دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  صەفییەى كچی حویەی (دایكى باوەڕداران)(رضي الله عنها)

ناوى صەفییەى كچی حویەی كوڕی ئەخطهبە، هاوسەری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دایكی باوەڕدارانە.

صەفییەى ئافرەتێكی جوولەكە بوو و هاوسەری سەللامى كوڕی میشكەم بوو، دواتر شووی كرد بە كینانەى كوڕی ئەبیلحوقەیق، بەڵام كینانە لەغەزاى خەیبەردا كوژرا.[1]

صەفییە هاودەم بە كچە ئامۆزایەكى بەدیل گیران و بیلال ئەوانى دەهێنا، ئەوانى برد بە لاى كوژراوانى جوولەكەدا، ئامۆزاكەى صەفییە كە ئەوەى بینی دەستى كرد بە قیژو قاو و خۆڵی دەكرد بەسەر سەریدا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەو شەیتانەم لەبەرچاو لابەن)، بەڵام فەرمانى كرد بە دوایدا صەفییە برا، خەڵكی زانییان كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوى بۆ خۆی هەڵبژاردووە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە بیلالى فەرموو (ئەی بیلال مەگەر سۆزت لێ داماڵرابوو وا ئەو دوو ژنەت برد بە لاى كوژراوەكانیاندا؟!).[2]

كاتێك خەیبەر فەتح كراو كەنیزەكەكانیش كۆكرانەوە، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستكەوتەكانى دابەش دەكرد، دیحیەى كوڕی خەلیفە هات بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كەنیزەكێكم پێ ببەخشە، ئەویش فەرمووى (بڕۆ كەنیزەكێك ببە)، دیحیەش چوو صەفییەى كچی حویەی برد كەسێك هات وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چۆن كچی سەرۆك هۆزەكە دەدەیت بە دیحیە، دەبێت بۆ تۆ بێت، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) داواى كرد دیحیە هاودەم بە صەفییە بێت، ئەویش هات، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى لە برى صەفییە كەنیزەكێكی تر هەڵبژێرە، دیحیەش وایكرد و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) صەفییەى ئازاد كرد و مارەی كرد.[3]

صەفییە پێشتر خەوى دیبوو كە مانگ كەوتبوویە ژوورەكەیەوە، ئەوەی بۆ دایكی باسكرد، دایكیشی زللەیەكی دا لە دەموچاوى و وتى تۆ گەردنت درێژ دەبێت تا دەچیتە لاى پاشای عەرەب، ئیتر ئەو شوێن زللەى پێوە دیار بوو تا هاتە لاى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پرسیارى لێكرد بۆ دەموچاوى وایە، ئەویش بەسەرهاتەكەى بۆ باسكرد.[4]

كاتێك صەفییە هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى باوكت بەردەوام لە سەرسەختترینی جوولەكە بوو بەرامبەرم تا خوا كوشتی، صەفییە وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خواى گەورە لە كتێبەكەیدا فەرموویەتى (ولا تزر وازرة وزر أخرى)، كەس باجى تاوانى كەس نادات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو: هەڵبژێرە، ئەگەر ئیسلام هەڵدەبژێریت ئەوە بۆ خۆم دەتهێڵمەوە، ئەگەریش جوولەكایەتى هەڵدەبژێریت ئەوە لەوانەیە ئازادت بكەم و بچیتەوە بۆ لاى كەسوكارت، صەفییە وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بەخوا تاسەی ئیسلامم كردووەو پێش ئەوەى بانگم بكەیت كە هاتم بۆ لات بڕوام بە تۆ هێنا، هەروەها من لەناو جوولەكایەتیدا هیچ باوك و برایەكم نیە، تۆ منت لەنێوان كوفر و ئیسلامدا سەرپشك كرد، جا خوا و پێغەمبەرەكەى (صلى الله عليه وسلم) لە ئازادبوونم و گەڕانەوەم بۆ لاى هۆزەكەم لام خۆشترن، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) هێشتیەوە بۆ خۆی.[5]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە خەیبەر صەفییەی بۆ خۆی هەڵبژارد، لەگەڵ خۆی بردی تا لە سەددورەوحا ْ وەستا و لەوێ گواستیەوە، پاشان بڕێ خواردنى شیر و خورماى لە پارچە پێستەیەكدا ئامادە كرد و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەوانەى دەورت بانگ بكە، ئیتر ئەوە وەلیمەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو بۆ صەفییە، دواتر كە گەیشتنە مەدینە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لاى وشترەكەوە دانیشتبوو و رانى دانابوو، صەفییە قاچی خستە سەر ڕانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا سەركەوت.[6]

جارێك حەفصە بە صەفییەى وت تۆ كچە جوولەكەیت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتە ژوورەوەو صەفییە دەگریا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى بۆچی دەگریت؟ صەفییە وتى حەفصە پێی وتووم كچە جوولەكەم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بە دڵنیاییەوە تۆ كچە پێغەمبەریت و مامیشت پێغەمبەرەو ژنی پێغەمبەرێكیت، ئیتر ئەو بە چی بەرووتدا دەنازێت؟) پاشان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لەخوا بترسە ئەی حەفصە).[7]

صەفییە ئافرەتێكی ژیرو جوان و ئاییندار بوو.[8]

جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە مزگەوت بوو و ژنەكانیشی لای بوون، دواتر ژنەكانى چوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە صەفییەى فەرموو پەلە مەكە تا لەگەڵت بێم، ماڵی صەفییە لە ماڵی ئوسامە بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵی چوویە دەرەوە، دوو كەس لە پشتیوانان پێی گەیشتن و تەماشای پێغەمبەرى خوایان (صلى الله عليه وسلم) كرد، دواتر تێپەڕ بوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەو دوانەى فەرموو (وەرن، ئەمە صەفییەى كچی حویەیە)، ئەوانیش وتیان سوبحانەلآ ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (إن الشيطان يجري من الإنسان مجرى الدم، وإني خشيت أن يلقي في أنفسكما شيئا[9] (شەیتان بە دەمارەكانى خوێنی مرۆڤدا تێدەپەڕێت، منیش ترسام شتێك بخاتە ناختانەوە).

    كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەخۆش بوو و ژنەكانى لە دەورى كۆبوونەوە، صەفییە وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خۆزگە ئەو دەردەى بە تۆوەیە لە من كەوتایە، ژنەكانى تری بە زیتەی چاو سەیریان دەكرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئاو لە دەم رادەن، وتیان لەبەر چی ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)؟ فەرمووى لەو چاو زیت كردنەوەتان لە هاوەڵەكەتان، بەخوا ئەو راستگۆیە.[10]

جارێك ئافرەتێكی خزمەتكارى صەفییە چوو بۆ لاى عومەرى كوڕی خەططاب و وتى صەفییە رۆژانى شەممەى زۆر لا خۆشەویستەو سەردانى جوولەكەكانیش دەكات، عومەریش ناردى بە شوێنیدا و پرسیاری لێكرد، صەفییە وتى سەبارەت بە رۆژی شەممە، لەو كاتەوەى خوا رێنموونى كردوم خۆشەویستیم بۆی نیە، سەبارەت بە سەردانى جوولەكەش، ئەوە من خزم و كەسم هەیە لەنێویاندا، دواتر صەفییە بە كەنیزەكەى وت بۆچی واتكرد؟ وتى شەیتان پێی كردم، صەفییە وتى دەى بڕۆ ئیتر تۆ ئازادیت.[11]

صەفییە لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا پاڵپشتی عوثمان بوو، كاتێك گەمارۆی ماڵی عوثمان درا، صەفییە بە ولآخێكەوە چوو تا بچێت بۆ لاى عوثمان، كەچی ئەشتەر هاتە ڕێی و نەیهێشت، صەفییە وتى بمگێڕنەوە با ئەمە ئابڕووم نەبات، دواتر حەسەنی لەنێوان ماڵی خۆی و عوثماندا داناو خواردن و خواردنەوەى دەنارد بۆ عوثمان.[12]

سەبارەت بە كاتى وەفاتى صەفییە، دەوترێت لە ساڵی سی و شەشی كۆچی وەفاتى كردووە، رایەكیش دەڵێت لە ساڵی پەنجاى كۆچیدا وەفاتى كردووە،[13] رایەكیش دەڵێت لە سەردەمى خیلافەتى موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیان و لە ساڵی پەنجاو دووى كۆچیدا وەفاتى كردووە.[14]



[1] - أسد الغابة، ج7، ص 184.

[2] - أسد الغابة، ج7، ص 184.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 367، صحيح مسلم، الرقم 2639.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 739.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 123.

[6] - صحيح البخاري، الرقم 2142.

[7] - صحيح ابن حبان، الرقم 7318، سنن الترمذي، الرقم 3911 و قال حسن صحيح، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12149، صححه شعيب الأرناؤوط، كما صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 3894.

[8] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 232.

[9] - صحيح البخاري، الرقم 1950,

[10] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 313، حسنه ابن حجر في الإصابة، ج7، ص 741.

[11] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 233.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 741.

[13] -سير أعلام النبلاء، ج2، ص 235.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 741.

 1372
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.