دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك ناویان بە پیتی (ح) دەستپێدەكات - بەشی یەكەم

حاصری جنۆكە (رضي الله عنه)

ئەم هاوەڵە جنۆكە بووەو ناوى حاصر بووە، یەكێك بووە لەو وەفدى جنۆكانەى كە لە نصیبینەوە هاتوونەتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).[1]

سەبارەت بە هاوەڵبوونى جنۆكە لە سەرەتاى بەرگی یەكەمدا باسمان كردووە.

حامیەى كوڕی سوبەیع(رضي الله عنه)

ناوى حامیەى كوڕی سوبەیعى ئەسەدیە، لە ساڵی یانزەى كۆچیدا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كردى بە بەرپرسی كۆكردنەوەى صەدەقاتى هۆزەكەى خۆی.[2]

حەببەى كچی عەمر(رضى الله عنها)

ناوى حەببەى كچی عەمرى كوڕی حیصنە، لە پشتیوانانەو چووەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[3]

حەبتە (رضى الله عنها)

ناوى حەبتەیە و دایكى سەعدى كوڕی عومەیرە، واتە هاوسەرەكەى ناوى عومەیر بوو.[4]

حەبتەى كچی جوبەیر(رضى الله عنها)

ئەم ئافرەتە هاتوەتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوو و بەیعەتى پێدا.[5]

حەبحابى ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى حەبحابەو بە ئەبوو عەقیل ناسراوە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە.[6]

جارێك عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف نیوەى سامانى خۆی هێنا بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوە نیوەی سامانەكەمەو هێناومە بۆت و نیوەكەى تریم بۆ ماڵ و مناڵم هێشتوەتەوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بارك الله لك فيما أعطيت و ما أبقيت)، (خوا بەرەكەت بخاتە ئەوەى بەخشیوتەو ئەوەشی هێشتووتەتەوە)، دوورووەكان بە لاچاو و تانەوە سەیریان دەكرد و دەیانوت بەس لەبەر رووپامایی و حەزى ناوبانگ بەخشیویەتى، ئینجا یەكێك لە موسڵمانە هەژارەكان هات كە ناوى حەبحاب بوو، وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من ئەمڕۆ بە دوو بەش خورما كرێكاریم كردووە، بەشێكیم (مشتێك) داناوە بۆ ماڵ و منداڵم و ئەم مشتەشم هێناوە، دوورووەكانیش بە لاچاو سەیریان دەكرد و تانەیان لێدەدا و وتیان خوا و پێغەمبەرەكەى پێویستیان نیە بە مشتەكەى ئەبی عەقیل، ئەوەبوو خواى گەورە ئایەتى دابەزاند(الذين يلمزون المطوعين من المؤمنين في الصدقات والذين لا يجدون الا جهدهم فيسخرون منهم سخر الله منهم ولهم عذاب اليم[7] ئەوەش وەڵامێك بوو بۆ دوورووەكان.[8]

حەجنى كوڕی مورەقیع(رضي الله عنه)

ناوى حەجنى كوڕی مورەقیعى ئەزدیە، وەك وەفد هاتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، عومەیرى كوڕی حارثى ئەزدى دەڵێت لەگەڵ دەستەیەك لە هۆزەكەم چوومە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، لەوانە حەجنى كوڕی مورەقیع ئەبوو سەبرە و میخنەف و عەبدوڵا كە هەردووكیان كوڕی سلیم بوون، هەروەها عەبدشەمسى كوڕی عەفیف كە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ناوەكەى گۆڕی و ناوى نا عەبدوڵا...[9]

حەریش (رضي الله عنه)

ناوى حەریشەو زانیارى لەبارەى باوكیەوە نەهاتووە، حەریش دەڵێت لە گەڵ باوكم لە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بووین كاتێك ماعیز رەجم كرا.[10]

حەریشى كوڕی هیلال (رضي الله عنه)

ناوى حەریشى كوڕی هیلالى قورەیعیە، كەسێكی شاعیر  بوو، چەند دێڕە شیعرێك هاتووە كە بەڵگەن لەسەر هاوەڵبوونى خاوەنەكەى، جا رایەك دەڵێت ئەوانە شیعری حەریشن، رایەكى تریش دەڵێت بەڵكو هی جحافى كوڕی حەكیمن.[11]

 

حەزمى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى حەزمى كوڕی عەمرى واقفیە، ئەم هاوەڵە یەكێكە لەوانەى ئەم ئایەتەیان لەبارەوە دابەزى (لَيْسَ عَلَى الضُّعَفَاءِ وَلا عَلَى الْمَرْضَى وَلا عَلَى الَّذِينَ لا يَجِدُونَ مَا يُنْفِقُونَ حَرَجٌ إِذَا نَصَحُوا لِلَّهِ وَرَسُولِهِ مَا عَلَى الْمُحْسِنِينَ مِنْ سَبِيلٍ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ، وَلا عَلَى الَّذِينَ إِذَا مَا أَتَوْكَ لِتَحْمِلَهُمْ قُلْتَ لا أَجِدُ مَا أَحْمِلُكُمْ عَلَيْهِ تَوَلَّوْا وَأَعْيُنُهُمْ تَفِيضُ مِنَ الدَّمْعِ حَزَنًا أَلا يَجِدُوا مَا يُنْفِقُونَ).[12]

 

حەزمەى كچى قەیس (رضي الله عنه)

ناوى حەزمەى كچى قەیسى فەهریە، خوشكێكی ناوى فاطيمه بوو، برایەكیشی هەبوو بە ناوى ضحاكى كوڕی قەیس.[13]

حەزن (رضي الله عنه)

ناوى حەزنەو باپیرەى سەعیدى كوڕی موسەییبە، لە فەتحى مەككەدا موسڵمان بوو، پاش وەفاتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە جەنگى یەمامەشدا بەشدارى كرد.[14]

سەعیدی كوڕی موسەیب دەڵێت حەزنى باپیرم چوو بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)پێی فەرموو ناوت چیە؟ وتى ناوم (حەزن)ە، فەرمووى بەڵكو تۆ (سەهل)یت، ئەویش وتى ناوێك ناگۆڕم كە باوكم لێی ناوم، ئیبنولموسەیب دەڵێت لەوە بەدواوە هەر خەمبارى لەنێوماندا بوو.[15]

 

حەسسانەى موزەنى (رضي الله عنها)

دایكى باوەڕداران عائیشە دەڵێت: پیرەژنێك هات بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، ئەوكات پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە لاى من بوو، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بەو پیرەژنەى فەرموو تۆ كێیت؟ وتى من جەثثامەى موزەنیم، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى بەڵكو تۆ حەسسانەى موزەنیت، ئێوە چۆنن؟ حاڵتان چۆنە؟ پیرەژنەكەش وتى باشین بەدایك و باوكمەوە بەقوربانت بم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، عائیشە دەڵێت دواتر كە قسەیان تەواو بوو و پیرەژنەكە چوویە دەرەوە، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چۆن بەو گەرموگوڕیە پێشوازیت كرد لەو پیرەژنە؟ خێر بوو وا زۆر بەخوڵك بوویت لەگەڵی؟ فەرمووى (إنها كانت تأتينا زمن خديجة، و إن حسن العهد من الإيمان)، (ئەم ئافرەتە كاتى خۆی كە خەدیجە مابوو دەهات بۆ لامان، وەفاداریش لە ئیمانەوەیە).[16]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) زۆر رێزى ئەم ئافرەتەى دەگرت، رێزی هەموو ئەو ئافرەتانەى تریشی دەگرت كە هاوڕێی خەدیجە بوون، ئەنەسی كوڕی مالیك كە چەندین ساڵ خزمەتكارى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دەكرد دەڵێت كاتێك شتێك دەهێنرا بۆ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (إذهبوا به إلى فلانة فإنها كانت صديقة خديجة[17] (بیبەن بۆ فلآنە ئافرەت چونكە ئەو هاوڕێی خەدیجە بوو).

حەسحاسى كوڕی بەكر(رضي الله عنه)

ناوى حەسحاسى كوڕی بەكری كوڕی عەوفى ئەزدیە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى ئەبولفەيض كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[18]

حەسحاس دەڵێت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (من لقی الله بخمس عوفی من النار: سبحان الله و الحمد لله و ولا إلە إلا الله و الله أكبر)،[19] (هەركەس بە پێنج شتەوە بگاتەوە بە خوا لە دۆزەخ پارێزراو دەبێت: سبحان الله و الحمد لله و ولا إلە إلا الله و الله أكبر).

حەسەنە (رضي الله عنها)

ناوى حەسەنەیە، ئەم ئافرەتە دایكی شورەحبیلی كوڕی حەسەنەیە، واتە شورەحبیلی كوڕی بە ناوى ئەمەوە ناسراوە، حەسەنە ئافرەتێك بوو لە عەدویەكان، مێردەكەى ناوى عەبدوڵاى كوڕی موطاح بوو.[20]

زوبەیر دەڵێت حەسەنە دایكی شورەحبیل نەبووە، بەڵكو شورەحبیلی گرتووەتەخۆ و گەورەى كردووە، بۆیە شورەحبیل لەبرى ناوى باوكى دەدرێتەوە پاڵ حەسەنە.[21]

رایەك هاتووە دەڵێت حەسەنە ژنى سوفیانى كوڕى مەعمەر بوو، لەم مێردەى هەریەك لە خالید و جونادەى بوو، ئینجا سوفیان كۆچی كرد بۆ حەبەشەو هاودەم بە حەسەنەى ژنی و شورەحبیلی كوڕی حەسەنە كە براى دایكیی خالید و جونادە بوو ئەو دوو منداڵەشی لەگەڵ خۆی برد، بەڵام رایەكى تر دەڵێت سوفیان براى دایكیی شورەحبیل بووە،[22] ئیبن ئەثير هێناویەتى كە برا دایكیەكانى بریتی بوون لە جابیر و جونادەو سوفیانیش لە مەككە دایكی شورەحبیلی بەهاوسەرگرتووە.[23]

ئیبن ئەثير روونكردنەوەى داوە كە حەسەنە سەرەتا شووی كردووە بە عەبدوڵا و شورەحبیلی بووە، دواتر شووی كردووە بە سوفیان.[24]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 4.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 8.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 572.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 572.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 572.

[6] - أسد الغابة، ج1، ص 536.

[7] - التوبة: 79.

[8] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2078.

[9] - أسد الغابة، ج4، ص 307.

[10] - أسد الغابة، ج1، ص 587.

[11] - أسد الغابة، ج1، ص 587.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 61.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 580.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 61.

[15] - رواه البخاري، الرقم 5861 و 5864، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 23136، صحيح ابن حبان، الرقم 5918، المعجم الكبير للطبرانى، الرقم 16602.

[16] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 39، شعب الإيمان للبيهقي، الرقم 8796، قال الذهبي في التلخيص صحيح على شرط الشيخين و ليست له علة، كما صححه الألباني في سلسلة الاحاديث الصحيحة، الرقم 216.

[17] - صحيح ابن حبانن الرقم 7117، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 18928، المستدرك على الصحيحين، الرقم 7407، صححه الذهبي في التلخيص، كما صححه الذهبي في سلسلة الأحاديث الصحيحة، الرقم 2818.

[18] - أسد الغابة، ج2، ص 13.

[19] - أسد الغابة، ج2، ص 13

[20] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص 393.

[21] - أسد الغابة، ج2، ص 591.

[22] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 127.

[23] - أسد الغابة، ج1، ص 372.

[24] - أسد الغابة، ج2، ص 591.

 2353
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.