دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عومەرى كوڕی خەططاب(رضي الله عنه) - بەشی دووەم

غەزاى بەدر

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەرچوو بۆ بەدر، پێش غەزاكە راى خەڵكی وەرگرت و فەرمووى راتان چیە؟ ئەبووبەكرى صدیق وتى ئەی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بیستوومانە ئەوان-قوڕەیش لە فلآنە شوێنن، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە خەڵكەكەى فەرموو راتان چیە؟ ئەمجار عومەرى كوڕی خەططاب هەمان قسەی ئەبووبەكری كرد.[1]

پێش ئەوەى جەنگى بەدر رووبدات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە هاوەڵانى فەرموو هەركەس عەبباسی بینی نەیكوژێت چونكە بە نابەدڵی دەرچووە،[2] ئەبووحوذەیفە وتى یانى باوك و كوڕ و براى خۆمان بكوژین و عەبباس نەكوژین؟! بەخوا بگەم پێی بە شمشێر پارچە پارچەی دەكەم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ئەوەی بیستەوە، بە عومەرى فەرموو (ئەی ئەبووحەفص رەوایە بە شمشێر بدرێت لە دەموچاوى مامى پێغەمبەرى خوا؟)، عومەر وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتم بدە بە شمشێر بدەم لە گەردنى ئەو كابرایە، ئەوە موافیق بووە، بەڵام ئەبووحوذەیفە پەشیمان بوو لەو قسەی دەیكرد و دواتریش هەمیشە دەیوت هیچ كات دڵنیا نیم لەو قسەی ئەو رۆژە كردم و هیوام وایە تەنها شەهیدبوونم ئەو تاوانەم لەسەر بسڕێتەوە.[3]

كە دواتر موسڵمانان سەركەوتن و نزیكەی حەفتا كەسیان بەدیل گرت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) راى ئەبووبەكر و عومەرى وەرگرت سەبارەت بە دیلەكان، ئەبووبەكر وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئەوانە لە هۆزى خۆت و ئامۆزایانى خۆتن، پێم وایە بە لەبریتی ئازادیان بكەیت، بەوە ئەو دەستكەوتە دەبێت بە هێز بۆ ئێمە دژ بە بێباوەڕان، بەڵكو خواى گەورەش رێنموونیان بكات بۆ ئیسلام، بەڵام عومەر وتى نابەخوا ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، من راكەى ئەبووبەكرم نیەو پێم وایە بدەین لە گەردنیان، عەلى عەقیل بگرێت و بدات لە گەردنى، منیش فلآنە خزمى خۆم بگرم و بدەم لە گەردنى، ئەوانە رێبەرانى كوفرن، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) راكەى ئەبووبەكری بەدڵ بوو، بۆ بەیانیەكەى عومەر چوو دەبینێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر دانیشتون و دەگرین، عومەر وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بۆچی دەگرین؟ با ئەگەر كرا منیش بگریم و ئەگەریش گریانم بۆ نەهات بۆ گریانەكەى ئێوە بگریم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بۆ ئەوە دەگریم كە هاوەڵەكانت وتیان با لەبریتی وەربگرین لێیان، لە خوارووى ئەو درەختەوە-درەختێكی نزیك لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو- سزاى ئەوانەم بۆ خرایەڕوو-) ئەوەبوو خواى گەورە ئایەتى دابەزاندە خوارەوە(ما كان لنبی أن یكون لە أسرى...).[4]

سوهەیلى كوڕی عەمر لە غەزاى بەدردا دژ بە موسڵمانان بەشدارى كرد و بەدیل گیرا، عومەر داواى دەرفەتى لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كرد تا بیكوژێت، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (وازى لێ بهێنە ئەی عومەر، لەوانەیە لە شوێن و بارێكدا بیبینیت لەسەر ئەو بارەى سوپاسی بكەیت).[5]

 

غەزاى ئوحود

لە غەزاى ئوحوددا هەریەك لە عومەر و زەید پێكەوە بەشدارى غەزاكە بوون، لە گەرمەى جەنگەكەدا بوون كە عومەر قەڵغانەكەى خۆی دا بە زەید و وتى براگیان ئەم قەڵغانە بگرە، زەیدیش وتى منیش هەمان ئەو شەهیدیەم دەوێت كە تۆ دەتەوێت، بۆیە هیچكامیان قەڵغانەكەیان بەكارنەهێنا.[6]

كاتێك موسڵمانان لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بلآوەیان كرد، یەكێك لەوانەى لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مایەوە عومەرى كوڕی خەططاب بوو، كەوتنە دوورخستنەوەى بێباوەڕان تا گەیشتنە بەرزایی شاخەكە.[7]

كاتێك موسڵمانان شكان و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵانێك چوونە بەرزایی شاخەكەوە، ئەبووسوفیان هاوارى دەكرد ئەرێ موحەممەد لەنێوتاندایە؟ سێ جار ئەو هاوارەى كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو كەس وەڵامى نەداتەوە، دواتر وتى ئەری كوڕەكەى ئەبی قوحافەتان لەنێودایە؟ سێ جار ئەوەشی وت و كەس وەڵامى نەدایەوە، پاشان سێ جار وتى ئەرێ كوڕەكەى خەططابتان لەنێودایە؟ ئینجا چوویەوە بۆ لاى هاوەڵەكانى و وتى ئەوانە هەموویان كوژراون، ئیتر عومەر خۆی پێ نەگیرا و وتى ئەی دوژمنى خوا بەخوا درۆ دەكەیت، ئەوانەى ناوت بردن هەموویان زیندوون، ئەوەى تۆ پێی دڵگرانیت ماوە، ئەبووسوفیان وتى رۆژ بە رۆژە، ئەمڕۆلەبری بەدر، جەنگ نۆرەیە، پاشان هاوارى دەكرد پایەدار بێت هوبەل، پایەدار بێت هوبەل، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى بۆوەڵامى نادەنەوە؟ وتیان چی بڵێین ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)؟ فەرمووى بڵێن ( خوا پایەدارترە)، ئەویش وتى ئێمە عوززامان هەیەو ئێوە نیتانە، پغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى بۆ وەڵامى نادەنەوە؟ وتیان چی بڵێین ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)؟ فەرمووی بڵێن (خوا پشت و پەنامانەو ئێوە هیچ پشت و پەنایەكتان نیە).[8]

لە ساڵی سێیەمى كۆچیدا عومەرى كوڕی خەططاب حەفصەی كچی مارە كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).

كاتێك حەفصە بێوەژن كەوت، عومەرى باوكى بڕیاری دا مێردێكی باش بدۆزێتەوە بۆ كچەكەى، بۆیە پێشنیازى كرد بۆ ئەبووبەكر تا بەهاوسەری بگرێت، بەڵام ئەبووبەكر رەزامەندى دەرنەبڕی، ئینجا پێشنیازى كرد بۆ عومەر، ئەویش رەزامەندى دەرنەبڕی و وتى بڕوام نیە بتوانم ئەم ماوە ژن بهێنم، عومەریش بەوە دڵتەنگ بوو و جۆرێك لە بێتاقەتى روى تێكرد و چوو لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سكالآى كرد كە چی روویداوە، ئەویش فەرمووى (يتزوج حفصة من هو خير من عثمان و يتزوج عثمان من هي خير من حفصة)، (كەسی باشتر لە عوثمان حەفصە بەهاوسەر دەگرێت و عوثمانیش كەسی باشتر لە حەفصە بەهاوسەر دەگرێت)، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داواى حەفصەى كرد و بەهاوسەری گرت، دواتر كە ئەبووبەكر عومەرى بینی وتى دڵت شتێك نەكات بەرامبەرم، من بیستبووم كە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) باسی حەفصەی دەكرد، بۆیە –ئەمەشم پێ نەوتیت- وتم با نهێنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئاشكرا نەكەم، بە دڵنیاییشەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەفصەی بەهاوسەر نەگرتایە من داوام دەكرد و بەهاوسەرم دەگرت.[9]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ویستی حەفصەی كچی عومەر تەلآق بدات، عومەر هەڵوێستێكى ورد و ژیرانەى نواند.

عومەرى كوڕی خەططاب دەڵێت من و دراوسێیەكى پشتیوانیم كە لە سەرووى شارى مەدینەوە بووین هەر رۆژەو یەكێكمان دادەبەزى بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئیتر ئەوەمان دەچوو هەواڵی سروش و پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دەهێنا بۆ ئەوى ترمان، جارێك كە سەرەى پشتیوانیەكە بوو، گەڕایەوەو بە توندى داى لە دەرگا و منیش تەواو ترسام، وتى شتێكی گەورە روویداوە، مەسەلەكەى بۆ باس كرد، منیش چووم بۆ لاى حەفصەو بینیم دەگری، وتم ئایا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەلآقی داون؟ ئەویش وتى نازانم، ئینجا چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هەر بە پێوە وەستابووم وتم ئایا ژنەكانت تەلآق داون؟ ئەویش فەرمووى نا، منیش وتم الله أكبر.[10]

جیا لەو رووداوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەلآقێكی حەفصەی دا، دواتر گێڕایەوە بۆ لاى خۆی، چونكە جبرەئیل هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پێی فەرموو (راجع حفصة، فإنها صوامة قوامة، و إنها زوجتك في الجنة)،[11] (حەفصە بگێڕەوە، چونكە ئەو زۆر رۆژووگر و زۆر شەونوێژكەرە، هەروەها ئەو هاوسەرت دەبێت لە بەهەشتدا).

كاتێك حەفصە تەلآق درابوو، عومەر چوو بۆ لاى و بینی حەفصە دەگری، وتى بۆچی دەگریت؟ لەبەرئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەلآقی داویت؟ ئەو تەلآقی داویت و لەبەر من دەتگێڕێتەوە، دە بەخوا ئەگەر جارێكى تر تەلآقت بدات هەرگیزاو هەرگیز قسەت لەگەڵ ناكەم.[12]

حەفصە دەڵێت رۆژێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵەوە بوو و جلەكەى خستبووە نێوان رانەكانى، ئەوەبوو ئەبووبەكر هات و داواى مۆڵەتى كرد و مۆڵەتى پێدراو هاتە ژوورەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەروەك خۆی مایەوەو خۆی تێكنەدا، ئینجا عومەریش هات و هەمان شت روویدا، ئینجا عەلى هات و هەمان شت روویدا، ئینجا هاوەڵانێكی تر هاتن و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هیچ خۆی تێكنەدا و هەر لەو شێوەى خۆیدا مایەوە، ئینجا عوثمان هات و داواى مۆڵەتى كرد، مۆڵەتى پێدرا تا بێتەژوورەوە، خێرا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جلەكانى رێككرد، ئینجا كەوتنە قسەكردن و پاش ماوەیەك خەڵكەكە چوون، منیش وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەبووبەكر و عومەرى و عەلى و ئەو هاوەڵانەى تر هاتن تۆ هیچ خۆت تێكنەدا، كەچی كە عوثمان هات خێرا خۆت كۆكردەوەو جلەكانت رێككرد، ئەویش فەرمووى: (ألا أستحيي ممن تستحيي منه الملائكة[13] (ئایا شەرم نەكەم لە كەسێك كە فریشتە شەرمی لێ دەكات)

 

غەزاى خەندەق

عومەر لە غەزاى خەندەقیشدا بەشدارى كرد، سەرقاڵبوونى بە رێگرتن لە هاتنەناوەوەى بێباوەڕان زۆر سەرقاڵی كرد، بۆیە هاتە ژوورەوەو خۆر ئاوا بووبوو، كەوتە قسەوتن بە بێباوەڕانى قوڕەیش و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من نوێژم دەكرد تا خۆر ئاوا بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى منیش هێشتا نوێژی عەسرم نەكردووە.[14]

دواى ئەوەش كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ هێرشی بەنی قورەيضه، عومەریش بەشدارى تێدا كرد، تیایدا سەعدى كوڕی موعاذ بریندار بوو، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ لاى سەعدى كوڕی موعاذ، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باوەشی پێدا كرد و خوێن بەسەر پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دەچۆڕا، كە ئەبووبەكر هات و ئەوەی بینی وتى وەى پشتی شكاوم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى وس ئەی ئەبووبەكر، دواتر عومەر هات كە ئەو بارەى بینی وتى إنا لله و إنا إلیە راجعون.[15]

رێككەوتنى حودەیبیە

هەروەها عومەرى كوڕی خەططاب لە رێككەوتنى حودەیبیەشدا بەشدارى كرد، جا كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ویستی نێردراوێك بنێرێت بۆ ناو قوڕەیش تا پەیامى پێغەمبەرى خوایان (صلى الله عليه وسلم) پێ بگەیەنێت كە تەنها بۆ عومرە هاتون، پێشنیازى كرد عومەر بچێت، عومەر وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من دەترسم قوڕەیش بمكوژن چونكە كەس لە بەنى عەددى لە مەككە نەماون بەرگریم لێ بكەن و دەشزانیت قوڕەیش چەندە دژایەتیم دەكەن، بەڵام كەسێكت پێ دەڵێم كە زۆر لە من باشترە بۆ ئەوە، ئەویش عوثمانى كوڕی عەففانە، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێشنیازەكەى عومەرى وەرگرت و عوثمانى نارد.[16]

دواتریش لە كاتى نووسینی رێككەوتنەكەدا عومەر ئامادەیی هەبوو و یەكێك بوو لە شایەتەكان.[17]

لە مانگى شەعبانى ساڵی حەوتەمى كۆچیدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سی سوارى لەگەڵ عومەرى كوڕی خەططابدا نارد بۆ ناوچەی توربە كە چوار میل لە مەككەوە دوور بوو،[18] كە گەیشتنە ئەوێ هەموو رایانكرد، عومەریش گەڕایەوە بۆ مەدینە، جا پێی وترا ئەی بۆ هێرشت نەكردە سەر خەثعهمیەكان، عومەریش وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێدام تەنها جەنگى هەوەزانیەكان لە خاكى خۆیاندا بكەم.[19]

لە ساڵی هەشتەمى كۆچیشدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سریەیەكی بە سەركردایەتى ئەبووعوبەیدەی كوڕی جەراح نارد بۆ ناوچەی (الخبط)و عومەرى كوڕی خەططابیش تیایدا بەشدار بوو.[20]

لە فەتحى مەككەدا

كاتێك قوڕەیشیەكان پەیمانیان شكاند و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕیاریدا هێرش بباتە سەر مەككە و فەتحى بكات، ئەبووسوفیان هات تا رێككەوتنەكە درێژ بكاتەوە، كە چووە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وەڵامى نەدایەوە، بۆیە چوو تكاى لە ئەبووبەكر و عومەر و عەلى كرد تا لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سكالآى بۆ بكەن، ئەوەبوو كە چوو بۆ لاى عەلى حەسەنى كوڕی عەلى منداڵێك بوو لەبەردەمیدا یارى ئەكرد، عەلیش وەك ئەوانى تر ئەبووسوفیانى بێهیوا كرد و وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕیارێكی داوە كە كەسمان بۆی نیە قسەی تێدا بكات.[21]

لە شەوی فەتحى مەككەدا عەبباس بە ئەبووسوفیانى وت ماڵوێران سەركەوە با بتبەم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و داواى پەنات بۆ بكەم، ئەبووسوفیانیش لە دواى عەبباسەوە سەركەوت، بەردەوام دەیاندا بە لاى ئاگرى موسڵماناندا و یەك یەك عەبباس دەستەكانى پێ دەناساند، كە گەیشتە لاى ئاگرەكەى عومەرى كوڕی خەططاب، عومەر چوو و ئەبووسوفیانى بینی، وتى ئەبوسوفیان، ئەی دوژمنى خوا، سوپاس بۆ خوا كە بێ بوونى پەنا و بەڵێنێك تۆی خستە بەردەستم، ویستی بیكوژێت كە عەبباس نەیهێشت، عومەر بەوەوە نەوەستا لەگەڵیان چوو تا گەیشتنە لاى پغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەمە دوژمنەكەى خوا بێ بوونى پەنا و بەڵێنێك كەوتووەتە بەردەستم، دەرفەت بدە تا بدەم لە گەردنى، عەبباس وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) من پەنام داوە، ئینجا عەبباس وتى ئەی عومەر ئیتر بەسە، ئەگەر ئەمە كەسێك بوایە لە بەنى عددى وات نەدەوت، بەڵام دەزانیت لە بەنی عەبدمەنافە وا دەڵێیت، عومەر وتى راوەستە عەبباس، سوێند بەخوا موسڵمانبوونەكەى تۆم لە موسڵمانبوونى خەططاب لا خۆشتر بوو، چونكە دەمزانى موسڵمان بووى تۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە موسڵمانبوونى خەططاب خۆشترە، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەی عەبباس بیبە بۆ لاى خۆت و كە بەیانى هات بیهێنە بۆ لام، بۆ بەیانى عباس ئەبووسوفیانى هێنایەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ماڵت وێران بێت ئەبووسوفیان ئیتر كاتى نەهاتووە بزانیت هیچ پەرستراوێ نیە جگە لە خودا؟! ئەبووسوفیان وتى بە دایكو باوكمەوە بەقوربانت بم چەندە لەسەرخۆ و خزم دۆست و بەخشندەیت،عەبباسیش وتى ماڵوێران دەی موسڵمان بە پێش ئەوەى بدات لە گەردنت، ئەبووسوفیانیش شایەتومانى هێنا.[22]

زەیدى براى عومەر دەڵێت رۆژی فەتحى مەككە لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەرەو گۆڕستانەكان دەرچووین، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لاى گۆڕێك دانیشت و دەمانبینی دەتوت قسەى لەگەڵ دەكات، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەستا و فرمێسكی لە چاوانى دەسڕی، عومەرى برام پێش هەموومان پێی گەیشت و پێی وت بەدایك و باوكمەوە بەقوربانت بم بۆچی دەگریت؟ فەرمووى (داواى مۆڵەتم كرد لە پەروەردگارم لە سەردانى گۆڕی دایكم لەبەرئەوەى دایك بووەو مافی بەسەرمەوە هەیە داوام كرد داواى لێخۆشبوونى بۆ بكەم، بەڵام پەروەردگارم رێی پێنەدام)، پاشان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە ئاماژەیەك پێی راگەیاندین دابنیشین، ئێمەش دانیشتین، ئینجا فەرمووى (من پێشتر رێگریم لێكردبون لە سەردانى گۆڕ، جا –لەمەودوا- هەركامتان ویستى سەردانى گۆڕ بكات با بیكات،...).[23]

دواى فەتحى مەككە خەڵكی كۆبووەوە تا بەیعەت بدەن بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، عومەریش لە خوارووى كۆڕەكەوە بوو و بەیعەتى لە خەڵكەكە وەردەگرت بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[24]

بەشدارى لە سوپاكەى ئوسامەدا

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كۆتا رۆژەكانى تەمەنیدا بوو، رۆژی چوارشەممەكەى تاو نارەحەتى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) داگرت، بەڵام رۆژی پێنج شەممە خۆی چوو ئالآكەى دایە دەست ئوسامەى كوڕی زەید تا هێرش ببەنە سەر رۆم، لەنێو سوپاكەیدا ئەبووبەكرى صدیق و عومەرى كوڕی خەطاب و ئەبوو عوبەیدەى كوڕی جەراح و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص و چەندین هاوەڵی تری گەورە هەبوون، لەسەر ئەوە كەسانێ نارەزاییان دەربڕی، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەواو توورەبوو و لەتاو ئازاریش سەری بەستبوو، چوویە سەر مینبەر و سوپاس و ستایشی خواى كرد و دواتر فەرمووى (پاشان ئەى خەڵكینە ئەو قسەو باسە چیە پێم گەیشتوەتەوە لە هەندێكتان سەبارەت بەوەى ئوسامەم بە ئەمیر داناوە، ئەگەر تانە دەدەن لە ئەمیرایەتى ئوسامە پێشتریش تانەتان دا لەوەى باوكیم بە ئەمیر دانا، ئەرێ بەخوا ئەو كەسە بۆ ئەمیرایەتى دروست كرابووو دواى خۆیشی كوڕەكەشی بۆ ئەمیرایەتى دروست كراوە...)[25]



[1] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 35978.

[2] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 284.

[3] - المستدركعلى الصحيحين، الرقم 4941.

[4] - صحيح مسلم، الرقم 3396.

[5] - أسد الغابة، ج2، ص 557.

[6] - المعجم الاوسط للطبراني، الرقم 5402.

[7] - البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص 35- 36.

[8] - صحيح البخاري، الرقم 2895.

[9] - صحيح البخاري، الرقم 3802، مسند احمد بن حنبل، الرقم 4647، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 7، سير أعلام النبلاء، ج2، ص 228.

[10] - صحيح البخاري، الرقم 89.

[11] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6799، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 15721، سكت عنه الذهبي في التلخيص، صال الألباني أما تطليقه لحفصة و كونه أمر بإرجاعها صحيح، أما قول جبريل(راجعها...) حسن، انظ سلسلة الاحاديث الصحيحة، الرقم 2007،

[12] - صحيح ابن حبان، الرقم 4338، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 161، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 19199، قال شعيب الأرناؤوط إسناده جيد، قال الألباني في سلسلة الأحاديث الصحيحة الرقم 2007 فلا يفرح بمتابعته. وللحديث شواهد مختصرة.

[13] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 25892، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 3017، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 19249.

[14] - صحيح البخاري، الرقم 580، صحيح مسلم، الرقم 1034.

[15] - فضائل الصحابة لأحمد بن حنبل، الرقم 1449.

[16] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص 167.

[17] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص 169.

[18] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 117.

[19] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص 221.

[20] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 132.

[21] - تاريخ الطبري، ج2، ص 154.

[22] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 290.

[23] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4512.

[24] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص 319.

[25] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص190.

 748
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2023 All Rights Reserved.
© Copyright 2023 All Rights Reserved.