەڵێت كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە غەزاى حونەین بوویەوە، ئەبووعامیری بە سوپایەكەوە نارد بۆ ئەوطاس، منیشی لەگەڵ ئەبوو عامیردا نارد، ئەبووعامیر كە گەیشت بە دورەید خواى گەورە سەركەوتنى بەخشی بە ئەبووعامیر و دورەید كوژرا و هاوەڵانى شكان، بەڵام تیرێك بەر ئەبووعامیر كەوت، منیش خۆم گەیاندە لای و وتم مامەگیان كێ تیری لێدایت؟ ئەویش ئاماژەی كرد بۆ كەسێك و وتى ئەو منى كوشت، منیش كەوتمە شوێنی و خۆم گەیاند پێی و دەموت شەرم ناكەیت رادەكەیت؟ ئەویش وەستا و جەنگاین و من ئەوم كوشت، دواتر بە ئەبوو عامیرم وت خواى گەورە ئەو كەسەی كوشت، ئەبوو عامیر وتى دەی ئەو تیرە لاببە، منیش تیرەكەم لابرد، وتى برازا گیان سەلامم بگەیەنە بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پێی بڵێ داواى لێخۆشبوونم بۆ بكات، ئینجا منى كرد بە بەرپرسی خەڵكەكە، دواى ماوەیەكى كەم ئەبوو عامیر وەفاتى كرد، منیش گەڕامەوەو چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لەسەر راخەرێكی لە دارگەلآ ساز دراو راكشابوو و شوێنەوارى چنراوى راخەرەكە بەسەر پشت و لاكانیەوە بوو، بەسەرهاتەكەم بۆ باسكرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داواى ئاوى كرد و دەستنوێژی گرت و دەستەكانى بەرز كردەوەو فەرمووى (خوایە لە عوبەید ئەبی عامیر خۆش بە) منیش سپیایی بنباڵیم دەبینی، ئینجا نزاى تری كرد و فەرمووى (خوایە لە رۆژی دواییدا لە سەرووى زۆرێك لەو خەڵكە دروستكراوەى خۆتەوە دایبنێ)، منیش وتم نزاى لێخۆشبون بۆ منیش بكە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (خوایە لە تاوانى عەبدوڵاى كوڕی قەیس خۆش بە و رۆژی دوایی جێ و مەقامێكی رێزدارى پێ ببخەشە).[18]

 

عوبەیدی كوڕی عازب(رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدى كوڕی عازبە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، براى بەڕائی كوڕی عازبە.[19]

هەریەك لە عوبەید و ئەوس و عازبی باوكیشی هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بون.[20]

براكانى تری بریتی بوون لە یوونس و عازب و یەحیا، خوشكێكیشی هەبوو بەناوى ئوم عەبدوڵا.[21]

عوبەید لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا یەكێك بوو لەو دە هاوەڵەی كە خەلیفە ناردنى بۆ كووفە تا دین فێری خەڵكەكە بكەن.[22]

عوبەید لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا لە جەنگەكانى جەمەل و صفین و نەهرەواندا لەگەڵ بەرائی برایدا لە سوپاى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا بەشدارى كرد.[23]

عوبەیدی كوڕی مەسعوود(رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدی كوڕی مەسعوودى ساعیدیە، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود و تیایدا شەهید بوو.[24]

عوبەیدی كوڕی موعەللا (رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدی كوڕی موعەللایە، لە پشتیوانانەو یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود و تیایدا شەهید بوو.[25]

عوبەیدی كوڕی یاسر (رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدی كوڕی یاسرەو هاودەم بە كەسێكی تر هاتە خزمە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەسپێكی بە دیارى هێنا بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[26]

عوبەیدی كوڕی ئەبی عوبەید(رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدی كوڕی ئەبی عوبەیدە، لە پشتیوانانە، لە غەزاى بەدر و ئوحود و خەندەقیشدا بەشدارى كرد.[27]



[1] - سنن أبي داود، الرم 2175، السنن الصغرى للنسائي، الرقم 1969، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 2524.

[2] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 9356، مسند احمد بن حنبل، الرقم 22474، ضعفه الألباني في سلسلة الاحاديث الضعيفة، الرقم 1857.

[3] -  أسد الغابة، ج3، ص 558.

[4] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 412.

[5] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 4281.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 417.

[7] - معجم الصحابة لابن قانع، ج2، ص 186.

[8] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 453.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 408.

[10] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 408.

[11] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 408.

[12] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 71.

[13] - سنن أبي داود، كتاب الصلاة، باب النظر في الصلاة، الرقم 793، حسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 915.

[14] - النهاية في غريب الحديث و الأثر، المكتبة العلمية(بيروت – 1979)، ج1، ص 73.

[15] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 412.

[16] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 252.

[17] - أسد الغابة، ج3،ص 376.

[18] - صحيح البخاري، الرقم 4078، صحيح مسلم، الرقم 4658، صحيح ابن حبان، الرقم 7305، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8508، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 7148.

[19] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 414.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص278.

[21] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص365.

[22] - الإصابة في تمييز الصحابة ، ج4، ص 414.

[23] - أسد الغابة، ج1، ص258.

[24] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 418.

[25] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 420.

[26] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 421.

[27] - الإصابة في تمييز الصحابة ، ج4، ص 415.

 1160
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.